یادگار سدیق گەڵاڵی
ئاماژەکانی بازاری نەوت دژیەکن، چ لەلایەن گەورە بەکاربەرانی وزەی جیهان، ئەمەریکا و چین و ئەوروپا یاخود لەلایەن گەورە بازرگانەکانەوە وەکو ڤیتۆڵ و ترفیگورا، تەنانەت لەلایەن بەرهەم هێنەکانی نەوتیشەوە ئۆپیک و کۆمپانیای بی پی بەریتانی .
بازاڕی نەوت لەماوەی شاش مانگی ڕابوردودا خراپترین بەرزونزمی لە مێژودا بەخۆیەوە دیوە. سەبارەت بە ئایندەی نرخی نەوت ڕاڕایی و دودڵییەکی زۆری دروست کردووە لەلای بازرگانەکان، هۆکاری سەرەکی ئەم ئاڵۆزییەش بە دەرەجەی یەک کۆڤید -١٩ یە.
جارێکی تر لە ئەمەریکاو ئەوروپا و هیندستان رێژەی توش بوون زیادی کردووە ، ئەمەش کاریگەری راستەوخۆی لەسە خواست لەسەر نەوت دەبێت ، لەگەڵ ئەوەی لە چین بارودۆخەکە ئارام ترە بەڵام کاریگەرییەکانی کورۆنا چاوەڕێ دەکرێت بۆ چەندساڵێک بمێنێتەوە، بەتایبەت هەتا ئێستاش پێکوتە بەردەست نییە. لەهەمان کاتدا گرەوێکی زۆر لەسەر پێکوتە دەکرێت و زۆرێک پێیان وایە بە دۆزینەوەی و کەوتنە بازاڕی جوڵەی گەشتە ئاسمانییەکان زیاد دەکات و خواست لە سەر سوتەمەنی فرۆکە زیاد دەکات. بە زیاد بوونی خواست لەسەر سوتەمەنی فرۆکە فشارەکان لە سەر پاڵەوگەکان سوک دەبێت کە لەئێستادا بەهۆی کەمی خواست لەسەر دیزڵ و سوتەمەنی فرۆکە فشاریان لەسەرە و بەشێک لە پاڵاوگەکان لە ئەوروپاو ئەمەریکا ویابان مەترسی داخستنیان لەسەرە و بەشێکیشیان داخراون.
چین
ئەوەی لە چین رودەدات زۆر گرنگە بۆ بازاڕی نەوت چونکە یەکێکە لە گەورەتین کڕیارەکانی نەوت ، لە ئێستادا هاوردەکردن کەمی کردووە لەگەڵ ئەوەشدا ئاستی ئەمبارکردن زۆر بەرزبووەتەوە و نزیک بووەتەوە لە ریکۆرد، بەپێی زانیارییەکانی کۆمپانیای ئۆراس کە لە رێی چاودێری مانگە دەستکردەکانەوە پێیدەگات،تا کۆتایی هەفتەی ڕابوردوو ٢٤ی ئەیلول گەشتووەتە ٧٢،٧% . لەگەڵ ئەوەی قەرەباڵغی رێگاوبانەکان لە شارەگەورەکانیدا زیادی کردووە بەڕێژەی ٥% بەراورد بەساڵی ٢٠١٩ بەڵام کۆی بەکار بردنی بەنزین لەچین کەمترە لە ئەمەریکا. بەرزترین ڕێژەی هاوردەکردنی نەوت لە مانگی حوزەیراندا بوو بەڵام لە مانگی ئەیلول بەهەمان ئەندازەی مانگی ئاب بووە. لەمانگی ئابدا نزیکەی ١٤٪ی ئەو کەشتیانەی لە ڕۆژاوای ئەفریکا و باکوری ڕۆژاوای ئەوروپا و مێدیتەرانە بارکراون بۆ چین نێردراون لە کاتێکدا کەنرخی نەوت لە مانگی نیساندا دابەزی ڕێژەکە ٣٢٪ بوو.
ئەمەریکا
لە ئەمەریکا وێنەکە جیاوازە، ئەمباری نەوتی خاو کەمی کردووە بەئەندازەی ٤٦،٣ ملیۆن بەرمیل، لە کاتێکدا لەمانگی حوزەیران بەرزترین ئاستی تۆمار کردبوو. ئەم کەمکردنە زۆر زیاترە لە کاتی ئاسایی هەمان کاتی ساڵانی پێشو. بەڵام هێشتا بەرزترین ئاستە لەم وەرزەدا بەهۆی کەمی خواست لەسەر نەوت.
بەشێک لە کەم بوونەوەی ئەمبار دەگەڕێتەوە بۆ کەمکردنی بەرهەم لە ئەمەریکا. بەپێی زانیارییەکای بەڕێوەبەرایەتی زانیاری وزەی ئەمریکی رۆژانە بڕی نزیکە ٢،٤ ملیۆن بەرمیل کەمی کردووە.
هەروە ئاماژەکان وانیشاندەدەن کە خواست لە لایەن بەکاربەرەوە کەم بووەتەوە واتە خواست لەسەر بەنزین کەمە، لە ڕێگاوبانەکاندا بەڕوونی هەستی پێدەکرێت. ساڵی ڕابوردوو ئەمەریکا رۆژانە ٩.٥ ملیۆن بەرمیل بەنزینی بەکاربردووە لە کاتێکدا چین تەنها رۆژانە ٤،٤ ملیۆن بەرمیلی بەکار بردووە.
بەرهەم هێن و بازرگانەکانی نەوت
ئاماژەکانی بازاریش جاریکی تردڵنیایی نادەن . لەگەڵ ئەوەی کە ئۆپیک و هاوپەیمانەکانی بەرهەمیان بەڕێژەیەکی زۆر دابەزاندووە و بەردەوام سعودییە هانی ئەندامەکان دەدات پابەندی ڕێکەوتنەکەبن، بەڵام بەردەوام فێڵ و پابەند نەبوون بوونی هەبووە ، ئیمارات و عێراق و نەیجیریا بەشێکی ئەو نمونەن .هەر لەو میانەدا هەفتەی پێشو عێراق هەناردەی رۆژانەی لە نێوان ١٦٠ هەزار بەرمیل بۆ ٣٢٠ هەزار بەرمیل زیادتر خستوەتە بازاڕی خێراوە بۆ فرۆشتن. وەکو ئاماژەیەکیش بۆ نادڵنیایی ئێستا نرخی گرێبەستەکانی ئایندە لە کۆنتاگۆ دایە واتە نرخی ئایندە بەرزترە لە ئێستا ، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە لە بازاڕی خێرادا نەوت بە نرخی هەرزانتر دەفرۆشتێت چونکە خواستی لەسەر کەمە تاوەکو لەماوە کورتە دا ئەو زیادەیە کە خراوەتە بازاڕ ساغ بکرێتەوە. لە لایەکی ترەوە بەرهەمی ئێران لیبیا لە چەند رۆژی ڕابوردودا زیادی کردووە . تەنها لە لیبیا بەرهەم نزیکەی سێ ئەوەندا زیادی کردووە لە ٩٠ هەزار بەمیلی رۆژانەوە بۆ ٢٥٠ هەزار بەرمیل بەرزبوەتەوە.
لە گەڵ ئەوەی جوڵەو هاتوچۆ لەپایتەختەکانی ئەوروپا وەکو پێش بڵاوبونەوەی کرۆنای لێهاتووە تەوە، بەڵام ئێستاش بەکاربردنی دیزڵ زۆر کەمە ئەوەش ئاماژەیە بۆ کەمی چالاکی پیشەسازی. هۆکاری سەرەکی ئەم لاوازییە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پاڵاوگەکان ناتوانن کڕیار بۆ سوتەمەنی فرۆکە بدۆزنەوە بەهۆی کەمی جوڵە فرۆکەوانییەکان ، بەوهۆیەشەوە زۆربەی بەرهەمە نەوتییەکان بۆ دروستکردنی دیزڵ رۆشتووە، بەمەش دابین کردنی زیاد دەکات لەبازاڕدا کەخۆی لە ئەساسدا پێویستی پێی نییە. ئەمە وا لە بازرگاناکان دەکات ئەمبار کردن زیادبکەن ، لەگەڵ ئەوەی کە ئەگەری داخستنەوەی شوێنەکان جارێکی تر لە ئارادانییە بەڵام هێشتا خواست زۆر کەمە، بەمانایەکی تر ئابووری بە پێێ پێویست نەبوژاوەتەوە.
کۆمپانیای ڤیتۆڵ گەرەترین کۆمپانیای بازرگانی کردنی نەوت لەجیهاندا دەڵێت خواست لە چارەکی کۆتای ٢٠٢٠ کەم دەبێتەوە بەهۆی شەپۆلی دووەمی کرۆناوە. هەروەها کۆمپانیای ترافیگوراش پێێ وایە لە ماوەی سێ بۆ شەش مانگی ئایندەدا نرخی نەوت جێی نیگەرانی دەبێت.
لەلایەکی تر، کۆمپانیای بی پی بەریتانی لەڕاپۆرتی هەڵسەنگاندنی بۆ ئایندەی نەوت کە پێش چەند رۆژێک بڵاوکرایەوە، پێی وایە سەردەمی گەشەی بەردەوامی خواست لەسەر نەوت و گاز بەسەرچووە. پێشبینی دەکات نرخی نەوت هەرگیز زۆر بەرز نەبێتەوە ، بەپێی کۆمپانیاکە دەکرێت بۆ ماوەیەکی کەم بگەڕێتەوە بۆ ئەو نرخەی لە پێش کورۆنا دا هەبوو پاشتر بۆ هەمیشە لە دابەزیندا دەبێت . ئەمیش بەهۆی زۆر بوونی سەرچاوەی تری جێگرەوەی نەوت لە وزە نوێ بووەکان. هەروەها یاساو ڕێساکای وڵاتانی پێشکەوتوو بۆ روبەڕوو بونەوەی پیس بوونی ژینگەو گلۆباڵ ۆرمینگ دەگەڕێنێتەوە .