بەهۆی شەپۆلی پایزەی کۆڤید ١٩ (شەپۆلی دووەم) و ئەو ڕێکارە توندانەی گیراونەتە بەر لەگەڵ سستی ئابوری جیهان نا ئارامی لە لای بەرهەم هێنەکانی نەوت و بە تایبەت هەندێک لە وڵاتانی ناو هاوپەیمانی ئۆپیک+ درووست بووە.
وڵاتی سعودییە و ڕوسیا کە بە دیفاکتۆ ڕێبەرایەتی هاوپەیمانی ئۆپیک+ دەکەن، دەیانەوێت لە ساڵی نوێ دا درێژە بە قۆناغی دووەمی ڕێکەوتنەکەیان بدەن، و بەرهەم هەر وەکو ئێستا بەردەوام بێت و بڕی ٧,٧ملیۆن کەم بکەنەوە، لە بری ئەوەی وەکو لەسەرەتاوە لەسەری ڕێک کەوتوون بچنە قۆناغی سێهەمەوە و ڕۆژانە بەرهەم بە ڕێژەی ٥,٧ ملیۆن بەرمیل کەم بکەنەوە. تاوەکو بتوانن پارێزگاری لە نرخ بکەن لەم کاتەدا کە خواست لەسەری کەمە بەهۆی شەپۆلی دووەمی کۆڤید ١٩ و سستی گەشەی ئابوری جیهان .
عێراق دووەم گەورە بەرهەمهێنی ناو ڕێکخراوی ئۆپیک بەپێی قۆناغی دووەمی ڕێکەوتنەکەی ئۆپیک+ دەبێت ڕۆژانە بڕی ٨٥٠ هەزار بەرمیل نەوت کەم بکاتەوە، ئامادەیی پابەند بونی بەڕێکەوتنەکە نیشانداوە تاوەکو کۆتایی ساڵ بەڵام داوای ئەوەدەکات لەساڵی نوێدا لەپابەندی ببەخشرێت و بە شێوەیەکی جیا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
بەرپرسێکی عێراق کە ئامادەی دانیشتنەکانی ئۆپیک دەبێت دەڵێت “هەموو وڵاتانی ناو ڕێکخراوەکە دەبێت تێگەشتنیان بۆ بارودۆخی عێراق هەبێت کاتێک باسی درێژکردنەوەی ڕێکەوتنەکە دەکەن”.
عێراق بەهۆی ئەوەی بەشێوەیەکی سەرەکی پشتی بە داهاتی نەوت بەستووە، کێشەی دارایی قوڵی بۆ دروست بووە. لەمانگی ڕابوردودا بۆیەکەم جار لە مێژوی ئەو وڵاتەدا موچەی فەرمانبەران دواکەوت بەهۆی لەبەر دەست نەبونی پارەی تەواو لای وەزارەتی دارایی. لە ئێستادا بەپێی لێدوانی بەرپرسانی وەزارەتی دارایی داهاتی نەوت تەنها بەشی ٥٠٪ ی خەرجی حکومەت دەکات.
گەندەڵی و بە هەدەردانی زۆر و کێشە ناوخۆییەکان مەترسیان لەسەر داڕمانی ئابوری ئەو وڵاتە دروست کردووە. لە ئێستادا عێراق لە هەمووکان زیاتر پێویستی بەوەیە کە مامەڵەی جیاوازی لەگەڵ بکرێت و پابەند نەکرێت بە کەم کردنەوەی بەرهەم بۆیە داوای چاو پیاخشاندنەوە دەکات بە پابەندییەکانی دا. لە ڕەابوردوشدا عێراق کێشەی پابەندبونی هەبووە بەو ڕێژەیەی کە بۆی دیاری کراوە لە لایەن هاوپەیمانییەکەوە.
کەم بونەوەی داهات کاریگەریی لەسەر شایستە داراییەکانی هەولێر لای بەغداد کردووە. بەپێی دواهەمین ڕێکەوتنی نێوان هەولێر و بەغداد بڕیارە مانگانە بڕی ٣٢٠ ملیار دینار بۆ هەولێر بنێردرێت بەڵام تائێستا نەنێردراوە ودیاریش نیە کەی دەینێرن.
لە پێشهاتێکی تردا بەپێی ڕاگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێم و پێش سێ ڕۆژ و لە ٢٨ ی تشرینی یەکمی ٢٠٢٠ دا ئەو بۆرییەی کە نەوتی هەرێمی پیا هەناردە دەکرێت لە ناو خاکی تورکیا و نزیک شاری ماردین تەقێنرایەوە و بە هۆیەوە هەناردەی هەرێم کە مەزەندە دەکرێت بە ٤٣٠ بۆ ٤٥٠ هەزار بەرمیل نەوت وەستاوە. هەپەگە بەرپرسیارێتی تەقاندنەوەکەی لە ئەستۆ گرتووە.
بەپێی لێدوانەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق دەبێت هەرێمی کوردستانیش بەشدار بێت لەو پابەندیەی عێراق لەسەر شانیەتی بۆ کەمکردنەوەی بەرهەم. بەڵام بەپێی زانیارییەکان تائێستا هەرێم پابەند نەبووە.
لەلایەکی ترەوە هەر یەکە لەکوەیت و ئیمارات پشتگیری هەر بڕیارێک دەکەن سعودییە بیدات . کوەیت لەزاری وەزیری نەوتەوە دكتۆر خالد الفاضل ڕایگەیاند کە پابەند دەبن بەهەر بڕیارێک کە هاوپەیمانییەکە بیدات.
کەم کردنەوەی بەرهەم ئاڵانگارییە لە بەردەم ئیمارات دا، لەمانگی ئابدا لە پشکی خۆی زیاتر نەوتی بەرهەم هێنا و ئێستا قەرەبووی دەکاتەوە. بەرهەمی ئیمارات ٣٣٪ کەمترە لەتوانای بەرهەم هێنانی، ئێستا ڕۆژانە ٢٫٥٩ ملیۆن بەرمیل بەرهەم دەهێنێت لە کاتێکدا بەپێی داتاکانی ئۆپیک لەمانگی نیساندا بەرهەمی ٣٫٩ ملیۆن بەرمیل بووە.
کوەیتیش بەهەمان شێوە ئێستا بڕی ٢,٢٩٧ ملیۆن بەرهەم دەهێنێت لە کاتێکدا توانای ٣,١ملیۆنی هەبوەە لە پێش ڕێکەوتنەکەوە واتە بەڕێژەی ٢٦٪ کەمتر لە توانای بەرهەم هێنانی.