هەریەک لە کۆمپانیاکانی گەنێڵ ئەنێرجی و گۆڵف کیستۆن شایستەی دارایان لە حکومەتی هەرێم وەرگرت بۆ هەریەک لە کێڵگەی تاوکی، تەق تەق و شێخان.
کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت کۆی شایستەی کۆمپانیاکان لە کێڵگەی تاوکی بۆمانگی ئاب بریتی بووە لە ٣٣,٨ ملیۆن دۆلار. لەم بڕە پشکی کۆمپانیای گەنێڵ بریتی بووە لە ٨٫٢ ملیۆن دۆلار کە خاوەنی ٢٥٪ی پشکی کێڵگەکەیە ، ئەوی دەمێنێتەوە بریتییە لە ٢٥٫٦ ملیۆن دۆلار پشکی کۆمپانیای دی ئێن ئۆیە کە پشکەکانی بریتییە لە ٧٥٪ی پشکی ئەو کێڵگەیە . بەراورد بەمانگی تەموز شایستەی کۆمپانیاکان لە تاوکی ٢ ملیۆن دۆلار کەمتر بووە.
هەروەها کۆمپانیاکە دەڵێت بۆ کێڵگەی تەقتەق بڕی ٤٫٦ ملیۆن دۆلاریان وەرگرتووە. گەنێڵ ئەنێرجی کە پشکی ٤٤٪ی کێڵگەکەی هەیە بڕی ٢,٦ ملیۆن دۆلاری بەرکەوت وە کۆمپانیای ئاداکس پەترۆلیۆم پشکی ٣٤٪ی هەیە بڕی ٢,١ ملیۆن دۆلاری بەردەکەوێت. لەم کێڵگەیە مانگی تەموز هەمان بڕیان لە حکومەتی هەرێم وەکو شایستەی دارایی وەرگرتووە.
کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن کە لە کێڵگەی شێخان خاوەن پشکە لەگەڵ کۆمپانیای ئێم ئۆ ئێڵ (MOL). کۆی شایستەکانیان بریتی بووە لە ١٢٫٥ ملیۆن دۆلار. گۆڵف کیستۆن ٨٠٪ ی پشکی کێڵگەکەی هەیە و بڕی ٩٫٨ ملیۆن دۆلاری وەرگرتووە. کۆمپانیای ئێم ئۆ ئێڵ ٢٠٪ی پشکەکانی هەیە و ٢٫٧ ملیۆنی وەرگرتووە. شایستەی کۆمپانیاکان لەم کێڵگەیە لەمانگی ئابدا بڕی ٢٫٥ ملیۆن دۆلار بەراورد بە مانگی تەموز کەمتر بووە.
کۆمپانیای شامران کەنەدی لە کێڵگەی ئەتروش پشکی هەیە لەگەڵ کۆمپانیای تاقە ی ئیمارەتی دا، ڕای گەیاند بڕی ٢٠ ملیۆن دۆلاریان وەرگرتووە وەکو شایستەی داراییبلۆکەکە. لەو بڕە ٦٫٨ ملیۆن دۆلار پشکی شامران و ئەوەی دەمێنێتەوە کەدەکاتە ١٦٫٢ملیۆن دۆلار پشکی تاقە بووە. بەرهەمی ئەم کێڵگەیە لە کۆتایی نیوەی یەکەمی ساڵدا بریتی بووەلە ٤٦,٩ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا. پشکی کۆمپانیای تاقە بریتییە لە ٤٧٫٤٪ وە شامران ٢٧,٦٪ی کێڵگەکە و هەرێمیش ٢٥٪.
٤٨٪ ی بەرهەمی کوردستان لەم چوار کێڵگەیە بەرهەمدێت و کۆمپانیاکان بڕی ٧٠,٩ ملیۆن دۆلار وەکو شایستەی مانگی ئاب وەرگیراوە جگە لە کرێی گواستنەوە.
کۆمپانیا نەوتییەکان بەردەوام لە مانگی ئەیلولی ٢٠١٥ وە شایستە داراییەکانیان وەرگرتووە جگە لە دومانگی تشرینی دووەم و کانونی یەکەمی ٢٠١٩ لە گەڵ کانونی دووەمی ٢٠٢٠ نەبێت دوا خراوە بۆ کاتێک کە نرخی نەوت دەگاتە سەرو ٥٠$ و قەرزە لە ئەستۆی حکومەت وبەپێی شیکردنەوەیەکی ڕوونبین مەزەندە دەکرێت بە زیاتر لە یەک ملیار دۆلار .
تێبینی: پەرەگرافی پێنج و شەش نوێ کراوەتەوە