وەزارەتی نەوتی عێراق لە ٢٠٢٠/٩/٢٤ بڕی هەناردەو داهاتی نەوتی خاو،ژمێرەی کۆتایی مانگی ئابی ڕاگەیاند. بەشێوەیەکی بەردەوام وەزارەتی نەوت لە سەرەتای هەرمانگێکدا ژمێرەر سەرەتایی بۆ ئاستی هەناردەی بڕی داهات و نرخی نەوتی فرۆشراو ڕادەگەیەنێت وە لە پێش کۆتایی مانگیش ژمێرەی کۆتایی ڕادەگەیەنێت.
ئاستی هەناردەی نەوتی عێراق لە مانگی ئابدا دا بە پێی ژمێرەر سەرەتایی و کۆتایی کە لەلایەن کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراقەوە (سۆمۆ) ڕاگەیەندراوە بریتی بووە لە ٨٠ ملیۆن و ٤٩٤ هەزار و ٥٣٦ بەرمیل نەوت(جیاوازی لە ژمێرەی سەرەتایی و کۆتایدا نەبوو). تێکڕای داهاتی فرۆشی نەوت لەو ماوەیەدا بریتی بووە لە ٣ ملیار و ٤٩٢ ملیۆن و ١٦٤ هەزار دۆلار.
هەروەها وەزارەت رایگەیاند کە ئەو نەوتەی بەنرخی زیاتر لە بازاڕدا فرۆشراوە بۆ مانگی ئاب داهاتەکەی بریتی بووە لە ٨٩ ملیۆن و ٧١١ هەزار و ٧٨٢ دۆلار بووە، کە داهاتێکی زیادە و دەچێتە سەر کۆی داهاتی فرۆشی نەوت و لەگەڵ کۆی داهاتەکەدا ئەژمار کراوە. بڕی ٥٠ ملیۆن و ٨٨٨ هەزار دۆلاری زیاترە لە داهاتی مانگی پێشوو کە بەهەمان شێوە فرۆشراوە.
تێکڕای نرخی فرۆشی نەوتی عێراق بەپێی ژمێرەری کۆتایی لە ئابدا بریتی بووە لە ٤٣٫٣٨٤$ لە کاتێکدا لە ژمێرەی سەرەتایدا بە ٤٣,٦٩٣ دۆلار دانرابوو بە جیاوازی (٠٫٣٠٩) سەنت کەمتر. بەمەش کۆی داهاتی ژمێرەر کۆتای جیاوازییەکی وای نەبووە لەگەڵ نرخی نەوتی برێنت دا لەو مانگەدا. لە کاتێکدا لە مانگی تەموز نەوت بە ٤٠,٧٦٢ دۆلار فرۆشراوە .
سەرەڕای بەرزی نرخی نەوت لە مانگی ئابدا بەراورد بە مانگی تەموز، کە هەربەرمیلێک نەوت بە ٢,٦٢٢دۆلار زیاتر لە نرخی تەموز فرۆشراوە بەڵام داهاتی هەناردەی عێراق تەنها ٣٩٧هەزار دۆلار زیاتر بووە. هۆی ئەم کەمی داهاتە بۆ کەم بونەوەی بەرهەم و پابەندی زیاتری عێراق بەڕێکەوتنەکەی هاوپەیمانی ئۆپیک پلەس دەگەڕێتەوە.
بەپێی ژمێرەی کۆتایی هەناردەی مانگی تەموز و ئاب، کۆی هەناردە لە مانگی ئابدا بڕی ٥ ملیۆن و ١٦٨ هەزار و ٧٥٤ بەرمیل کەمی کردووە، بەمەش بڕی٢٢٤ ملیۆن و ٢٤١ هەزار دۆلار بەهۆی کەم کردنەوەی بەرهەمە وە داهاتی عێراق کەمی کردووە.
لێرەوە هۆی نارازیبوونی هەندێ لە سیاسیەکانی عێراق دەردەکەوێت لە پابەند بونی عێراق بەو ڕێژەی بەرهەمەی بۆی دیاری کراوە لە لایەن ڕێکخراوی ئۆپیکەوە چونکە بە زیانی لێکدەدەنەوە بۆ داهاتی وڵات. لەبەرانبەردا وەزیری نەوت پێی وایە ڕێکەوتنەکەی ئۆپیک پلەس و پابەند بون پێوەی هۆکاری بەرزی نرخ و زۆر بونی داهاتە، بە پێچەوانەوە نرخی نەوت دادەبەزێت و دەگەڕێینەوە بۆ ئەو بارودۆخەی لەمانگی نیساندا تێی کەوتین نرخی نەوت بۆ ژێر ٢٠$ دابەزی بە هۆی زۆری بەرهەم و کەمی خواست لەسەری.
بەپێی لێدوانی بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی عێراق بڕیار بوو هەرێمی کوردستانیش بەشدار بێت لە کەمکردنەوەی بەرهەم بەپێی ڕێژەی پشکی لە بەرهەم، بەڵام بەپێی لێدوانی دکتۆر عادل شاوش بەڕێوەبەری جێبەجێکاری لە کۆمپانیای شاماران تائێستا هەرێمی کوردستان بەفەرمی داوای کەمکردنەوەی بەرهەمی لە هیچکام لە کۆمپانیا نەوتییەکان نەکردووە.