ڕوونبین
سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەممەی ٢٠٢١/١/٦ بەڕێز دکتۆر کەمال ئەتروشی دوای ئەوەی لەلایەن پەرلەمانەوە متمانەی پێدرا وەکو وەزیری سامانە سرووشتیەكان و ڕاستەوخۆ دوای متمانە پێدانەکە سوێندی یاسایی خوارد و بوو بە دووەم وەزیری سامانە سرووشتیەكانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
بەڕێز د. کەمال ئەتروشی لەساڵی ٢٠١٩ وە ڕاوێژکاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمە لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان. چاوەڕێ دەکرێت لەم ماوەیەدا کاری دەورو تەسلیمی کردبێت و ئاگاداری ووردەکاری مەلەفی نەوت بووبێت. بۆیە لە کەسێکی تەکنۆکرات و پرۆفیشناڵی وەکو ئەو چاوەڕێی لێ دەکرێت کە ڕوئیایەکی ڕوونی هەبێت کە چی دەکات لە سەکتەری نەوتدا لەماوەی کورت و مام ناوەند و درێژخایەندا.
فرسەت و بەربەستەکان وەک یەک لەبەردەمیدا هەن، لەماوەی ئایندەدا دەر دەکەوێت ئایا بە پرۆفیشناڵی دەمێنێتەوە( ئەگەر بتوانێ گۆڕانکاری بکات و ڕێگەی پێبدرێت یان ئەگەر ڕێگەی پێ نەدرا و نەیتوانی دەست لەکار دەکێشێتەوە؟) یاخود لەناو هەمان سیستەم و ڕێڕەوی پێشودا دەتوێتەو و دەبێت بە بەشێک لە بەردەوامیدان بە باردۆخی ڕابوردو وە ئێستای سێکتەری نەوت؟
وەکو ڕێکخراوی ڕوونبین بۆ شەفافییەت لە پرۆسەکانی نەوت باوەڕمان بە گۆڕانکاری ڕیشەیی هەیە لەسیستەمی بەڕێوەبردندا تاوەکو گۆڕینی کەسەکان بتوانێت گۆڕانکاری دروست بکات، لەگەڵ ئەوەشدا هیوای سەرکەوتن بۆ وەزیری نوێ دەخوازین و داواکارین سەرەتایەکی نوێ دەستپێ بکات بۆ چاکسازی ڕیشەیی و دروستکردنی ڕوونی لەکاری وەزارەتەکەیدا. چاوەڕێی ئاشکراکردنی پلانی کاری بەڕێز دکتۆر ئەتروشی دەبین.
خوازیارین وەزیری نوێ لە هەنگاوە خێراکانی چاکسازیەوە لە وەزارەتەکەی دەست پێ بکات و هاوتەریب و هاوکات هەنگاوی مامناوەند و درێژخایەنی هەبێت. دەستپێکی کاریش چاوەڕێی کردنەوەی ئەو قوفڵەی لێدەکەین کە لە دەرگای وەزارەتەکەی دراوە لە ماوەی دەیە و نیوێکی ڕابوردودا بەرانبەر توێژەر و ڕێکخراوە پسپۆرەکان و میدیا. دەخوازین لەمڕۆ بەدواوە هەموان بتوانین دەستمان بەداتا و زانیاریەکان بگات.
ڕێکخراوی ڕوونبین بۆ شەفافییەت لە پرۆسەکانی نەوت
٢٠٢١/٠١/٠٦