ڕوونبین
کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوت سۆمۆ دەڵێت؛ عێراق لە پلانیدایە بەرهەمی نەوتی لە مانگەکانی کانوونی دووەم و شوباتدا کەم بکاتەوە تاوەکو قەرەبووی ئۆپیک پلەس بکاتەوە کە لەساڵی ڕابوردوودا نەوتی زیاتر بەرهەمهێناوە لە پشکی خۆی
بەپێی لێدوانی علی نزار جێگری بڕێوەبەری سۆمو بڕیارە لە و مانگەدا رۆژانە بری ٣،٦ ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم بێنێت. ئەم بڕەش نزمترینە لەساڵی ٢٠١٥ وە هەروەها بەراورد بە مانگی کانوونی دووەمیش کە بەرهەم ٣٫٨٥ ملیۆن بووە
هەروەها نزار ووتی “بەو بڕەی کە لەهەرێمی کوردستانیشەوە بەرهەم دێت هەناردە ی رۆژانە تۆزێک لەسەروو ٣ ملیۆن بەرمیلەوە دەبێت لەو ماوەیەدا”. لەمانگی کانوونی دووەمدا هەناردە ی ڕۆژانە نزیک بوو لە ٣،٣ ملیۆن بەرمیل نەوت.
تواناو ئاستی پابەندبوونی عێراق بەو ئامانجەی لەبەردەم خۆیدا دایناوە پەیوەستە بەوەی ئایا هەڕێمی کوردستان ڕازی دەبێت بەرهەم کەم کاتەوە لەو کێڵگانەی لەژێر کۆنترۆڵیدایە،جێگری بەڕێوەبەری سۆمۆ وای ووت. لە ڕابوردوودا بەغدا گلەیی و نارەزایی هەبوو لەوەی کە هەرێم پابەند نابێت بەکەمکردنەوەی بەرهەمەوە.
هەفتەی ڕابووردوو ٢٠٢٠/١/١٨ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێکیدا لە وەڵآمی وەزیری نەوتی عێراق لە بەشێکیدا سەبارەت بە کەم کردنەوەی بەرهەم دەڵێت:
سەبارەت بە پابەندبوون بە بڕیارەکانی ئۆپێک ، هەرێمی کوردستان پابەندبووە بەو بڕەی بۆی دیاریکراوە کە ٤٣٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانەیە، لە کاتێکدا هەرێم تەنیا نزیکەی بیست و پێنج هەزار بەرمیلی بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی داناوە، بەڵام حکومەتی فیدراڵی یەک ملیۆن بەرمیلی بۆ بەکارهێنانی ناوخۆییە.
بەپێی ڕێژەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی بێت کە ٢٢٫٦٧٪ دەبووایە هەرێم زیاتر لە شەشسەت هەزار ( ٦٠٠٫٠٠٠ ) بەرمیل بەرهەم بهێنێت لە کۆی پێنج ملیۆن بەرمیلی بەرهەمی عێراق، بەڵام هەرێم تەنیا چوارسەد و پەنجا هەزار بەرمیل بەرهەم دێنێت، واتە هەرێمی کوردستان زۆر لە بەشی خۆی کەمتر بەرهەم دەهێنێت. بۆیە ئەوەی لە بەشی خۆی زیاتر نەوتی بەرهەمی هێناوە حکومەتی عێراقە نەک هەرێم ، بۆیەش دەبێت حکومەتی عێراق بەرهەمی خۆی کەم بکاتەوە نەک ئەو داوایە لە هەرێم بکات. سەرەڕای ئەوەش هەرێمی کوردستان بۆ بەشداری لە کەمکردنەوەی بەرهەمێنان، سی هەزار (٣٠٫٠٠٠ ) بەرمیلی لە بەرهەمهێنانی خۆی کەم کردووەتەوە.
زانیارییەکانی چاودێری کردنی بارکردنی نەوت وا پیشاندەدەن کە عێراق نەوتی کەمتر دەفرۆشیت و هەناردەی تۆزێك لەسەروو ٣ ملیۆن برمیلەوەیە تائێستا لەم مانگەی کانوونی دووەم دا.
نرخی نەوتی برێنت نزیکی سێ هێندە بەرزبووەتەوە بەراورد بە سەرەتای ڕێکەتنەکەی ئۆپیک پلەس و کەم کردنەوەی بەرهەمەوە، ئێستا نزیکە لە ٥٥ دۆلار، بەڵام هێشتا زۆر لە ژێر ئەو نرخەوەیە کە عێراق پێویستی پێیەتی بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان لە بوجەدا ئەمە بۆ هەرێمی کوردستانیش درووستە.
نزار علی دەڵێت “ئێستا عێراق دیراسەی ئەوە دەکات کە ئایا دەست بکات بە بنیاد نان یان بەکارهێنانی ئەمباری نەوت لە ئاسیا تاوەکو لە ڕێیەوە مەترسی نەگەشتنی بەرهەمەکانی بۆ کڕیارە سەرەکییەکانی کەم بکاتەوە “. هەریەک لە سعودیەو ئیمارات ووڵاتانی کەنداو هەندێ لەنەوتەکەیان لە ژاپۆن، کۆریای باشور و هیندستان ئەمباردەکەن.
هەروەها نزار ووتی عێراق پلانی ئەوەی هەیە ڕۆژانە بڕی ١٫١ ملیۆن بەرمیل نەوت لە جۆرە نوێیەکەی ( بەسرە مامناوەند) بەرهەم بهێنێت. یەکەم جار لەسەرەتای ئەم مانگەدا لەو جۆرە نەوتە بارکرا و دەست بەرهەم هێنانی کراوە.
سەبارەت بە نەوتی پێشوەختی فرۆشراوی عیێراق، بەرپرسەکەی سۆمۆ ڕایگەیاند هێشتا حکومەت ئیمزای ڕێکەوتنەکەی لە گەڵ کۆمپانیای زینهوای چینیدا نەکردووە بۆ فرۆشتنی پێشوەختی نەوت . بەپێی ئەم ڕێکەوتنە کۆمپانیا چینییەکە گرێبەستێکی چەند ملیار دۆلاری لەگەڵ عێراق دەکات کە ڕۆژانە بڕی ١٣٠ هەزار بەرمیل هاوردەبکات بۆ ماوەی ٥ ساڵ و کۆمپانیا چینییەکە پێشەکی پارەی ساڵێک دەدا. ئەمە یەکەم جارە بەغداد نەوتی بە پارەی پێشوەخت دەفرۆشیت، هۆکەشی پێویستی زۆری حکومەتە بە نەختینە (سیولە).