ڕوونبین
بەپێی وتەی جێگری سەرۆک وەزیری ڕوسیا، لەماوەی ئەمساڵدا نرخی نەوت هاوسەنگی بۆگەڕاوەتەوە دوای ئەوەی لەساڵی ڕابوردودا بەدۆخێکی ناجێگیردا تێ پەڕی بە هۆی بڵاوبونەوەی کۆڤید ١٩ و کەمبوونەی خواست لەسەر نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان.
جێگری سەرۆک وەزیری ڕوسیا ئەلێکساندەر نۆڤاک لەچاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا وتی “لەم چەند مانگەی ڕابردوودا بەرزو نزمی کەممان بینی لەنرخی نەوتدا، واتە بازاڕ هاوسەنگە، ئەو نرخانەی ئەمڕۆ دەیانبینین بێگومان لەگەڵ دۆخی بازاڕدا گونجاوە” نۆڤاک پێشتر وەزیری وزە بوو تاوەکو ڤلادیمیر پوتین سەرۆک کۆمار لە مانگی تشرینی دووەم ٢٠٢٠دا پلەی بەرزکردەوە بۆ جێگری سەرۆک وەزیر، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوامە لە سەرپەرشتی کردنی مەلەفی پەیوەندی لەگەڵ هاوپەیمانی ئۆپیک پلەسدا. هەروەها نۆڤاک ووتی ” تێکڕای نرخی نەوتی خاو دەکرێت لە مساڵدا لە نێوان ٤٥ بۆ ٦٠ دۆلار بێت بۆ هەر بەرمیلێک ” .
ڕوسیا لەگەڵ ئەوەی خوازیارە نرخی نەوت بەرزببێتەوە بەڵام هەمیشە بە هۆشدارییەوە مامەڵە دەکات و ترسی بوژانەوەی نەوتی شێڵی ئەمریکای هەیە . ئەم لێدوانەی نۆڤاک هاوشێوەی لێدوانێکی ترییەتی کە لەپێش هەرەس هێنانی نرخی نەوت لەمانگی نیساندا وتی “ڕوسیا ڕازییە بەنرخی ئێستای نەوت” و پاشتر ئامادە نەبوو بەرهەم کەم کاتەوە. هەرچەند بارودۆخەکەی ئێستا جیاوازە و لە دوای تاقیکردنەوەیەکی تاڵەوەیە بۆنرخی نەوت کە بەهۆی ئەو سەرکەشییەی ڕوسیا و سعودییەوە کردیان نرخی نەوت بۆ نزمترین ئاست دابەزی بەدور دەزانرێت جارێکی تر سەرکەشی وابکرێتەوە بەڵام لە بازاڕی نەوت دا همیشە ئامڕازەکانی سەرسوڕمان (مفاجئة) و سەرکەشی بونی هەیە. بۆیە دەبینین زۆربەی جار پێشبینییەکان وەکو خۆی دەرناچن.
نرخی نەوت لەسەرتای ساڵەوە رێژەی٢١٪ بەهای بۆگەڕاوەتەوە. ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢١/٢/١٥ لەگەڵ کردنەوەی بازاڕدا نرخی خاوی برێنت بۆ ٦٣٫٧٦ دۆلار بەرزبویەوە و پاشتر لە ٦٣٫٤٥ دۆلاردا جێگیر بوو، هەروەها خاوی تەکساس بۆ ٦٠٫٩٥ دۆلار بەرزبویەوە و دواتر لە ٦٠٫٧٠ دۆلاردا جێگیر بویەوە . لەماوەی ١٣ مانگی ڕابوردودا بەرزترین نرخە.
هاوپەیمانی ئۆپیک پلەس کە لە ٢٣ وڵات پێک دێن ڕایانگەیاندووە دەیانەوێت بەزوترین کات ئەو نەوتەی لەماوەی بڵاوبونەوەی پەتای کرۆنادا کەڵەکە بووە خۆیانی لێ ڕزگار بکەن، لەڕێگەی کەم کردنەوەی خستنە ڕووی نەوتەوە کە لە مانگی نیشانی ڕابوردوودا لەسەری ڕێکەوتوون. ئاستی پابەندی ئەندامەکان لەماوەی ڕابوردودا زۆر بەرز بووە.
بەرهەمی نەوتی ڕوسی لە مانگی کانوونی دووەم دا ١٢٥ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا زیادی کردووە هەروەها وا دانراوە لە مانگی شوبات و ئازاردا بڕی ٦٥ هەزار بەرمیلی دیکە لە ڕۆژێکدا بەرهەم زیاد بکەن.
نۆڤاک گوتیشی دروستکردنی بۆری غازی سروشتی نۆرد ستریم ٢ بەردەوام دەبێت ، سەرەڕای هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ دواخستنی . لەمانگی تشرینی دووەمەوە کار کردن لەسەر ئەو هێڵە دەستی پێکردوە تەوە کە بڕیار بوو لە ڕێگەی دەریای باڵتیکەوە غاز لە ڕووسیاوە بگوازێتەوە بۆ ئەڵمانیا.