ڕوونبین
ڕێکخراوی ڕوونبین کۆپیەکی دوایین راپۆرتی چالاکی کارکردنی کۆمپانیای گۆڵف کیستۆنی لە بەردەستە سەبارەت بە کێڵگەی نەوتی شێخان، کە چەندین زانیاری گرنگی سەبارەت بە ئاستی بەرهەم و چالاکییە داراییەکان و پێشبینیان بۆ ئایندەی کارکردنیان لە کێڵگەکە تێدایە.
لە سۆنگەی باوەڕ بوونمان بە وەی هەموان بەیەکسانی مافی دەستگەشتنیان بەسەرچاوەی زانیاری هەیە، لە پێناو گەشتن بە ڕوونبینی و شەفافییەت، ڕێکخراوی ڕوونبین بەردەوام دەستی بە هەر زانیارییەک بکەوێت سەبارەت بەکەرتی وزە هەوڵی بڵاوکردنەوەی دەدات بەزمانێک هەموان لێی تێبگەن.
لەخوارەوە پوختەی نوێترین چالاکی کێڵگەی نەوتی شێخانتان بۆ بڵاو دەکەینەوە.
پوختەی چالاکییەکان
جۆن فیریر بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن دەڵێت ” خۆشحاڵم لەگەڵ ئەوەی کۆمپانیا بە بارودۆخێکی سەختدا تێپەڕی لە ساڵی ٢٠٢٠ دا توانی کارەکانی بەسەرکەوتوویی ئەنجام بدات و تێکڕای بەرهەمی ساڵەکە ڕۆژانە زیاتر بوو لە ٣٦ هەزار و ٦٠٠ بەرمیل نەوت“. هەروەها فیریر ووتی “تێکڕای بەرهەمی ڕۆژانە لە مانگی کانوونی یەکەم( دیسەمبەری) دا زیاتر بووە لە ٤٣ هەزار بەرمیل نەوت. هەروەها کۆمپانیا چاوەڕێ دەکا تێکڕای بەرهەمی ڕۆژانە لە ٢٠٢١ دا لە نێوان ٤٠ بۆ ٤٤ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بێت”.
کارپێکردن Operational
- بەهۆی جەختکردنەوەی بەهێز لەسەر سەلامەتی کارکردن کۆمپانیا لە ساڵی ٢٠٢٠ دا هیچ کاتێکی لەدەست نەداوە و هیچ روداوێک تۆمار نەکراوە .
- کۆمپانیا توانیویەتی بەشێوەیەکی باش کاریگەری کۆڤید ١٩ لەسەر کارمەند و بەڵێندەرەکانی کەم بکاتەوە و کرداری بەرهەم هێنان بەردەوام بێت.
- لەساڵی ٢٠٢٠ دا تێکڕای بەرهەمی ڕۆژانە Average daily production بگاتە ٣٦ هەزار و ٦٢٥ بەرمیلی ڕۆژانە. زیاتر لەو ئاستەی کە دانرابوو بۆ تێکڕای بەرهەمی ساڵەکە. هەروەها تائێستا بەرزترین ئاستی تێکڕای بەرهەمی ساڵانەی تۆمارکردووە.
- پێشتر ڕاگەیەندرابوو کە بەهۆی دانانی دامودەزگای پرۆسێسکردنی١ (PF1) وە توانای بەرهەم هێنانی گەیاندوەتە زیاتر لە ٣٠ هەزار بەرمیل ڕۆژێکدا.
- دەرئەنجامی ئەوە بەرهەمی کێڵگەی شێخان گەشتووەتە ٤٤ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە.
کارە داراییەکان
- کۆی بڕی ئەو پارەیەی لە ساڵی ٢٠٢٠ دا لە حکومەتی هەرێم وەرگیراوە لەپای نەوتی فرۆشراوی کێڵگەکە بریتی بووە لە ١٢٩ ملیۆن دۆلار، لەم بڕە ١٠١ ملیۆن دۆلاری پشکی کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن بووە. ئەوەی دەمێنێتەوە کە دەکاتە ٢٨ ملیۆن دۆلار پشکی کۆمپانیای ئێم ئۆ ئێڵ (MOL) هەنگاری بووە.
- کۆمپانیای گۆڵف کیستۆنی بەریتانی ڕێژەی ٨٠٪ ی پشکەکانی کێڵگەی شێخانی هەیە و کۆمپانیای ئێم ئۆ ئێڵ هەنگاری ڕێژەی ٢٠٪ پشکی کێڵگەکەی هەیە. بەرهەمی ئەم کێڵگەیە تەنها ڕێژەی ٨٫٥٪ بەرهەمی هەموو نەوتی هەرێم پێک دەهێنێت.
- لەئەنجامی زیادبوونی بەرهەم و باشبوونی نرخی نەوت لە ماوەی دوایدا، بڕی شایستەی کۆمپانیا لە فرۆشی نەوت زیادی کردووە، بەپێی ئەو لیستەی Invoice کۆمپانیاکە بۆ حکومەتی هەرێمی ناردوە بۆ مانگی کانوونی یەکەم ، بریتییە لە ١٨ ملیۆن دۆلار و پشکی گۆڵف کیستۆن ١٤٫١ ملیۆن دۆلارە. ئەوەی دەمێنێتەوە کە ٣٫٩ ملیۆن دۆلار دەکات شایستەی ئێم ئۆ ئێڵ بۆ مانگی کانوونی یەکەم. بەپێی پابەندییەکانی حکومەت بەرانبەر کۆمپانیا نەوتییەکان بڕیارە تاکۆتایی مانگی کانوونی دووەم ئەم شایستەیەش وەربگرن. دەبێت شایستەی هەموو کۆمپانیا نەوتییەکان لە ٢٠٢٠ دا چەند بێت؟
- لە ١٢ ی کانوونی دووەم دا رەسیدی نەختینەی کۆمپانیا بریتی بووە لە ١٤٧ ملیۆن دۆلار.
- لە بەرواری ١٨ ی کانوونی دووەم جۆن هاریس لە بری جۆن فیریر وەکو بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن دەست بەکار دەبێت.
ئایندە Outlook
- بەپێی بەرنامەی کار و رێنماییەکان تێکڕای بەرهەم لە ساڵی ٢٠٢١ دا لە نێوان ٤٠ بۆ ٤٤ هەزار بەرمیل دا دەبێت. پوختەی خەرجی سەرمایە (CAPEX) بڕی ١٥ بۆ ٢٠ ملیۆن دۆلار دەبێت، هەروەها خەرجی بەرهەم هێنان ٢٫٥ بۆ ٢٫٩ ملیۆن دۆلار دەبێت.
- رێنماییەکان نوێ دەکرێتەوە کاتێک بارودۆخ ڕێگە بدات بە کاری چاککردنی بیرەکان و دەستپێکردنەوەی هەڵکەندن، تاوەکو بگەین بە ئاستی ٥٥ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە.
- دوای ئەوەی پێشتر ڕامان گەیاند کۆمپانیا پێشنیاری پێدانەوەی شایستە داراییە دواکەوتووەکانی پێگەیشت بۆ مانگەکانی تشرینی دووەم ٢٠١٩ تا شوباتی ٢٠٢٠ کە بڕەکەی بریتییە لە ٧٣٫٣ ملیۆن دۆلار و لای حکومەتی هەرێمە. کۆمپانیا لەپەیوەندی بەردوام دەبێت لەگەڵ حکومەت وە هەر زانیاریەکی نوی لەوبارەیەوە هەبوو بڵاویدەکەینەوە.
لە کۆتایدا کۆمپانیاکە دەڵێت ئەم ڕاگەیاندنە زانیاری ناوخۆی کۆمپانیاکەی تێدایە لە بەر پابەند بوون بەیاسایی “خراپ بەکارهێنانی بازاڕ”ی بەریتانیا بڵاوی دەکرێتەوە. واتە بەپێی یاسا دەبێت زانیاری لەسەر چالاکی کۆمپانیاکان بڵاوبکرێنەوە.
لێرەدا جێی خۆیەتی ئاماژە بۆ ئەو بکەین کە لە هەرێم بۆشایی یاسایی هەیە لە وەی کە کۆمپانیاکان سەرچاوەی داهات و بڕ و ڕێڕەوی داراییان ئاشکرا بکەن بۆیە دەبینین کۆمپانیا زەبەلاحەکانی هەرێم هیچ دەربارەی داهات و قازانجیان نازانرێت وە ئەمە زەمینەیەکی لەبار دروست دەکات بۆ خۆدزینەوە لەباج و نەدانی باجی شایستە. بۆیە پڕکردنەوەی ئەوبۆشاییە یاساییە ئەرکی پەرلەمانە.