یادگار سدیق گەڵاڵی
بەهۆی هەڵکشانی ڕێژەی توشبونی کورۆنا لە ئەوروپا و ئەمەریکاو زۆر وڵاتی ئەمەریکای لاتین و هیندستان و نەدۆزینەوەی پێکوتە تا ئێستا ، دڵەڕاوکێ و نیگەرانی هەیە لەسەر ئایندەی نرخی نەوت، بە تایبەت لە ساڵی نوێدا. چونکە بەپێی ڕێکەوتنەکەی وڵاتانی ئۆپیک پلەس بڕیارە لە سەرتای کانونی دووەمی ٢٠٢١ وە بڕی ٢ ملیۆن بەرمیل نەوت زیاتر بخەنە بەزاڕەوە، هەروەها بەهۆی ئاگربەستی نێوان لایەنە شەڕکەرەکانی لیبیا بەرهەمی لیبیا بوژاوە تەوە لە ٧٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانەوە ئێستا بۆ نزیکەی ٥٨٠ بۆ ٦٠٠ هەزار بەرمیل. چاوە ڕێش دەکرێت لە چەند هەفتەی داهاتودا بەرز ببێتەوە بۆ ١ ملیۆن بەرمیل. ئەمە لە کاتێکدایە بەپێی ڕێکەوتنەکەی ئۆپیک پلەس لیبیا پابەند نییە بە کەم کردنەوەی بەرهەمە وە.
ئەوەمان بیر نەچێت تا ئێستا بوژانەوەی ئابوری جیهان زۆر سستەو پێشبینیەکان و چاوەڕیانیەکانی ڕابوردوو بۆ بازاڕ تائێستا وەکو خۆی دەرنەچوون.
چەندین پاڵاوگە داخراون و زۆرێکی تریش مەترسی داخستنیان لەسەرە بەهۆی کەمی خواست لەسەر بەروبومە نەوتییەکان.
هەر بۆیە لەهەموو کات زیاتر ئۆپیک پلەس پێویستی بە چاوپیاخشاندنەوە بە ڕێکەوتنەکەی دا، بەوەی چۆن مامەڵە لەگەڵ جێبەجێ کردنی قۆناغی سێهەمی ڕێکەوتنەکەی دەکات. دەبێت هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی خواست و ڕێژەی خستنە ڕوی نەوت بکرێت و وەڵامی ئەو پرسیارە بدرێتەوە کە ئایا پێویست دەکات قۆناغی سێهەمی ڕێکەوتنەکە بۆ سێ مانگ دوابخرێت یان زیاتر، چونکە زۆری بەرهەم و کەمی خواست جارێکی تر ڕوبەڕوی دابەزینی نرخی نەوتمان دەکاتەوە.
زیاتر لە دە مانگە ڤایرۆسی کرۆنا هەڕەشە یە لە سەر جیهان و بەو هۆیەوە ٧ مانگە نرخی نەوت زۆر نزمە و ئابوری جیهان لە کێشەی قوڵدایە و ئەگەری ئەوەش هەیە لەساڵی ٢٠٢١و تەنانەت تا دوای ٢٠٢٢ ش کاریگەری ئەم قەیرانە بمێنێتەوە.
کاریگەری ئەم قەیرانە لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان زۆرە، بەوپێیەی متمانەی سەرەکییان لەسەر فرۆشی نەوتە بۆ دابینکردنی داهات. رۆژدوای ڕۆژ کاریگەری قەیرانەکە زیاتر بەدەر دەکەوێت و قوڵتر دەبێتەوە و ڕەنگدانەوەی لە گیرفانی هاوڵاتیدا بەدەر دەکەوێت بەتایبەت کاتێك گەندەڵی و بەهەدەردانی زۆر هەموو پنتێکی حکومڕانیی گرتووەتەوە. چاککردنی بارودۆخەکە بەرگەی دواخستن ناگرێت و کات لەبەرژەوەندی کەس دا نیە.
ئێستا لە عێراق پلانی چارەسەری قەیرانەکە بەناوی “پەڕەی سپی” خراوەتە ڕوو. بەپێی پەڕە سپییەکە بڕیارە لە سێ بۆ پێنج ساڵ بەڕێژەیەکی باش چارەی کێشە کەڵەکە بووەکان بکات.
پرسیارە جەوهەریەکە لێرەدا ئەوەیە ئایا ئێمە لە هەرێم چیمان کردووە چ هەنگاوێک مان ناوە لەسەر ئەرز و لە مەیدان دا بۆ:
نەهێشتنی قۆرغ کاری،
سنوردار کردنی گەندەڵی،
فرە کردنی سەرچاوەکانی داهات،
بوژانەوەی سەکتەرە جیاجیاکانی ئابوری؟
باشکردنی کەرتی تەندروستی و خوێندن و کەرتە خزمەتگوزارییەکانی تر؟
کە باسی هەنگاو دەکەین مەبەست هەنگاوی کردارییە کە جێکەوتەی ڕاستەوخۆ و ئەنجامی بینراوی هەبێت.
ئایا بەم ئالیەت و ئامڕازانە دەتوانرێت گۆڕانکاری و چاکسازی بکرێت؟ کە تاوەکو ئێستا نەمان توانیوە لیستی موچەخۆران پاک بکەینەوە لە موچەخۆری وەهمی و چەند مووچە، یان کۆنترۆڵ نەکردنی دەروازە سنوری یەکان ، بەڕۆژی ڕوناک هێزی چەکدار نەک بڕیاری حکومەت جێ بەجێ ناکات بەڵکو دژایەتیشی دەکات،
دەزگای ئاسایش، دژە تیرۆر، پاراستن و زانیاری ناتوانن کۆنترۆڵی دەروازەکان بکەن ، یان نایانەوێت؟
ئایا بارودۆخەکە هێندە ئاساییە کە چاکسازی لەسەر پشتی کیسەڵ بڕوات؟!
ئایا بەڕاست سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی کە هەرچی هێزی چەکدارە لای ئەوان و حیزبەکەیانە و گۆڕان کە تیمی لە حکومەتە و بەڕێوەبردن یان بەر پرسیارێتی لە چەند دەروازەیەکی سنور هەیە ناتوانن هیچ بکەن و سنورێک بۆ ئەم فەوزایە دابنێن؟!
کاتێک ئەوانیش هەروەک من و تۆ دەڵێن گەندەڵی و قاچاخی و ئیستغلال و چی و چی هەیە!! ئەوکات هیوایی چاکسازی لەگۆڕ نانرێت و ئەو ووتەیەی دەڵێت “چاکسازی جگە لە دروشمێکی بریقەدار هیچی تر نییە” زیاتر ناچەسپێت؟