وەزارەتی نەوتی عێراق لە ٢٠٢٠/١١/١ بڕی هەناردەو داهاتی نەوتی خاوی مانگی تشرینی یەکەم ڕاگەیاند.
بەشێوەیەکی بەردەوام وەزارەتی نەوت لە سەرەتای هەرمانگێکدا ژمێرەر سەرەتایی بۆ ئاستی هەناردەی بڕی داهات و نرخی نەوتی فرۆشراو ڕادەگەیەنێت وە لە پێش کۆتایی مانگیش ژمێرەی کۆتایی ڕادەگەیەنێت.
ئاستی هەناردەی نەوتی عێراق لە مانگی تشرینی یەکەم بە پێی ژمێرەی سەرەتایی کە لەلایەن کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراقەوە (سۆمۆ) ڕاگەیەندراوە بریتی بووە لە ٨٩ ملیۆن و ١٥٣ هەزار و ٨٩٩ بەرمیل نەوت. تێکڕای داهاتی فرۆشی نەوت لەو ماوەیەدا بریتی بووە لە ٣ ملیار و ٤٣٠ ملیۆن و ٦٣٠ هەزار دۆلار.
کۆی هەناردە لە کێڵگەکانی ناوەڕاست و باشوری وڵاتەوە بریتی بووە لە ٨٦ ملیۆن بەرمیل نەوت. هەروەها هەناردەی کێڵگەکانی کەرکوک لە ڕێی بەندەری جیهانەوە بریتی بووە لە ٢ ملیۆن و ٨٦٧ هەزار و ٦٣٧ بەرمیل نەوت و کۆی هەناردە بۆ ئوردن بریتی بووە لە ٢٦٣ هەزار ٥٨ بەرمیل نەوت.
تێکڕا هەناردەی ڕۆژانەی عێراق لە مانگی ئەیلولدا بریتی بووە لە ٢ ملیۆن و ٨٧٦ هەزار بەرمیل. وە لەم بڕە تێکڕا هەناردە لە ڕێی بەندەرەکانی بەسرەوە بریتی بووە لە ٢ ملیۆن و ٧٧٤ هەزار و ١٩٣بەرمیل لە ڕۆژێکدا. هەناردەی لەڕێی بەندەری جیهانی تورکیاوە بریتی بوو لە ٩٢ هەزار و ٥٠٤ بەرمیل لە ڕۆژێکدا وە هەناردە بۆ ئوردن ڕۆژانە تێکڕا ٨ هەزار و ٤٨٥ بەرمیل نەوت بووە.
تێکڕای نرخی فرۆشی نەوتی عێراق لە تشرینی یەکەمدا بریتی بووە لە ٣٨٫٤٨٠ دۆلار لە کاتێکدا لە مانگی ئەیلولدا نەوت بە ٤٠٫٤٠٧ دۆلار فرۆشراوە .
لەگەڵ ئەوەی هەناردە ڕۆژانە تێکڕا بڕی ٢٦٣ هەزار بەرمیل زیادی کردووە بەڵام بەهۆی ئەوەی نرخی نەوت ١٫٩٢ دۆلار کەمتر بووە لەمانگی پێشو داهات تەنها ٢٦٣ ملیۆن و ١٩٦ هەزار دۆلار زیادی کردووە بەراورد بە مانگی ئەیلول.