یادگار سدیق گەڵاڵی
لە بلۆکی نەوتی سەرسەنگ حکومەتی هەرێم لەگەڵ هەریەک لەکۆمپانیاکانی ئێچ کەی ئێن ئەمەریکی و تۆتاڵی فەرەنسی خاوەن پشکن. لەماوەی ساڵی ٢٠٢٠ ئاستی بەرهەمی کێڵگەکە بە تێكڕا بریتی بووە لە ٢٤ هەزار و ٦٥٩ بەرمیل نەوتی رۆژانە . نەوتی ئەم کێڵگەیە بەپێی زانیارییەکانی کۆمپانیا ئێچ کەی ئێن جۆرێکی سوکە و API لە نێوان ٣٦ بۆ ٣٩ یە. لەبەر ئەوەی نرخی نەوت لەسەر جۆری نەوتەکە دیاریت نرخی نەوتی ئەم کێڵگە بەرز ترە لە هەندێ کێڵگەی تر کە نەوتەکەی قورسترە. هەرکێڵگەیەک بەپێی جۆری نەوتەکەی نرخی نەوتەکەشی دیاری دەکرێت هەربۆیە لە کێڵگەیەکەوە بۆ کێڵگەیەکی تر نرخ جیاواز دەبێت.
بەرهەمی ئەم کێڵگە و کێڵگەکانی تریش کۆمپانیاکان نایفرۆشن بەڵکو حکومەتی هەرێم لە بری کۆمپانیاکان هەموو بەرهەمەکە دەفرۆشێت و لە داهاتەکەی بە پێی گرێبەستی هاوبەشی کردن پشکی هەر کۆمپانیایەک دەدات. حکومەت بەپێی گرێبەستەکە دوو جۆر پشکی هەیە یەکەم موڵکانە و دووەمیش پشکی لە بەرهەم .
داهاتی هەرێـم
لەماوەی ساڵی ٢٠٢٠ دا کۆی ئەو نەوتەی حکومەتی هەرێم وەکو موڵکانە وەری گرتووە بریتی بووە لە ٩٢,٥١٣ بەرمیل هەروەها پشکیشی لە بەرهەم بریتی بووە لە ٣،٥٩,٢،٧٩٤ بەرمیل نەوت. داهاتی موڵکانەی بە دۆلار بریتی بووە لە ٣١،٥٧٣ ملیۆن دۆلار و شایستەی کۆمپانیاش بە دۆلار بریتی بووە لە ١١٦,٦١٨ ملیۆن. پاشان کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن لە پشکی خۆی کە ٦٢٪ ی کیڵگەکەی هەیە بڕی ٧,٠٢٩ ملیۆن دۆلاری وەکو پاداشتی پەرەپێدانی تواناکان داوە بەحکومەت لەگەڵ بڕی ٨,٨٥٤ ملیۆندۆلار بۆ کرێی مۆلەتەکان. کە یەکەوە هەموو داهاتی حکومەت دەکاتە ١٦٤ ملیۆن و ٧٤ هەزار دۆلار . هەر لەو ماوەیەدا کۆمپانیە بڕی ١,٤٠٧ملیۆن دۆلاری داوە بە کرێی گواستنەوەی نەوت لە رێی تەنکەرەوە. ئەم بڕە بۆ کۆمپانیاکانی گواستنەوە دەچێت نەک حکومەت بۆیە وەکو داهات ئەژمار ناکرێت.
پشکی کۆمپانیاکان
لەساڵی ٢٠٢٠ کۆمپانی ئێچ کەی ئێن لە سەرسەنگ بڕی ١٤٥ ملیۆن و ٧٠٠ ملیۆن شایستەیان بووە، لەم بڕە بڕی ٣٠ ملیۆن دۆلاری بۆ مانگەکانی کانوونی دووەم و شوبات دەگەڕێتەوە کە کۆمپانیا تا بەراوری ٢٠٢١/١/٣١ وەر ی نەگرتووە لەگەڵ ٣٨,٦ ملیۆنی مانگەکانی تشرینی دووەم و کانوونی یەکەمی ٢٠١٩. لەساڵی ٢٠١٩ دا کۆمپانیا شایستەکانی بریتی بووە لە ١٩٠ ملیۆن دۆلار هۆی کەمکردنی شایستەکانیان بۆ نزمی نرخی نەوت لە ٢٠٢٠ دا دەگەڕێتەوە.
لەسەر بنەمای پشکەکانی کۆمپانیا ئێچ کەی ئێن پشکی شایستەی کۆمپانیای تۆتاڵم دیاری کردووە کە ١٨٪ پشکەکانی کیڵگەکەی هەیە . تۆتاڵ لەماوەی ٢٠٢٠ دا بەنزیککراوەیی ٤٢ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار دۆلاری وەگرتووە. بەم پێیە شایستەی کۆمپانیاکانی نەوت لە بلۆکی سەرسەنگ بەیەکەوە دەکاتە ١٨٨ ملیۆن دۆلار لە بەرانبەریشدا هەرێم بڕی ١٦٤ ملیۆن و ٧٤ هەزار دۆلاری وەرگرتووە.
بەڕێژەی سەدی هەرێم رێژەی ٤٧٪ی کۆی داهاتی کیڵگەکەی بۆ ماوەتەوە لە بەرانبەردا کۆمپانیاکان ٥٣٪ . گەر کۆی هەناردەی ڕۆژانەی نەوتی هەرێم بریتیبێت لە ٤٣٠ هەزار بەرمیل ئەوا بەرهەمی سەرسەنگ تەنها رێژەی ٥٫٧٪ ی بەرهەمی هەرێم پێک دەهێنێت.
حکومەتی هەرێم لەساڵی ٢٠١٧ وە ڕاپۆرتی وردبینی لەڕێگەی کۆمپانیای دیلۆیتەوە بڵاو دەکاتەوە. لەناوەڕاستی مانگی کانونی دووەمدا وردبینی داهات و بەرهەمی نەوتی ٩ مانگی ساڵی ٢٠٢٠ ی بڵاو کردەوە. ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت کۆی بەرهەم و فرۆشی هەرێم ئەژمار دەکات، نەک بەرهەم و شایستەی کێڵگە بەکێڵگە و لەناو شایستەکانیشدا بڕی خەرجی و قازانج جیا نەکراوەتەوە تاوەکو بزانرێت ڕێژەی قازانجی کۆمپانیاکان چەندە. نرخی نەوتی هەر کێڵگەیەک بەراورد بەکێڵگەیەکی تر جیاوازە و پەیوەندی بە جۆری نەوتەکە هەیە ئایا نەوتێکی سوکە یان مام ناوەند یاخود قورس. بەڵام بەتێکڕا نەوتی هەرێم لەبەرئەوەی هەمووی (قورس و سوک) داخڵی بۆری دەکرێت کوالێتیەکەی تۆزێک دادەبەزێت و بەنەوتێکی مام ناوەند ئەژمار دەکرێت.
بلۆکی سەرسەنگ
بلۆکی سەرسەنگ یەکێكە لەو بلۆکە نەوتیانەی نوێیە و بەرهەم هێنانی بازرگانی بۆ ساڵی ٢٠١٦ دەگەڕێتەوە. سەرەتا لە ساڵی ٢٠١٦ دا تێكڕا بەرهەمی کێڵگەکە بریتی بوو لە ٤,٩٦٧ بەرمیل نەوت ، لە ساڵی٢٠١٧ دا بۆ ١١,١٠٩ بەرمیل زیادی کردووە و لە ساڵی ٢٠١٨ دا بۆ ١٧,٣٢٣بەرمیل و لە ٢٠١٩ دا بۆ ٢٣,٣٠٠ و لە ٢٠٢٠ یش دا تێکڕای بەرهەم گەشتووەتە ٢٤,٦٥٩ بەرمیل نەوتی ڕۆژانە . کۆمپانیاکە پلانی هەیە لەساڵی ٢٠٢١ دا بەرهەم لە نێوان ٢٧ بۆ ٣٠هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە زیاد بکات.