یادگار سدیق گەڵاڵی
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ٢٠٢٠/١٢/٢٤ لە پاڵاوگەی کەورگۆسک سەر بە گروپی کۆمپانیاکانی کار بەهۆی کەوتنەوەی ئاگرەوە لە بەشێکی پاڵاوگەکە بەداخەوە ٣ کەس گیانی لەدەست داوە و ٢ کەسیش بریندارە.
دەوترێت لە کاتی لەحیم کردنی یەکێک لە کۆگاکانی یەکەی چواری پاڵاوگەکە ئاگرەکە کەوتووەتەوە.
ئەمە یەکەم ڕوداو نییە بەڵکو لە ڕابوردوشدا ڕووداوی هاوشێوە ڕویداوە و بەداخەوە ئەم کارەساتانە بەردەوام دووبارە دەبنەوە، کە زیانی گیانی و مادی بەدواوەیە، ھۆکارەکەش، پشتگوێخستنی مەرجەکانی سەلامەتیە.
نەبوونی کەسی ڕاهێندراوی تەواو و خاوەن بڕوانامای سەلامەتی وپشتگوێخستنی ئەو بەشە هۆکاری ڕووداو گەلێکی وان ، ئەویش لە ئەنجامی گەندەڵی تا سەرئێسقان لە کۆمپانیاکان و مەنسوبیەت و مەحسوبیەت لە دامەزراندن و واسیتە و واسیتەکاری و پشتگوێ خستنی کردنەوەی خولی تایبەت بۆ ئەو بوارە گرنگە.
کاتێک واسیتەیەک دەکرێت کەسێک لە کۆمپانیا نەوتییەکان دابمەزرێت دەوترێت لە بەشی سەلامەتی جێگایەکی بۆ بدۆزنەوە! ئەوەیە کارەسات…
نەزانین و بێ ئاگایی و ڕەچاو نەکردنی سەلامەتی کار تەنها مەترسی بۆ ئەو کرێکارە دروست ناکات بەڵکو دەبێتە مەترسی بۆ هاوکارەکانی و تەنانەت بۆ ناوچەکەش.
ئەوە کاری کۆمپانیایە کە خولی ڕاهێنانی بەردەوام بکاتەوە و کاری چاودێری ناوخۆیی کۆمپانیایە کە بەوردی و بەشێوەیەکی بەردەوام چاودێری ڕێکارەکانی سەلامەتی بکات. رەچاوکردنی سەلامەتی کار کارێکی بەردەوامە و HSE دەبێت بەشێکی گرنگ لە کۆمپانیاکان و بەتایبەت کۆمپانیاکانی وزە پێک بهێنێت.
درووستکردنی کەشێکی لەبار و سەلامەتی کارکردن لەئەستۆی خاوەن کار و ئەولایەنەیە کە کارمەند و کرێکار کاری لادەکات. دەبێت سەندیکا تایبەتمەندەکانیش بەردەوام لەسەر خەت بن و فشار لە خاوەن کارەکان بکەن بۆ دروستکردنی ئەو دۆخە تەندروستە و چاودێربن پارێزگاری لەماف و ژیانی کرێکاران بکەن.
پاڵاوگەکان یەکێکە لەو شوێنانەی کە دەبێت بەبەردەوام ڕێکارە سەلامەتیەکان لە ئاستێکی زۆر بەرزدا ڕەچاو بکرێت بۆ ڕێگری کردن لەهەر ڕووداوێکی نەخوازراو ، بۆیە زۆر گرنگە لێکۆڵینەوەکان زۆر وورد بێت بۆ دۆزینەوەی هۆکارەکان.
- زۆرجار هۆکارەکان مرۆیین، ڕێکارەکانی سەلامەتی دەبێت بەبەردەوامی پەیڕەو بکرێت و هەندێک جار کەلتوری گوێنەدان بە هەندێ ڕۆتین لای کارمەند یان بەشەکان دروست دەبێت کە وادەزانرێت پێویست نییە و لە ئەنجامدا کارەساتی لێدەکەوێتەوە.
- لێرەدا لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ڕووداوەکە زۆر بە گرنگ دەزانین بۆ دەستنیشانکردنی هۆکارەکان، هەر لێرەوە داوا دەکەین کە لێژنەیەکی تایبەت و بێلایەن هەستن بە لێکۆڵینەوە لە هۆمانی ڕوودانی ئەو کارەساتەی ئەمڕۆ و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان ئاشکرا بکرێت بۆ ڕای گشتی. دەبێت پاڵاوگەکە هاوکاربێت و کار ئاسانی بکات بۆ دۆزینەوە و دەستنیشانکردنی هۆکارەکان تاوەکو دووبارە نەبێتەوە.
- ئەنجامی لێکۆڵینەوە لە زۆربەی ئاگرکەوتنەوەکان لە جیهاندا لە سێکتەری نەوت و سەکتەرەکانی تردا، مرۆیین و گەر هەندێ رێوشوێن بگیرایەتە بەر ڕێگر دەبون لە ڕودانیان. بۆ یە زۆر گرنگە کە گرنگی تەواو بە سەلامەتی کار بدرێت و ئەو بۆشاییانەی لەو بوارەدا هەیە بە زووترین کات پڕبکرێنەوە.
- کەلتوری سەلامەتی Safety Culture بابەتێکی زۆر گرنگە نابێت بەهیچ شێوەیەک چاوپۆشی لێبکرێت. کۆمپانیاکان بەتایبەت تر کۆمپانیاکانی وزە دەبێت پابەندبکرێن بەپێوەرەکانی سەلامەتییە و بەشێوەیەکی بەردەوام پشکنین بۆ ئاستی پابەندبوونیان بکرێت و ڕوبەڕوی لێپرسینەوە ببن لەکاتی سەرپێچیدا.