ڕوونبین
دانیشتوانی گوندی گوجاڕ کە سەر بە ناحیەی بجیلە ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠٢١/٢/٢١جارێکی تر نارەزاییان دەربڕی دژی کۆمپانیای رۆسنەفتی روسی و ڕیگەی هاتوچۆی کەمپی کۆمپانیاکەیان گرت . خەڵکەکە ناڕازییە لەوەی کۆمپانیاکە خەڵکی ناوچەکە دانامەزرێنن و کاریان پێ نادەن.
ناوچەی گرێبەستی بجیل لە ساڵی ٢٠١٨ وە کۆمپانیای رۆسنەفت کاری تیادا دەکات و بەپێی لێدوانی دانیشتوانی گوندەکە پێشتر چەند گوندنشینێک دامەزرابوون بۆ کارکردن لە گەڵ کۆمانیاکەدا بەڵام لە ساڵی پارەوە هەمویان دەرکراون، هەروەها دەڵین کۆمپانیاکە لە شارو شارۆچکەکانی ترەوە کرێکار دەهێنێت و خەڵکی ناوچەکە دانامەزرێنێت. کەمپی کێڵگەکە چەند سەد مەترێک لە گوندەکەوە دورە، وەکو دانیشتوانی گوندەکە دەڵێن تەنها بۆن و دەنگەدەنگی ئامێرەکان و خراپی ڕێگاوبان ونارەحەتییەکانی بۆئێمەیە و خەڵکی تر سودمەندە لە کۆمپانیاکە.
دانیشتوانی گوندی گوجاڕ پێش ٣ ڕۆژ ناڕەزاییان دەربڕی و کۆمپانیا نەوتییەکە داوای دوو ڕۆژ مۆڵەتی لە خۆپیشاندەران کردبوو، ئەمڕۆ وەڵامیان دابونەوە کە چەند کەسێک دادەمەزرێنن بە موچەی ٤٥٠ دۆلار بەڵام ٣ مانگ جارێک موچەیان دەدەنێ. بەڕێوەبەری ناحییەی بجیل دەڵێت مەبەست لە سی مانگ جارێک ئەوەیە ٢١ رۆژ دەوام دەکەن و ٤٢ رۆژ لەماڵەوە دەبن . بەمانایاکی تر لە ٣ مانگدا ٢١ رۆژ کاریان پێ دەدرێت.
سەکتەری نەوت سەکتەرێکە زیاتر پشت بەکەسانی پسپۆڕ دەبەستێت بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەندێ پۆست هەیە کە پێویستی بە شارەزایی و پسپۆڕی نییە بۆ نمونە شۆفێری، کرێکاری بۆ کارە شارستانییەکان ، پاسەوانی و چێشت لێنان… کە پێویستە ئەو جۆرە ئەوکارانە بەخەڵی ناوچەکە بدرێت وە ئەگەر خەڵکی پسپۆڕ و تەکنیکیان هەبوو دەبێت خەڵکی ناوچەکە لە پێشینەی کەسانی ترەوە بن.
بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی CSR واتە ئەوبەرپرسیاریەتیەی کە کۆمپانیا هەیەتی بەرانبەر ژینگە،خەڵک و حکومەتی ناوچەیی . بەمانایەکی تر قەرەبووی ناوچەکە دەکرێتەوە لە و زیانەی بە ناوچەکە و خەڵکە کە دەگات لە ڕێگەی تەرخانکردنی بڕە پارەیەکەوە لەلایەن کۆمپانیاکەوە بۆ بوژاندنەوەی ژێرخانی ناوچەکە ڕێگاوبان و خزمەت گوزاری تر و پاراستنی ژینگەی ناوچەکە ..هتد لەکۆتاییدا سودگەیاندن بە کۆمەڵگا بەشێوەیەکی گشتی. بۆیە پێویست دەکات لە خزمەت بوژانەوەی ژێرخانی ناوچەکە بەکار بهێنرێت تاوەکو خەڵکی ئەو ناوچەی کە نەوت یان گازی تیا بەرهەم دێت هەست بە وەنەکەن کە ستەمیان لێدەکرێت مافیان پێ نادرێت.
ئەم روداوەی ئاکرێ یەکەم جار نییە ڕوودەدات بەڵکو لەمانگی ئابی ٢٠١٩ دا خەڵکی گوندەکانی ئەو ناوچەیە ناڕەزایەتیان دەربڕی لە پێناو ڕەخساندنی هەلی کار بۆیان بەڵام پشێوی لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزی پۆلیسدا دروست بوو دەرئەنجام برینداریی لێ کەوتەوە ، هەروەها لە چەند ساڵی ڕابوردودا لە چەند ناوچەیەکی تریش ڕوداوی هاوشێوە ڕویان داوە بۆ نمونە لە ناوچەی قەرەداغ و چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی.
ئەم ڕوداوانە ئاماژەی باش نییە و ئەگەر چارەنەکرێت وە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە و روون و وورد مامەڵە لەگەڵ کێشەی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتیدا نەکرێت لە ئایندەدا ئەگەری تەشەنە سەندن دوبارە بوونەوە ی لە شوێنی تر هەیە وە ئەکرێت کێشەی جدی بۆ حکومەت و کۆمپانیا نەوتییەکان دروست بکات.بۆیە ئەرکی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە نزیکەوە بەدواداچوون بکات پێویستە ئەو پەیامانە بە هەند وەربگرێت وئەو غوبنەی کە هەستی پێدەکرێت نەهێڵێت.