سەرلە ئێوارەی ئەمڕۆ رۆژی پێنج شەممە ٢٠٢٠/٩/٢٤ کاتژمێر ٦ بەکاتی ئەوروپا، کۆمپانیای شامارانی کەنەدی پرێزنتەیشنێکی بۆ بەڕێوەبەری جێبەجێ کاری کۆمپانیاکە دکتۆر عادل شاوش (Dr Adil Chaouch) بەشێوەی ئۆنلاین ڕێکخست. کێڵگەی ئەتروش سێهەمین گەورەترین بەرهەم هێنی نەوتە لە هەرێم لەدوای کێڵگەی خورمەڵە کە کۆمپانیای کار کاری تێدا دەکات و کێڵگەی تاوکی کە دی ئێن ئۆ و گەنێڵ ئەنێرجی خاوەن پشکن تێیدا.
نوێنەری ڕێکخراوی ڕوونبین بۆ شەفافیەت لە پرۆسەکانی نەوت ئامادەی پرێزینتەیشنەکە بوو،کە سەبارەت بەکار و چالاکییەکانی کۆمپانیا کەنەدییەکەبوو لە کێڵگەی ئەتروش لە هەرێمی کوردستان.
ئێمە لە ڕوونبین ئەم هەنگاوەی کۆمپانیای شاماران بەرز دەنرخێنین بە هەنگاوێکی گرنگی دادەنێین لە پێناو دەستخستنی زانیاری نوێ لە سەر کێڵگە نەوتییەکان و لە خزمەتی شەفافیەتدا دەبێت لە هەرێم. بەو هیوایە کۆمپانیاکانی تری بواری نەوت لە هەرێمی کوردستان هەمان هەنگاو هەڵبگرن، بە شێوەیەک بێت هەموو خاوەن بەرژەوەندیەکان بتوانن لەگەڵیان بەشداربن هەروەک ئەمڕۆ ئێمە بەشداربووین .
خاڵە سەرەکییەکانی پرێزنتەیشنەکە
▪️دکتۆر عادل باسی ئەوەی کرد کە چالاکییەکانیان لە کێڵگەی ئەتروش بەشێوەیەکی ئاسایی بەردەوامە و بەرهەمی ئێستای کێڵگەکە بەهۆی ئەو ڕێوشوێنانەی گیراوەتەبەر بۆ ڕوبەڕوبونەوەی کۆرۆنا کاریگەری لەسەر نەبووە لە ماوەی چارەکی دووەم و سێهەمدا بەرهەم جێگیر بووو.
▪️ئاستی بەرهەمی کێڵگەکە بریتییە لە ٤٦,٧ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە و لە ڕێی بۆرییەوە بەرهەمی کێڵگەکە دەگەیەنرێتە بەندەری جیهانی تورکی کە درێژیەکەی ٦٠٠ کم دەبێت.
▪️ کێڵگەی ئەتروش لە مانگی تەموزی ٢٠١٧وە دەستی بە بەرهەم کردووە، تێکرای بەرهەم لەو مانگەدا لە ژێر(٥)هەزار بەرمیلەوە بووە بەڵام لەمانگی ئابدا بۆ ١٨ هەزار بەرزبوەتەوە و بەردەوام بە قۆناغ بەندی بەرهەم زیادی کردووە تاوەکو لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ دا بۆ سەرو ٤٦ هەزار بەرزبوەتەوە و لە چارەکی دووەمی ٢٠٢٠ دا بەرهەم گەشتوەتە ٤٦ هەزار و ٨٨٨ بەرمیل و چارەکی سێهەم دا تاوەکو ٨ی ئەیلولی بریتی بوو. لە ٤٦ هەزار و ٥١٤ بەرمیل نەوت.
▪️هەر لەسەرەتای بەرهەمەوە لە ساڵی ٢٠١٧ کۆمپانیا هەموو شایستەکانی وەرگرتووە جگە لە چوار مانگ نەبێت ئەویش مانگەکانی تشرینی دووەم و کانونی یەکەمی ٢٠١٩ و کانونی دووەم و شوباتی ٢٠٢٠ کە کۆی ئەوپارەیەی دەبێت بدرێت بە شاماران بۆ ئەو ماوەیە بریتی یە لە ٤١٫٧ ملیۆن دۆلار. هەروەها د. عادل وتی لە گفتوگۆداین لەگەڵ حکومەتی هەرێم بۆ چۆنێتی وەرگرتنەوەی ئەو بڕە پارەیە.
▪️پشکی کۆمپانیای شاماران لە کێڵگەی ئەتروش بریتییە لە ٢٧٫٦٪ و کۆمپانیای تاقەی ئیماراتی پشکی ٤٧٫٤٪ و حکومەتی هەرێمیش ٢٥٪ ی پشکی لە کێڵگەکەدا هەیە.
▪️ئەوپارەیەی لەلای حکومەت ماوە لە باڵانسی شاماران واتە تەنها پشکی شاماران تا بەرواری ٢٠٢٠/٦/٣٠ بریتییە لە ٣١٢,١ ملیۆن دۆلار. ئەمە وەڵامی پرسیارێکی ڕوونبین بوو کە پێشتر بۆ شامارانمان ناردبوو.
▪️لە چارەکی یەکەمی ٢٠١٩ تا چارەکی دووەمی ٢٠٢٠ بەرهەم بەڕێژەی ٦٩٪ زیادی کردووە.
▪️پلانی پەرە پێدانی کێڵگەکەمان هەیە لەگەڵ هاوبەشەکانماندا لەماوەی ٢٤ مانگی ئایندەدا بە زیادکردنی توانای ٤٠ هەزار بەرمیل، چارەسەری سوتاندنی گاز لەکێڵگەکە بکەین بەوەی شیرینی بکەین و بەکاربێنین.بەڵام ئەم پلانە ڕاگیراوە تا ئەوەی بەرزو نزمی نرخی نەوت باش دەبێت و پێدانی شایستەکانمان باشتر دەبێت.
▪️حەشارگەیەکی نەوتی قورسمان هەیە کە نزیکەی ٢٥٠ ملیۆن بەرمیل دەبێت، پلان هەیە ساڵی ئایندە یان دواتر بیری خەمڵاندنی (Appraisal well) بۆ لێبدرێت کاتێک کە بارودۆخەکە باشتر دەبێت.
▪️خەرجی سەرمایە (Capex) بەڕێژەی ٨٠٪ کەمی کردووە، لە ١٣١ ملیۆن دۆلارەوە بۆ ٢٨ ملیۆن دۆلار لە ساڵی ٢٠٢٠ دا. ئەم کردنەوەیە کاریگەری لەسەر بەرهەمی ئێستا نەبووە بەڵام کاریگەرەبێت لەسەر پەرەپێدان لە ئایندەدا.
▪️خەرجی چالاکییەکان (Opex) بەڕێژەی ٢٢٪ کەمی کردووە لە ١٠٥ ملیۆندۆلارەوە وە بۆ ٨١,٥ ملیۆن دۆلار . تێچوی بەرهەم هێنان (Lifting cost) پێشتر لە نێوان ٥٫٥ دۆلار بۆ ٦٫٧دۆلار بووە بەڵام ئێستا چاوەڕێ دەکرێت دابەزێت لە نێوان ٤٫٥ دۆلار بۆ ٥٫١ دۆلاردا بێت بۆ بەرمیلێک نەوت.
لەکۆتاییدا دەرگای پرسیار کرایەوە کورتەیەکی پرسیار و وەڵامەکان بەم شێوە یە بوو:
سەبارەت بە پابەندییەکان بە کەمکردنەوەی بەرهەم لە چوار چێوەی هاوپەیمانی ئۆپیک پلەس پرسیار کرا. لەوەڵامدا دکتۆر عادل وتی لەلایەن حکومەتی هەرێم وە بەفەرمی نە ئێمە نەکۆمپانیا نەوتییەکانی تر هیچمان پێنەگەشتووە کە بەرهەم کەم بکەینەوە.
سەبارەت بەنرخی نەوت وتی ٣٥ دۆلار بۆ شاماران باشە. پرسیار کرا سەبارەت بەو ئاڵانگاریانە لە کاتێکدا نرخ بۆ ٢٠ دۆلار دابەزی ، وتی ئێمە دەتوانین زاڵ بین بەسەر ئەو کێشەیەداو مامەڵەی لەگەڵدا بکەین هیوادارین دوبارەنەبێتەوە هەروەها وتی سێ هۆکار هەبوون بۆ دابەزینی نرخ ئەوانەش، پەتای کرۆنا،جەنگی نرخەکان لەنیوان سعودیە و ڕووسیادا هەروەها کەمی خواست لەسەر نەوت. تەنها حکومەتەکان نیین لەم کێشەیە فێربوون کۆمپانیاکانیان دەرسیان وەرگرت و لێی فێربوون. سەبارەت بە پێشبینی بۆ ئایندە وتی ناڕون و تەم و مژاوییە زەحمەتە بزانین چی ڕوو دەدات ، بەڵام جوڵە هەیە.
سەبارەت بە یەکێک لە پرسیارەکانی ڕوونبین کە کردبووی ئایا کەی حکومەت پارەی ئەو چوار مانگە دەدات؟ لە وەڵامدا وتی نازانین باوەڕ ناکەم حکومەتی هەرێمیش ئێستا بزانێت ، بەڵام بە دوای ڕێگا چارەدا دەگەڕێین ، بەڵام دەبێت واقعی بین هۆکارەکەی نزمی نرخی نەوت بووە.
سەبارەت بە ئاسایش کارکردن لە هەرێم وتی هیچ کێشەمان نییە، لە ڕابوردودا کێشەی داعش هەبوو لە ناوچەکە ئێستا ئەو مەترسییە نییە.