یادگار سدیق گەڵاڵی
لە چەند هەفتەی ڕابوردوو دا بەردەوام نرخی نەوت لە داکشاندایە تاوەکو ئەمڕۆ گەشتە نزمترین ئاستی پێنج مانگی ڕابوردوو.
چەند هۆکارێک لە پشت ئەم دابەزینە بەردەوامەوەیە لێرەدا بەکورتی لەم چەند خاڵەدا چڕی دەکەینەوە:
▪️ لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا و لە ئەگەری بردنەوەی جۆ بایدن کە تائێستا تەنها هەفتەیەکی ماوە بۆ هەڵبژاردن، لە زۆرێک لە پێشبینیەکاندا لەپێشەوەی کێبڕکێی سەرۆکایەتی دایە، دڵەڕاوکێ و ناسەقامگیری لە ئایندەی نرخی نەوت دروست کردووە. چۆن؟ چاودێران پێیان وایە لە ئەگەری بردنەوەی بایدندا گەمارۆکانی سەر ئێران سوک دەبێت و ئەمەریکا دەگەڕێتەوە بۆ ڕێکەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی ٢٠١٥ کە ئەوکات جۆ بایدن جێگری سەرۆک ئۆباما بووە. بەوەش جارێکی تر پیشەسازی نەوتی ئێران دەبوژێتەوە و لەماوەیەکی کەمدا دەتوانرێت ئاستی هەناردە بۆ سەروو یەک ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە زیاد بکات. ئێران لە توانایدایە بڕی ٣,٨ ملیۆن بەرمیل نەوت ڕۆژانە بەرهەم بهێنێت ، ئێستا بەهۆی توندکردنی گەمارۆکانی ئەمەریکاوە نیوەی ئەوڕێژەیە بەرهەم دەهێنێت و زۆربەشی لەناوخۆدا بەکار دەبات. بۆیە گەر بایدن براوەی هەڵبژاردنبێت لە ساڵی نوێوە ئێران دەتوانێت بڕێکی زۆر نەوت بخاتە بازاڕەوە.
▪️ لەلایەکی تر لایەنە شەڕ کەرەکانی لیبیاش گەشتونەتە ڕێکەوتن و بەو هۆیەشەوە بەرهەمی نەوتی لیبیا لە هەفتەی ڕابوردوو وە بوژاوەتەوە و چاوەڕێی بوژانەوەی زیاتری لێ دەکرێت. پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی ساڵ بەرهەم زیاتر لە ملیۆنێک بەرمیل زیاد بکات.
▪️ شەپۆلی پایزەی کۆرۆنا تێکەڵ بووە لەگەڵ ئەنفلۆنزای وەرزیدا و بەڕێژەیەکی فراوان وڵاتە گەورە پیشەسازییەکانی ئەوروپای گرتووەتەوە و هەریەک لە بریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا رێوشوێنی زۆر توندیان گرتووەتە بەر بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ڤایرۆسەکە، بەم هۆیەشەوە مەترسی لە سەر بەکارهێنانی وزە بۆ نزمترین ئاست جارێکی تر دروست دەبێت. بەهەمان شێوە لە ئەمەریکاو هیندستان و چەند وڵاتی پیشەسازی تریش ڤایرۆسەکە لە تەشەنە سەندندایە.
▪️ بڕیارە لە ساڵی نوێ وە ڕێکەوتنەکەی هاوپەیمانی ئۆپیک پلەس بچێتە قۆناغی سێی ڕێکەوتنەکەیەوە و بڕی ٢ ملیۆن بەرمیل نەوت زیاد بکات بۆ بازاڕ، بەمەش بە زیادکردنی بەرهەمی لیبیا و ئێران ئەگەری زیاد بونی ٤ ملیۆن بەرمیل نەوت ڕۆژانە هەیە بۆ سەر بەرهەمی جیهان، بەو هۆیەوە ئەگەری دروست بوونی کێشەی گەورە بۆ نرخی نەوت هەیە. بەم شێوەیە ئۆپێک پلەس دەکەوێتە بارودۆخێکی قورس و نەخوازراوە وە، بۆیە ئەگەر هەیە لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم کە بڕیارە کۆبونەوەی وەزاری ئۆپیک پلەس بکرێت پیاچونەوە بە قۆناغی سێی ڕێکەوتنەکەدا بکرێت دوای هەڵسەنگاندن بۆ بازاڕی نەوت و ئاستی خواست و خستنەڕوی ئەگەر بەهێز هەیە بۆ دواخستنی دواقۆناغی ڕێکەوتنەکە، بە پێچەوانەوە ئەگەر چارەسەر بۆ ڤایرۆسی کرۆنا نەدۆزرێتەوە و بارودۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت شاهێدی دابەزینی زیاتری نرخی نەوت دەبینەوە.
▪️ ئەم چەند خاڵەی سەرەوە بەیەکەوە هۆکارن بۆ زیادبوونی ئەمباری نەوت لە جیهاندا، لە کاتێکدا چاوەڕوان دەکرا لە مانگە کانی ١١و ١٢ ی ٢٠٢٠ خستنە ڕوی نەوت کەمتر بێت لە خواست لەسەری و ئاستی کەڵەکەبونی نەوت لە کۆگاکاندا کەم بکات بەڵام ئێستا پێچەوانە بووەتەوە وزیادە هەیە لە خستنە ڕوودا. بەرزبونەوەی بەهای دۆلاری ئەمریکیش دەبێتە هۆکارێکی تر بۆ دابەزینی نرخی نەوت بۆ ئەو ئاستەی ئێستا. بۆیە دەتوانین بڵێین ئاماژەکان بۆ ساڵی نوێ مژدە بەخش نین.