کۆمپانیای نەوتی بەریتانی گۆڵف کیستۆن ڕۆژی ٢٠٢٠/١٢/١٥ رایگەیاند توانیویانە بەرهەمی کێڵگەی شێخان زیاد بکەن بە بڕی ٥٠٠٠ بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا بەمەش ئاستی بەرهەمی کێڵگەکە بەرزبکەنەوە بۆ ٤٢ هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا. ئەم ڕێژەیە ڕێژەی ٢٠٪ زیاترە لە و بەرهەمی کە لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ دا هەبوو و ڕێژەی ٣٠٪ی تێکڕای ساڵەکە .
لەماوەی کەمتر لە مانگێکدا ئەمە دووەمین جارە کۆمپانیاکە زیادکردنی ئاستی بەرهەمی ڕادەگەیەنێت. جاری یەکەم لەبەرواری ٢٠٢٠/١١/٢٣ دا ڕایگەیاند بەرهەمی بۆ ٣٩ هەزار بەرمیل زیادی کردووە و ئەمجارەش بۆ ٤٢ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرهەم بەرزبوەتەوە.
زیاد کردنی بەرهەم دوای ئەوەبوو کە بەهۆی کورۆناوە لە مانگی ئازاردا کارکردن لە بیری SH9 وەستاو ئێستا دەستی پێ کردووەتەوە و هەروەها کاری بیری SH12 بەسەرکەوتوویی تەواو بووە. کۆمپانیاکە دەڵێت وەبەرهێنان لەم کێڵگەیە تێ چوی کەمە و کاریگەری گەورەی هەیە.
کۆی نەوتی بەرهەم هاتوو لە کێڵگەکە داو لە ماوەی پێشوەدا گەشتووەتە ٨٠ ملیۆن بەرمیل.
خەرجی بەکاربردن و بەڕێوەبردن هەر بەپێی پلانی داڕێژراو بووە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٩ ڕێژەی ٢٠٪ کەمترە. چاوەڕێ دەکرێت پوختەی خەرجی سەرمایەی ساڵی ٢٠٢٠ تۆزێ زیاتر بێت لەوەی کە دەستنیشانکرا بوو، بریتییە لە ٤٨ ملیۆن دۆلار.
حکومەتی هەرێم بە بەردەوام لە هەشت مانگی ڕابوردوودا پابەندە بە پێدانی شایستە داراییەکانە وە و مانگانە لەکاتی خۆیدا دەیدات و تائێستا شایستەی مانگی تشرینی یەکەمیش وەرگیراوە.
سەبارەت بەو قەرزەی کە بۆ مانگەکانی تشرینی دووەم و کانونی یەکەمی ٢٠١٩ و کانونی دووەم و شوباتی ٢٠٢٠ کە حکومەتی هەرێم نەیدابوو بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە و بڕەکەی ٧٣٫٣ ملیۆن دۆلارە لەمانگی ئازارەوە بۆ ماوەی نۆمانگ و کاتێک نرخی نەوت بگاتە ٥٠ دۆلار دواخرابوو لە لایەن هەرێمە وە (ئێستا مەرجی٩ مانگە کە و نرخەکەش بەدی هاتووە). کۆمپانیاکە پێشنیاری دانەوەی ئەو قەرزانەیان لە حکومەتی هەرێمە وە بەدەست گەشتووە. هەر لەو کێڵگەیە کۆمپانیای MOL ی هەنگاری بڕی ٢٠٫٤ ملیۆن دۆلاری لای هەرێمە واتە قەرزی کۆمپانیاکان لە کێڵگەی شێخان بۆ ئەو چوار مانگەی بریتییە لە ٩٣٫٧ ملیۆن دۆلارە.
پێش چەند ڕۆژێکیش کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی لە حکومەتی هەرێمەوە مۆدێلێکی ڕێکەوتن و شێوازی دانەوەی قەرزی ئەو چوار مانگەیان بۆ نێردراوە لەگەڵ ئەو پارانەی کە پشت گوێ خراوە لە مانگی ئازار تا کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠. کۆی قەرزی ئەو چوار مانگەی گەنێڵ ئەنێرجی بریتییە لە ١٢١ ملیۆن دۆلار. ئەمە بۆ کۆمپانیاکانی تریش دروستە.
ئەو خشتەیەی سەرەوە بەرهەمی کێڵگەی سەرتەی تێدا نییە چونکە لەکۆتایی مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ ەوە کەوتووەتە بەرهەمی بازرگانی و ئاستی بەرهەمی ئەو کێڵگەیە بریتییە لە پێنج هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدالەگەڵ ئەم کێڵگەیەدا کۆی بەرهەمی هەرێم دەگاتە ٤٤٨ هەزار بەرمیل . کێڵگەی سەرتە دەکەوێتەپارێزگای هەولێرەوە و کۆمپانیای شیڤرۆنی ئەمەریکی پشکی ٥٠٪ و گەنێڵ ئەنێرجی ٣٠٪ و هەرێم ٢٠٪ ی هەیە.
کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن پێشتر لەبەرنامەیدا بوو لە چارەکی سێهەمی ئەمساڵدا ئاستی بەرهەمی شێخان بۆ ٣٧ هەزار و پاشتریش لەکۆتایی ساڵدا بۆ ٥٠ بۆ ٥٥ هەزار بەرزبکاتەوە بەڵام ئەو ئامانجە ئێستا بۆ چارەکی یەکەمی ٢٠٢١ دواخراوە و چاوەڕێ دەکرێت ئەوکات بەرهەمی شێخان زیاد بکات بۆ ٥٠ هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا.
کێڵگەی شێخان دەکەوێتە پارێزگای دهۆکەوە، ٦٠ کیلۆمەتر لە باکوری رۆژئاوای هەولێر. کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن کە کۆمپانیایەکی بەریتانییە پشکی ٨٠% کێڵگەکەی هەیە و کۆمپانیای MOL هەنگاری ٢٠% پشکەکانی هەیە. نەوت لەم کێڵگەیەدا سالی ٢٠٠٩ دۆزرایەوە ، لەساڵێ ٢٠١٣ وە بەرهەم هێنان دەستی پێکردووە. تا ئێستا زیاتر لە ٨٠ ملیۆن بەرمیل نەوت لەم کێڵگەیە بەرهەم هاتووە. جۆری نەوتی ئەم کێڵگەیە نەوتی قورسە و بە کەمترلە ٢١ دۆلار لەژێر نرخی برێنتەوە دەفرۆشرێت. تێچوی بەرهەمهێنان Opex بۆبەرمیلێک نەوت لەم کێڵگەیە، بەپێی زانیاریەکانی گۆڵف کیستۆن بریتییە لە ٣ دۆلار .