ڕوونبین
لەگەڵ دابەزینی نرخی نەوتدا لە مانگی ئازاری ڕابوردودا حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کۆمپانیا نەوتییەکانی ڕاگەیاند کە بەشێوەی مانگانە شایستە داراییەکانیان پێ دەدات، لە وکاتەوە تاوەکو ئێستا هەرێم بەشێوەیەکی بەردەوام هەموو مانگێک و لەکاتی خۆیدا شایستەی کۆمپانیا نەوتییەکان بەبێ دواکەوتن دەدات. تا ئێستا نۆ (٩)مانگ لەسەر یەک شایستەکان وەرگیراوە، دواترینیان شایستەی مانگی تشرینی دووەمە.
ئەمرۆ ٢٠٢٠/١٢/٢٩ سێ کۆمپانیا شایستەی چوار کێڵگەی نەوتییان ڕاگەیاند بەم شێوەیەی خوارەوە:
١- کێڵگەی تاوکی ( تاوکی – پیشخاپور)
هەریەک لە کۆمپانیاکانی دی ئێن ئۆی نەرویجی وکۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی تورکی لە کێڵگەی تاوکی خاوەن پشکن. شایستە دارایی ئەو دوو کۆمپانیایە لەو کێڵگەیە بۆ مانگی تشرینی دووەم بریتی بووە لە ٣٨٫٥ ملیۆن دۆلار، لەم بڕە ٢٩٫١ ملیۆن دۆلاری پشکی دی ئێن ئۆ بووە و بڕی ٩٫٤ ملیۆن دۆلارپشکی کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی یە.
دی ئێن ئۆ خاوەنی ٧٥٪ پشکەکانەو گەنێڵ ئەنێرجی خاوەنی ٢٥٪ ی پشکەکانە. شایانی باسە شایستەی کۆمپانیاکان لەم کێڵگەیە بەراورد بەمانگی پێشوو ڕێژەی ١٥٪ زیادی کردووە ئەوەش بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەگەڕێتەوە.
٢- کێڵگەی تەق تەق
کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی خاوەن پشکی ٤٤% ی کێڵگەی تەق تەقە و کۆمپانیای ئاداکس پەترۆلیۆم پشکی ٣٤% هەیە و بەیەکەوە کۆمپانیای (تی تی ئۆ پی سی ئۆ) پێکهێناوە وکۆمپانیای سەرکارە لە کێڵگەکە. شایستەی دارایی کۆمپانیاکان لەم کێڵگەیە بۆ مانگی تشرینی دووەم بریتی بووە لە ٣٫٨ ملیۆن دۆلارە، لەم بڕەش ٢٫١ملیۆن دۆلار پشکی کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجییە و ئەوەشێ دەمێنێتەوە کە دەکاتە ١,٧ملیۆن دۆلارپشکی ئاداکس پەترۆلیۆمە. شایستەکان لەم کێڵگەیە کەمی کردووە ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ کەمکردنی بەرهەم بۆ ٨ هەزار و و ٥٨٠ لە کاتێکدا لە چارەکی سێهەمی ئەمساڵدا ١١,٢٦٠ بەرمیل بووە واتە بەڕێژەی ٢٤٪ بەرهەم کەمی کردووە.
٣- کێڵگەی شێخان
لە کێڵگەی شێخان کۆمپانیای ( ئێم ئۆ ئێڵ) ی هەنگاری و گۆڵف کیستۆنی بەریتانی پێکەوە ١٠٫٩ ملیۆن دۆلار شایستەی مانگی تشرینی دووەمیان وەرگرتووە، بە پێی بڵاوکراوەی کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن، بڕی ٨٫٦ ملیۆن دۆلار پشکی ئەوان بووە و ئەوەشی دەمێنێتەوە بۆ کۆمپانیای (ئێم ئۆ ئێڵ) دەبێت کە دەکاتە ٢٫٣ ملیۆن دۆلار. کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن ٨٠٪ ی پشکەکان و ( ئێم ئۆ ئێڵ)پشکی ٢٠٪ ی هەیە لە و کێڵگەیەدا. هەروەها بەپێی نوێترین زانیاری ئاستی بەرهەمی رۆژانەی کێڵگەکە زیادی کردووە و لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەمدا گەشتووەتە ٣٩ هەزار بەرمیل و لە کانوونی یەکەمدا بۆ ٤٢ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرزبووەتەوە.
٤- کێڵگەی ئەتروش
کۆی شایستەی کۆمپانیا نەوتییەکان لەو کێڵگەیەدا بریتی بووە لە ١٤٫٦ملیۆن دۆلار . لەم بڕە کۆمپانیای شاماران کە خاوەنی پشکی ٢٧,٦% بڕی ٤٫٩ ملیۆن دۆلاری بەردەکەوێت. ئەوی دەمێنێتەوە شایستەی کۆمپانیای تاقەی ئیماراتییە کە خاوەنی ٤٧,٤%ی پشکەکانە پشکی شایستە داراییەکەی دەکاتە ٩٫٧ ملیۆن دۆلار. ئەو ٢٥٪ ی دەمێنێتەوە پشکی هەرێمە. تێکڕای بەرهەمی کێڵگەکە لە چارەکی سێهەمی ٢٠٢٠ دا بریتی بووە لە ٤٦,١ هەزار بەرمیل. بەرزترین ڕێژەی بەرهەم لە ٢٠٢٠/٣/٢٧ دا بووە کە گەشتووەتە ٥٤ هەزار و٥٥ بەرمیل نەوت. شایستەی کۆمپانیاکان لەم کێڵگەیە بەڕێژەی ١٠٪ کەمی کردووە بە پێچەوانەی کێڵگەکانی ترەوە.
کێڵگەی سەرتە
کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی ڕایگەیاند کە لەمانگی ئایندەوە شایستەی مانگی کانونی یەکەمی کێڵگەی سەرتە وەردەگرین. ئەم کێڵگەیە لە مانگی تشرینی دووەم ٢٠٢٠ بەفەرمی وەک کێڵگەیەکی بەرهەمهێنەری بازرگانی ڕاگەیەنرا، بەرهەمی کێڵگەکە بە لانیکەم پێنج (٥) هەزار بەرمیل نەوتە لەڕۆژێکدا. کێڵگەی سەرتە دەکەوێتە پارێزگای هەولێرەوە و کۆمپانیای شیڤرۆنی ئەمەریکی پشکی ٥٠٪ و گەنێڵ ئەنێرجی ٣٠٪ و هەرێم ٢٠٪ ی هەیە.
هەریەک لە کۆمپانیاکانی ئێچ کەی ئێن HKN لە کێڵگەی سەر سەنگ و کۆمپانیای فۆرزا پێترۆلیۆم FORZA PETROLEUM لە کێڵگەی هەولێر لە ئێستادا شایستەکانیان بۆ مانگی تشرینی دووەم ڕانەگەیاندووە. زۆر جار ئەم دوو کۆمپانیایە بەشێوەی وەرزی ڕاپۆرتی چالاکییەکان و شایستەکانیان ڕادەگەیەنن.
کۆمپانیای کار لە کێڵگەی خورمەڵە و گازپرۆم لە گەرمیان دوو کۆمپانیان تائێستا بەهیچ شێوەیەک شایستەکانیان ڕانەگەیاندووە.
ڕوونبین پێی وایە بۆشایی یاسایی و نەبونی یاسایەک لە هەرێمی کوردستان کە کۆمپانیاکان ناچار و پابەند بکات بە ئاشکرا کردنی چالاکیە داراییە کانیان بە هۆکارێکی یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی هەندێ لە کۆمپانیاکان شەفاف نەبن و زانیاری لەسەر چالاکیە کانیان ئاشکرا نەکەن. هۆیەکی تر بۆئەوە دەگەڕێتەوە ئەم کۆمپانیایانە و بەشێوەیەکی گشتی هەموو کۆمپانیا نەوتی و گازییەکان و خزمەتگوزارییەکان… باج نادەن بە حکومەت، ئەگەر باج بدەن ئەوکات ناچارن کە داهاتوو قازانجیان ئاشکرا بکەن.
لێرەدا مەبەستمان ئەو کۆمپانیا نەوتیانە نییە کە بەردەوام زانیاری لەسەر چالاکییە کانیان بڵاو دەکەنەوە چونکە ئەوان بەپێی یاسای ئەو وڵاتەی تیایدا تۆمارکراون دەبێت ئەو زانیاریانە ئاشکرا بکەن و ڕێژەی داهات و قازانجیان بڵاو بکەنەوە بەمەبەستی دانی باج.
کێڵگە گازییەکان
سەبارەت بە کێڵگە گازییەکانی هەرێم چەند کێڵگەیەکی گازی هەیە ، کۆرمۆر- چەمچەماڵ، بنەباوی ومیران. لە ئێستادا تەنها کێڵگەی کۆرمۆر- چەمچەماڵ کەیەک ناوچەی گرێبەستن بەرهەمی بازرگانی هەیە. ئەم کێڵگەیە بەکێک لە گەورەترین کێڵگەکانی گازی عێراق ئەژمار دەکرێت .
بەپێی گرێبەستی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیای پێرێڵ پێترۆلیۆم کە کۆمپانیای داناگاز بەشێکە لێی، بەشێک لە بەرهەمی گازی بۆ ویستگەکانی بەرهەم هێنی کارەبا لە ڕێگەی بۆرییەوەبۆ هەولێر و چەمچەماڵ دەگوازرێتەوە ، لەهەمان کاتدا بەرهەمی کۆندێنسێت و گازی ماڵان کۆمپانیاکە بۆخۆی دەیفرۆشێت و هیچ داهاتێکی بۆ هەرێم نییە، هەرێم دەتوانێت وەکو هەر کڕیارێک لێی بکرێتەوە.
کۆمپانیای داناگاز ڕایگەیاندووە کە رۆژی ١٥ی کانونی دووەم ٢٠٢٠ بەتێکڕا بەرهەمی ٤٣٠ ملیۆن پێ سێجای پێوانەیی گاز لە رۆژێکدا تۆمار کراوە . تێکڕای بەرهەم لە ساڵی ٢٠٢٠ دا گەشتووەتە ٤٠٠ ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێکدا. ئە م بڕە بەراورد بەهەمان کاتی ساڵی ٢٠١٩ بە ڕێژەی ٨% زیاترە.
هەروەها کۆمپانیاکە دەڵێت بڕی ٣٠ ملیۆن دۆلاریان لای حکومەتی هەرێمە وەکو شایستەی مانگەکانی کانوونی یەکەمی٢٠١٩ و کانوونی دووەم و شوباتی ٢٠٢٠ کە بڕیارە لە ساڵی نوێوە هەمووی وەربگرنەوە.