تا ئێستا لەم مانگەدا بەرهەمی نەوتی عێراق بەراورد بەمانگی پێشو زیادی کردووە. بەمەش ئەو هەوڵانەی هاوپەیمانی ئۆپیک پلەس دەیدات بۆ کەم کردنەوەی بەرهەم و بەڵێنی عێراق لەپابەندبون بەو ڕێژەیەی بۆی دیاری کراوە جارێکی تر دوادەکەوێت.
ماوەیەکی درێژە عێراق دواکەوتووە لە پابەندبونی تەواو بەڕێکەوتنەکەوە، بڕیاربوو مانگەکانی ئەیلول و تشرینی یەکەم (٩ و ١٠ ی٢٠٢٠) قەرەبووی زیادەی مانگەکانی ڕابوردوو بکاتەوە. چاوەڕێ دەکرێت بەرهەمی نەوتی عێراق ڕۆژانە بۆ ٣٫٤ ملیۆن بەرمیل دابەزێت.
لەماوەی ١٥ ڕۆژی یەکەمی مانگی ئەیلولدا تەنها هەناردەی ڕۆژانەی نەوتی عێراق بریتی بووە لە ٣,٢٦ ملیۆن بەرمیل، تێکڕا ڕێژەی ٨٪ بە بەراورد بەمانگی ئاب زیادی کردووە، بەپێی ئەو زانیاریانەی بلومبێرگ کۆی کردووەتەوە. جگە لە پێدانی بڕی ٦٥٠ هەزار بەرمیل بە پاڵاوگەکان بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ، بەمەش عێراق کە دووەمین گەورە بەرهەم هێنی نەوتە لە ناو ڕێکخراوی ئۆپیکدا، بەرهەمی لەو ڕێژەیەی بۆی دانراوە زیاتر دەبێت.
دوای ٦٠ ساڵ لە دامەزراندی ڕێکخراوی ئۆپیک لەگەڵ هاوپەیمانەکانی دا بڕیاری کەم کردنەوەی بەرهەم یان داوە لە پێناو ئەوەی بتوانن هاوسەنگی بۆ بازاڕ و خستنەڕوی نەوت بگەڕێننەوە. ئەم ڕاگەیاندنەی ئەمڕۆ بە زیادبونی بەرهەمی عێراق لەکاتێکدایە کە ڕێکخراوەکە بە سەرۆکایەتی سعودییە و ڕوسیا کۆدەبنەوە بۆ پێداچونەوە بە پابەندی وڵاتانی ئەندام بە ڕێکەوتنەکەوە. پێشتر عێراق ڕایگەیاند کە کاتی زیاتری پێویستە بۆ ئەوەی بتوانێ قەرەبووی مانگەکانی ڕابوردوو بکاتەوە و بەرهەم زیاتر کەم بکاتەوە.
عێراق لەمانگی ئابدا بەرهەمی بریتی بووە لە ٣٫٧٢ ملیۆن بەرمیل، بەمەش ئێستا ڕۆژانە ١٩٠ هەزار بەرمیل بەرهەمی لەمانگی پێشو زیاترە.
پابەند نەبونی عێراق هاوکاتە لە گەڵ پابەند نەبونی وڵاتی ئیمارات لە دوو مانگی ڕابوردودا بە لانی کەم ١٠٠ هەزار بەرمیل، هەرچەند ڕێکخراوی وزەی نێودەوڵەتی iea پێی وایە زۆر لەوبڕە زیاتری بەرهەم هێناوە. هەرچەندە بەڵێنی داوە لە مانگەکانی تشرینی یەکەم و دووەم دا بەرهەمی کەم بکاتەوە و قەرەبووی ئەو زیادەیە بکاتەوە.
لەڕێگەی چاودێری بارهەڵگرە نەوتییەکانەوە دەتوانرێت بەدواداچون بۆ بەرهەمی وڵاتێک بکەیت. هەروەها وڵاتان دەتوانن نەوتی ئەمبارکراویان بفرۆشن و لەسەر بەرهەمی نوێ ئەژمار نەکرێت. هەندێ جاریش بەرهەم هێنەرانی بەرهەمە نەوتییەکان تێکەڵ دەکەن لەگەڵ ئەو نەوتە خاوەی باری دەکەن بەمەش ئاستی هەناردەیان زیاد دەکات.
نرخی نەوت لە سەرەتای مانگی ئەیلولەوە بەڕێژەیەک دابەزیوە بەهۆی مەترسی دوبارە بڵاوبونەوەی فراوانی ڤایرۆسی کرۆنا کە دەبێتە هۆی سستبونی بوژانەوەی ئابوری لە لایەک و مەترسی کەمبونەوەی پابەندی ئۆپیک پلەس لە لایەکی تر.
جارێکی تر نرخی نەوتی خاوی برێنت نیوەڕۆی ئەمڕۆ رۆژی پێنج شەممە بەرزبویەوە بۆ ٤٣ دۆلار و خاوی تەکساسیش بە ٤٠٫٣٩ دۆلار مامەڵەی پێوە کرا.