لە نوێترین هەواڵدا کۆمپانیای دانا گاز کە لەکێڵگەی کۆرمۆر و چەمچەماڵ کاردەکات ڕایگەیاند :
- بەرهەمی گاز لە کورمۆر ئاستێکی نوێی تۆمارکرد، بەرهەم گەشتە ٤٣٠ ملیۆن پێ سێجای پێوانەیی.
- کۆی بەرهەمهێنانی گاز لە ٨٪ زیادی کردووە و تێکڕای بەرهەم گێشتۆتە ٤٠٠ ملیۆن پێ سێجا.
- کاری پرۆژەی فراوانکردنی ویستگەی کۆرمۆر بۆچارەسەرکردنی گاز دەستپێدەکاتەوە.
- حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی ٣٠ ملیۆن دۆلاری سێ مانگی کۆمپانیای پێرێڵی دواخستووە و بڕیارە لەساڵی نوێ وە بیداتەوە.
کۆمپانیای داناگاز کە بەشێکە لە کۆمپانییاکانی پێرێڵ پترۆلیۆم ڕایگەیاند، لە چارەکی چوارەمی ئەمساڵدا ٢٠٢٠ لە ویستگەی کۆرمۆر بۆ چارەسەرکردنی گازی سروشتی لە هەرێمی کوردستان ئاستێکی پێوانەیی بەرهامیان تۆمار کرد.
رۆژی ١٥ی کانونی دووەم ٢٠٢٠ بەتێکڕا بەرهەمی ٤٣٠ ملیۆن پێ سێجای پێوانەیی گاز لە رۆژێکدا تۆمار کراوە . تێکڕای بەرهەم لە ساڵی ٢٠٢٠ دا گەشتووەتە ٤٠٠ ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێکدا. ئە م بڕە بەراورد بەهەمان کاتی ساڵی ٢٠١٩ بە ڕێژەی ٨% زیاترە.
هەروەها کۆمپانیاکە ڕایگەیاند لە کێڵگەی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستان دەستیان کردووەتەوە بە کاری فراوانکردن لە پرۆژەی دروستکردنی چارەسەری گاز، کە توانای بەرهەمی ٢٥٠ ملیۆن پێ سێجا گازی دەبێت لە رۆژێکدا. لە کاتێکدا کاری فراوانکردنەکە لەمانگی ئازاری رابوردودا بەهۆی رێکارەکانی ڕێگری کردن لە بڵاوبونەوەی کۆڤید ١٩ بەناچاری وەستێنرا بوو. کۆمپانیاکە دەڵێت ئێستاهەمولایەنەکان پابەندن بە تەواو کردنی پرۆژەکە بەزوترین کات، لە گەڵ پاراستنی رێکارەکانی سەلامەتی.
کۆمپانیاکە پێشبینی دەکات کاری بنیادنان لەچارەکی یەکەمی ٢٠٢٣دا تەواو ببێت و لە هەمانکاتدا دەستبکرێت بە بەرهەم هێنان.
لەماوەی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ تا شوباتی ٢٠٢٠ واتە سێ مانگ شایستەی کۆمپانیاکە لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە نەدراوە و دواخراوە بۆ ئەو کاتەی نرخی نەوت دەگاتە سەروو ٥٠ دۆلار.
کۆمپانیای داناگاز دەڵێت حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشنیاری پلانی دانەوەی ئەوشایستە دواخراوانەی ناردووە بۆ پێرێڵ پێترۆلیۆم کە لە ساڵی٢٠٢١ دا بداتەوە کە کۆی هەمووی دەکاتە ٣٠ ملیۆن دۆلار .
کۆمپانیای پێرڵ دەڵێت هاوکاردەبین لەگەڵ هەرێم بۆ گرەنتی وەرگرتنەوەی شایستەکانمان لە کاتی گونجاودا. لەهەمان کاتدا کۆمپانیاکە دەڵێت لەمانگی ئازارەوە کۆمپانیاکە شایستەکانی بەشێوەیەکی بەردەوام و مانگانە وەرگرتووە.
شایانی ئاماژە پێکردنە کۆمپانیا کانی نەوت و گازی کە لە هەرێم کاردەکەن لە ماوەی مانگەکانی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ تا شوباتی ٢٠٢٠ شایستەی داراییان لە لایەن هەرێمەوە وەرنەگرتووە ،کۆی ئە پارانەی بۆ ئەوماوەیە لای حکومەتی هەرێم هەیانە زیاترە لە ١ ملیار دۆلار، کە بڕیارە کاتێک نرخی نەوتی خاوی برێنت لە ٥٠ دۆلاردا جێگیر دەبێت شایستەکانیان وەر بگرنەوە . هەندێک لەوکۆمپانیایانە دەڵێن لە ساڵی ٢٠٢١ دا هەموو شایستەکانمان وەردەگرینەوە. ئایا هەرێم لەم بارودۆخەدا دەتوانێت لە ساڵی نوێدا پابەند بێت بەدانەوەی ئەو قەرزانە؟
پێرێڵ پترۆلیۆم کێیە؟
کۆمپانیای پێرێڵ پێترۆلیۆم پێک دێت لە هەریەک لە کۆمپانیاکانی ( دانا گاز ٣٥%، هیلال ٣٥% ، MOL, OMV وە RWEST هەریەک ١٠%) کە لە لەکێڵگەی کۆرمۆر و چەمچەماڵ وەبەرهێنان دەکەن بە یەکێک لە گەورەترین کێڵگە گازییەکانی ئێراق ئەژمار دەکرێت. و لەساڵی ٢٠٠٧ وە گرێبەستیان لەگەڵ هەڕێم هەیە.
بەپێی زانیاری کۆمپانیاکە هەموو ئەو گازەی لە کێڵگەکە لە سەرەتای بەرهەمەوە بەرهەم هاتووەبەکاردێت بۆ ویستگەکانی کارەبای هەرێم ، هەروەها لە کێڵگەکە گازی شلی ماڵان LPG و کۆندێنسێت NGL بەرهەم دێت کە دەفرۆشرێت بە حکومەتی هەرێم و بازرگانە ناوخۆییەکان.
بەرهەم هێنانی گاز لە کۆرمۆر سەرەتا بە ٣٠٠ ملیۆن پێ سێجا دەستی پێکرد و دواتر توانای بەرهەم هێنان بۆ ٤٠٠ پێ سێجا بەرز بوویەو ،١٥,٠٠٠ بەرمیل کۆندێنسەیت NGL و ١,٠٠٠ ملیۆن تۆن گازی شڵی ماڵان LPG .