ڕوونبین
عێراق لەمانگی شوباتدا و بۆ کڕیارەکانی لە ئاسیا نرخی نەوتی خاوی سوکی بەسرە بە زیادەی ٧٠ سەنت بۆ ١٫١٠ دۆلار لە سەرو بێنچ مارکی ناوچەکەوە دەفرۆشێت، بەپێی لیستی نرخەکانی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ).
عێراق دووەم گەورە بەرهەم هێنی نەوت لە ناو ڕێکخراوی ئۆپیکدا نرخی هەموو جۆری ئەونەوتەی لەمانگی شوباتدا دەیفرۆشێت بە بازاڕەکانی ئاسیا بەرزکردەوە، هەمان هەنگاو وڵاتی سعودییە پێش چەند ڕۆژێک گرتیەبەر.
بەهۆی بڕیاری کەمکردنەوەی خۆبەخشانەی بەرهەمی نەوتی سعودیەوە بە بری ١ ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانە لە مانگی شوبات و ئازار دا، نرخی نەوت هەفتەی ڕابوردو بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆوە بینی لەسەرو ٥٥ دۆلارەوە جێگیر بوو. دوابەدوای ئەو بڕیارە ووڵاتی سعودیە نرخی نەوتی بۆ ئاسیا بەرزکردەوە.
ووڵاتانی بەرهەمهێنی نەوتی هاوپەیمانی ئۆپییک پلەس کە لە ٢٣ وڵات پێک دێن هەفتەی ڕابوردوو ڕێکەوتن لەسەر ئەوەی ئاستی بەرهەمیان لەمانگی شوباتدا وەکو خۆی بیهێڵنەوە، جگە لە ڕوسیا و کازاخستان کە بەبڕێکی کەم بەرهەم زیاد دەکەن وسعودیەش بڕی یەک ملیۆن بەرمیل نەوت ڕۆژانە لەمانگی شوبات و ئازار دا کەم دەکاتەوە.
عێراق نرخی نەوتی مامناوەند و قورسی بەسرەی بۆ بازاڕی ئاسیا بەرزکردەوە. نەوتی سوک و مامناوەندی مانگی شوباتی بۆ ئەمەریکا بەرزکردەوە بەڵام نرخی نەوتی قورسی بەسرە گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە. نرخی نەوتی کەرکوک بۆ ئەمەریکا هەرزانترە. نرخی نەوتی عێراق بۆ بازاڕی ئەوروپا لانی کەم ٨٠ سەنت داشکاندنی بۆ دەکرێت.
ئیماراتیش بەهەمان شێوەی عێراق و سعودیە نرخی نەوتی مانگی شوباتی بەرزکردەوە. کۆمپانیای نیشتمانی ئەبوزەبی ٧٥ سەنت زیاتر لە نرخی بێنچ مارکی ناوچەکە بۆ نەوتی موربان دیاری کرد کە ٢٥ سەنت بەرزترە لە نرخی مانگی کانوونی دووەم. هەروەها کۆمپانیای ئەندۆکیش نرخی خاوی زاکوم ی بە پێنج سەنت زیاتر لە خاوی نوربان بۆ هەمان مانگ دیاری کرد.