هەریەک لە کۆمپانیاکانی گەنێڵ ئەنێرجی و گۆڵف کیستۆن و شاماران شایستەی داراییان لە حکومەتی هەرێم وەرگرت بۆ هەریەک لە کێڵگەی تاوکی، تەق تەق، شێخان و ئەتروش.
لە هەمان کاتدا هەریەک لە کۆمپانیاکانی کار لە کێڵگەی خورمەڵە و و HKN لە سەرسەنگ و ORYX لە کێڵگەی هەولێر لەگەڵ کۆمپانیای گاز پرۆم لە گەرمیان شایستەکانیان ڕانەگەیاندووە.
کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت کۆی شایستەی کۆمپانیاکان لە کێڵگەی تاوکی بۆمانگی ئەیلول بریتی بووە لە ٣٠,٢ ملیۆن دۆلار. لەم بڕە پشکی کۆمپانیای گەنێڵ بریتی بووە لە ٧,٤ ملیۆن دۆلار کە خاوەنی ٢٥٪ی پشکی کێڵگەکەیە ، ئەوی دەمێنێتەوە بریتییە لە ٢٢,٨ ملیۆن دۆلار پشکی کۆمپانیای دی ئێن ئۆیە کە پشکەکانی بریتییە لە ٧٥٪ی پشکی ئەو کێڵگەیە . بەراورد بەمانگی ئاب شایستەی کۆمپانیاکان لە تاوکی ٣٫٦ ملیۆن دۆلار کەمتر بووە وە بەراورد بە مانگی تەموز ٥,٦ ملیۆن دۆلار کەمتر بووە . کۆمپانیای DNO ی نەرویجی ئەمڕۆ ڕایگەیاند کە بەرهەمی کێڵگە کە ١٢٪ زیادی کردووە بەراورد بە چارەکی دووەمی ساڵ و ئێستا بەرهەم بەرزبوەتەوە بۆ ١١٣ هەزار و ٧٠٠ بەرمیلی ڕۆژانە لە کاتێکدا لە چارەکی دووەمدا کەم بووە وە بۆ نزیکەی ١٠٠ هەزار بەرمیل.
هەروەها کۆمپانیاکە دەڵێت بۆ کێڵگەی تەقتەق بڕی ٤ ملیۆن دۆلاریان وەرگرتووە. گەنێڵ ئەنێرجی کە پشکی ٤٤٪ی کێڵگەکەی هەیە بڕی ٢,٢ ملیۆن دۆلاری بەرکەوت وە کۆمپانیای ئاداکس پەترۆلیۆم پشکی ٣٤٪ی هەیە بڕی ١,٨ ملیۆن دۆلاری بەردەکەوێت. لەم کێڵگەیە مانگی ئابدا بڕی ٤٫٦ ملیۆن دۆلار شایستەی دارایی ئەو کێڵگەیە بووە واتە ٦٠٠ هەزار دۆلار کەمی کردووە و لە مانگی تەموزدا ٤,٧ ملیۆن دۆلار شایستەی دارایی کۆمپانیاکان بووە لە کێڵگەی تەقتەق.
کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن کە لە کێڵگەی شێخان خاوەن پشکە لەگەڵ کۆمپانیای ئێم ئۆ ئێڵ (MOL). کۆی شایستەکانیان بریتی بووە لە ٩,٩ ملیۆن دۆلار. گۆڵف کیستۆن ٨٠٪ ی پشکی کێڵگەکەی هەیە و بڕی ٧,٧ ملیۆن دۆلاری وەرگرتووە. کۆمپانیای ئێم ئۆ ئێڵ ٢٠٪ی پشکەکانی هەیە و ٢,٢ ملیۆنی وەرگرتووە. شایستەی کۆمپانیاکان لەم کێڵگەیە لەمانگی ئەیلولدا ٢,١ ملیۆن دۆلار بەراورد بە مانگی ئاب کەمتر بووە و و بەراورد بە مانگی تەموز ١٠٠ هەزار دۆلار کەمتر بووە.
کۆمپانیای شامرانی کەنەدی لە کێڵگەی ئەتروش پشکی هەیە لەگەڵ کۆمپانیای تاقە ی ئیمارەتی دا، ڕای گەیاند بڕی ١٦ ملیۆن دۆلاریان وەرگرتووە وەکو شایستەی دارایی بلۆکەکە. لەو بڕە ٥,٤ ملیۆن دۆلار پشکی شامران و ئەوەی دەمێنێتەوە کەدەکاتە ١٠,٦ ملیۆن دۆلار پشکی تاقە بووە. بەرهەمی ئەم کێڵگەیە لە کۆتایی نیوەی یەکەمی ساڵدا بریتی بووەلە ٤٦,٩ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا. پشکی کۆمپانیای تاقە بریتییە لە ٤٧٫٤٪ وە شامران ٢٧,٦٪ی کێڵگەکە و هەرێمیش ٢٥٪. شایستەی کۆمپانیاکان لەم کێڵگەیە بەراورد بە مانگی ئاب ٤ ملیۆن دۆلار کەمتر بووە وە بەراورد بە تەموز ٥ملیۆن و ٤٠٠ هەزار دۆلار کەمترە.
٤٨٪ ی بەرهەمی کوردستان لەم چوار کێڵگەیە بەرهەمدێت و کۆمپانیاکان بڕی ٦٠,١ ملیۆن دۆلاریان وەرگرتووە، لە کاتێکدا لەمانگی ئابدا بڕی ٧٠,٩ ملیۆن دۆلار وەکو شایستەی مانگی ئاب وەرگیراوە بۆ ئەو چوار کێڵگە نەوتییە جگە لە کرێی گواستنەوە. ئەمە دەکرێت ئاماژەبێت بۆ ئەوەی داهاتی نەوت لە مانگی ئەیلولدا کەمتر بووبێت لەمانگی ئاب.
پێشبینی دەکرێت داهاتی مانگی تشرینی یەکەم کەمتر بێت لە مانگی ئەیلول بەو پێیەی لەچەند هەفتەی ڕابوردو دا و تائێستاش نرخی نەوت بەردەوام لە دابەزیندایە بەهۆی بڵاوبونەوەی بەرفراوانی کورۆنا لە ئەوروپا و گرتنە بەری رێوشوێنی توند لە وڵاتە گەورە پیشە سازیەکان، هەروەها نزیک بونەوەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکاش هۆکارێکی تری دابەزینی نرخی نەوتە لەپاڵ زیاد بونی بەرهەمی لیبیا.
کۆمپانیا نەوتییەکان بەردەوام لە مانگی ئەیلولی ٢٠١٥ وە شایستە داراییەکانیان وەرگرتووە جگە لە دومانگی تشرینی دووەم و کانونی یەکەمی ٢٠١٩ لە گەڵ کانونی دووەمی ٢٠٢٠ نەبێت دوا خراوە بۆ کاتێک کە نرخی نەوت دەگاتە سەرو ٥٠$ و قەرزە لە ئەستۆی حکومەت وبەپێی شیکردنەوەیەکی ڕوونبین مەزەندە دەکرێت بە زیاتر لە یەک ملیار دۆلار .
بەڵام فەرمانبەرانی هەرێم بەردەوام لە ماوەی چەند ساڵی ڕابوردودا موچەکانیان دوادەکەوێت،لەگەڵ ئەوەشدا پێشتر بەناوی پاشەکەوتەوە لێیان دەبڕین و نیو موچەیان پێ دەدان بەڵام چەند مانگێکە بە لێبڕینەوە دوای دواکەوتن پێیان دەدرێت. دەبێت کەی موچەخۆرانی حکومەتیش بەهەمان شێوەی کۆمپانیا نەوتییەکان شایستەکانیان لەکاتی خۆیدا وەربگرن؟