ڕوونبین
دوای ئەوەی لە چارەکی ئەکەمی ساڵی ٢٠٢٠ بەهۆی جەنگی نرخ کە سعودیە لەبەرانبەر روسیا ڕایگەیاند و بڵاوبوونەوەی فراوانی ڤایرۆسی کۆڤید ١٩ لەسەرتاسەری جیهان و داخستنی شوێنەگشتییەکان و هەروەها زۆرێک لەسنوری وڵاتان بۆ ڕێگریکردن و هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵ کردنی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە داخران، خواست لەسەر نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکان بۆ ئاستێکی پێوانەیی دابەزی، دەرئەنجام نرخی نەوت بەشێوەیەکی بێوێنە هەرەسی هێنا و بەو هۆیەوە نەوتێکی زۆر کەوتە بازاڕو لە ناوەڕاستی مانگی نیسانی ڕابوردوو دا مەترسی لە پڕ بوونی هەموو کۆگاکانی وشکانی و دەریاکان دەکرا. زەنگێکی مەترسی دار و چاوڕوان نەکراو بوو بۆ ئابووری جیهان ، کاریگەری خراپی بەجێ هێشت بەتایبەت لەسەر ئەو وڵاتانەی کە بەشێوەیەکی سەرەکی پشتیان بە داهاتی نەوت بەستبوو.
دوای ئەوەی بۆیەکم جار وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا داوای کەمکردنەوەی بەرهەم هێنانی نەوتی خاوی کرد . نێوەندگیری لە نێوان سعودیەو ڕوسیاداکرد بۆ رێکەوتن لەسەر کەم کردنەوەی بەرهەم، بەردەوام لەچەند ساڵی ڕابوردوودا ئەمەریکا فشاری لەسەر سعودیە دەکرد بەرهەم زیاد بکەن تاوەکو نرخی نەوت دابەزێت. ئەوەبوو توانرا تەنها ووڵاتانی ئۆپیک پلەس رێژەی ١٠٪ هەموو بەرهەمی جیهان کەم بکەنەوە و وڵاتانی دەرەوەی هاوپەیمانییەکەش بە ناچاری و بەهۆی نزمی نرخەوە بەرهەمیان کەم کردەوە، هەریەک لە ئەمەریکا، کەنەدا و نەرویج دیارترینی ئەو وڵاتانەبوون. بەتێکڕا زیاتر ١٨٪ ی بەرهەمی جیهان لە چەند مانگی سەرەتای ڕێکەوتنەکە کەمکرایەوە.
لە مانگی نیسانەوە بەشێوەی قۆناغ بەندی ڕێکخراوی ئۆپیک و هاوپەیمانەکانی بەسەرکردایەتی روسیا توانیان سنورێک بۆ بەرهەم هێنانی نەوت دابنێن، تاوەکو بتوانرێت لەگەڵ کەمی خواست لەسەر نەوت و ئەونەوتە زیادەیەی کە کۆبووەتەوە لە ئەمبارەکاندا بگونجێت . بەمانایەکی تر بەرهەم کەمتر بێت لە خواست، بتوانرێت لەگەڵ کەمکردنەوەی بەرهەمدا هیواش هێواش ئەو نەوتەی بەهۆی کەمی خواستەوە ئەمبارکراوە کەم بکات. ئەم هەنگاوە سەرکەوتوو بوو وە توانرا لەماوەی ٧ مانگدانرخی نەوت بگەیەنرێتە٥٠ دۆلار و لە کۆتا مانگی ٢٠٢٠ دا لەسەرو ٥٠ دۆلار جێگیر ببێت.
پلانەکەی ئۆپیک پلەس بەردەوامە و دەیانەوێت بە شێوەی قۆناغبەندی بەرهەم زیادبکەن تاوەکو بازاڕ تووشی شۆکێکی تر نەبێت. دەرئەنجام لە ئەمەریکا جگە لە ئەمباری ستراتیجی نەوتی ئەمبارکراو بەپێی ئامارەکان خەریکە دەگاتە ئاستی ئاسایی. لەکۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ دا تەنها ٦٪ لەسەروو تێکڕای پێنج ساڵی ڕابووردوو بووە، لەکاتێکدا لەمانگی تەموزدا ئەو ڕێژەیە ١٤٪ بووە.
ئاستی نەوتی کۆگاکراو گەشتووەتە ئاستی ساڵی ١٩٩٥ وبەڕێژەی ٧٤٪ ە لە کاتێکدا لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢٠ دا ئەم ڕێژەیە بەرز بوبووە وە بۆ ٩٢٪.
نەوتی کۆگاکراو بە ئەمباری ستراتیجیشەوە دابەزی، لە کۆی ٢٦ هەفتە ٢١ هەفتە ئەمبارکردن کەمی کردووە بە سەرجەم ١٣٦ملیۆن بەرمیل. لەکۆتایی کانوونی یەکەمدا کۆگاکردنی بەنزین بۆ ئاستی تێکڕای پێنج ساڵی ڕابوردوو دابەزی لە کاتێکدا لە مانگی نیساندا نزیک بوبوەوە لە ١٣٪ .
ئەمباری بەنزین و دیزڵ و بەرهەمە نەوتییەکانی تر زۆر کەمی کردووە و بەرەو ئاسایی بوونەوە ڕێچکەیان گرتووە، کارگەپیشەسازییەکان دەستیان بەکارکردووە و بەرەو دۆخی پێش کۆڤید هەنگاو دەنێن.
سوتەمەنی فرۆکە زۆرترین کاریگەری لەسەربووە بەهۆی داخستنی شوێنە گەشتیارییەکان و کەم بوونەوەی گەشتە ئاسمانییەکانە هێشتا ئاستی ئەمباری سوتەمەنی فرۆکە بەرزە و ٣٥٪ دەبێت.
بەرهەم هێنەران و پاڵاوگەکان زۆر بەخێرایی خۆیان گونجاند لەگەڵ ئەم شۆکە بێوێنەی بەکاربردنی نەوت
لە شەپۆلی یەکەمی کۆڤید ١٩ و ئەو ڕێکارانەی هاوتەریب لەگەڵیدا گیرایەبەر. لەناوخۆی ئەمەریکاشدا نەوتی شێڵ بەرهەمی کەمی کرد، هەروەها کەمکردنەوەی هاوردەش بەتایبەت لە سعودیەوە هاوکار بوون لە ڕەوینەوەی نەوتی کەڵەکە بوو لە کۆگاکاندا.
کەمکردنەوەی خۆبەخشانەی سعودیە لەمانگی شوبات و ئازار دا بە بڕی ١ ملیۆن بەرمیل زیاتر لەو پشکەی بۆی دانراوە، هاوکارێکی باشی ڕەوینەوەی نەوتی کۆگاکان دەبێت و لەهەمانکاتیشدا بەرزی نرخی نەوت دەبێتە هۆی بوژاندنەوەی بەرهەمی نەوتی بەردینی ئەمەریکا و زیادبوونی سەکۆکانی بیر هەڵکەندن کە لەساڵی ڕابوردوودا بۆ نزمرتین ئاست دابەزی.