ئیماراتی عەرەبی ئاماژەی نارد بۆ بازاڕی نەوت کە قەرەبووی ئەو دوومانگە دەکاتەوە کە بەرهەمی نەوتی زیاد لەو ڕێژەیەی لە لایەن ئۆپیک پلەسەوە بۆی دیاری کرابوو خستبووە بازاڕاوە، پاش ئەوەی ماوەی هەفتەیە کە نرخی نەوت فشاری لەسەرە و نرخی دابەزیوە بەهۆی کەمبونەوەی خواست لەسەری و بەرزبونەوەی ڕێژەی توشبوان بە ڤایرۆسی کرۆنا.
کۆمپانیای نەوتی ئەبوزەبی نیشتمانی(ئەدنۆک ADNOC)کە نزیکەی هەموو بەرهمی ئیمارات بەرهەم دێننێت، بە بازرگان و پاڵاوگەکانی ڕاگەیاندووە بەرهەمی مانگەکانی ١٠ و ١١ کەم دەکاتەوە.
کۆمپانیای ئەدنوک بڕی ٢٥٪ بۆ مانگی تشرینی یەکەم و ٣٠٪ بۆماگی تشرینی دووەم بەرهەم کەم دەکاتەوە. کۆمپانیا ئیماراتیەکە لە ٢٧ ی هەرمانگێکدا پلانی دابینکردنی نەوت بە کڕیارە کانی ڕادەگەیەنێت ، ئەم ڕاگەیاندنە پێش وەختەی ئێستا نیشانەی بەرزکردنەوەی ئاڵایە لە لایەن ئیماراتە وە بەکەم کردنەوەی بەرهەم.
ئیمارات سێهەمین گەورە بەرهەمهێنی نەوتە لەناو وڵاتانی ئۆپیکدا دوای هەریەک لە سعودیە و عێراق. بۆ مانگی تەموز و ئاب لە لایەن هاوپەیمانێتی ئۆپیک پلەس بڕی ٢٫٦ ملیۆن بەرمیل نەوتی بۆ دیاری کرابوو لە ڕۆژێکدا بەرهەمی بهێنێت، بەڵام ئاژانسی وزەی نێو دەوڵەتی دەڵێت لەمانگی ئابدا ٣٫١ ملیۆنی نەوت بەرهەم هێناوە و لەمانگی تەموزیشدا بەرهەمی ٢٫٩ ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە بووە. ڕێکخراوی تر کە چاودێری هەناردەی وڵاتان دەکەن ڕێژەیەکی کەمتر باس دەکەن. هەروەها وەزیری وزەی ئیمارات سهیل المزروعي دانی ناوە بەوەی کە ڕۆژانە بڕی ١٠٠ هەزار بەرمیل نەوتیان زیاد بەرهەم هێناوە.
بڕیارە سبەینێ پێنج شەممە ٢٠٢٠/٩/١٧ وڵاتانی هاوپەیمانی ئۆپیک پلەس بەشێوەی ئۆنلاین کۆببنەوە بۆ ئەو ی هەڵسەنگاندن بۆ بازاڕی نەوت و ئاستی سەرکەوتنی هاوپەیمانییەکە لە بەرزکردنەوی نرخی نەوتدا بکەن.
بەهۆی کەمی خواست لەسەر نەوت هەفتەی ڕابوردو نرخ دابەزی بۆ کەمتر لە ٤٠ دۆلار بەڵام ئەمڕۆ نرخ بەرز بویەوەو لە سەرو ٤٢٫٦٠ دۆلارەوە مامەڵەی پێوە کرا.