▪️ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٠/١١/٣٠ دانیشتنی ئۆپیک پلەس دوای ئەوەی ڕۆژێکی دوور و درێژیان بەڕێکرد بەڵام بەبێ ئەوەی بگەنە ئەنجام کۆبوونەوەکە کۆتایی هات.
لەبری ئەوەی سبەینێ سێ شەممە کۆبونەوەی وەزیرەکان بکرێت، دواخرا بۆ ڕۆژی پێنج شەممە ، تاوەکو دەرفەتی زیاتر بڕەخسێ بۆ وتووێژی لایەنەکان بۆ گفتو گۆ و گەشتن بەڕێکەوتن سەبارەت بەوەی کە ئایا لە سەرەتای ساڵەوە بچنە قۆناغی سێی ڕێکەوتنەکەیان بە زیاد کردنی نزیکەی ٢ ملیۆن بەرمیل یاخود بەرهەم بەم ئاستەی ئێستای لانی کەم بۆ چارەکی یەکەمی ساڵ بهێڵنەوە.
▪️دواخستنی دانیشتنی سبەینێ نیشانەی دابەش بوونی ڕاو ناکۆکی ئەندامانە سەبارەت بە درێژکردنەوەی ئاستی بەرهەمی ئێستا کە لە لایەن هەریەک لە سعودیە و ڕوسیاوە پشتگیری دەکرێت، لە بەرانبەردا ئیمارات یەکێکە لە بەرهەڵستکارەکانی درێژکردنەوەی ئاستی بەرهەمی ئێستا و دەیەوێت بەرهەم زیاد بکات و ئەو ڕێژەیەی بۆی دیاری کراوە بە دادپەروەری نازانێت، هەروەها عێراق و نەیجیریا دەیانەوێت بەرهەم زیاد بکەن تاوەکو زۆر ترین داهاتیان دەست بکەوێت.
▪️ شازادە عبدالعزیز کە هاوسەرۆکی هاوپەیمانیەکەیە لەگەڵ وەزیری نەوتی ڕووسیادا ئەلێکساندەر نۆڤاک، وەکو ناڕازیی بوونی لە بەرەوپێش چوونی وتووێژەکان دەیەوێت واز لە هاوسەرۆکی بێنێت و پێشنیاری بۆ ئیمارات کردووە کە شوێنەکەی پڕ بکاتەوە بەڵام ڕەدکراوەتەوە لە لایەن ئیماراتەوە.
▪️دەنگۆی ئەوە هەیە لە کاتێکدا ئیمارات ئەندامێکی گرنگی ڕێکخراوی ئۆپیکە بە نیازی دەرچوونە لە ڕێکخراوەکە بەیەکجاری.
▪️لە سەرەتای بڵاو بوونەوەی هەواڵی سەرکەوتنی پێکوتەی کۆرۆنا لە چەند کۆمپانیایەکەوە نرخی نەوت بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە، خواست لەسەر نەوت لە ئاسیا زیادی کردووە لە کاتێکدا لە ئەوروپا خواست نزمە، بەڵام زۆرێک پێیان وایە زیاد کردنی بەرهەم لەم کاتەدا قومارە و ئەگەری دابەزینی زیاتری هەیە.
▪️ئەمە یەکەم جار نییە هاوپەیمانیەکە بەئاسانی نەگەن بەڕێکەوتن. لەمانگی ئازاردا ئۆپیک پلەس شکستی هێنا لەوەی بگەن بەڕێکەوتن بۆ کەم کردنەوەی بەرهەم و داڕمانی نرخی بەدوادا هات، پاشان لە نیساندا چەند ڕۆژێک وتووێژیان کرد تاگەشتن بەو ڕێکەوتنەی ئێستا، هەروەها وتووێژەکانی کەم کردنەوەی بەرهەم لە لایەن ئۆپیک لەساڵی١٩٨٦ دا ١٧ ڕۆژی خایاند تاگەشتن بەڕێکەوتن. بۆیە دواخستنەکە فرسەتی زیاتر دەدات بە لایەنەکان تا وەکو لەڕێی تەلە فۆنەوە گفتوگۆی زیاتر بکەن بگەن و ئەم قۆناغەش تێپەڕێنن
▪️لەگەڵ دواخستنی دانیشتنەکەی سێ شەممە دا نرخی نەوت بەڕێژەیەک دابەزی.