لەماوەی دوو رۆژی رابردودا دوو راپۆرتی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی سەبارەت بە پێشبینییەکان بۆ بازاری نەوت بڵاو کرایەوە، لە گەڵ راپۆرت پێشبینی کۆمپانیای گەورەی نەوتی بەریتانی بی پی bp سەبارەت بە ئایندەی نەوت بڵاو کرایەوە.
ئەم دوو ڕاپۆرتە گرنگی خۆیان هەیە بۆبەرچاوڕوونی و چاوەڕوانییەکان لە بازاڕی نەوت. هەروەها ڕاپۆرتەکەی بی پی Bp بۆ ئایندەی نەوت و پیشەسازی جێ گرەوەی نەوت کە پیشەسازی وزەی نوێ بووە وە یان وزەی پاکی پێدەوترێت.
سیاسەتی وڵاتان بەرەو ئەوە دەچێت لە نەوت و گازەوە بگوێزنەوە بۆ سەرچاوەی وزەی نوێ بووە وە. ئێمە لەهەرێم لە کوێی ئەو هاوکێشانەداین؟
پێمان باش بوو وە کوو ڕێکخراوی ڕوون بین ئاماژە بە خاڵە سەرەکییەکانی نێو ئەو ڕاپۆرتانە بکەین.
ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی
ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی ڕێکخراوێکی حکومی تایبەتە بە بواری وزە ئەم ئاژانسە ساڵی ١٩٧٤ دامەزراوە، ئێستا ٣٠ وڵات ئەندامە تیایدا، هەوڵ دەدات بۆ دابینکردنی سەرچاوەکانی وزە لە بەرژەوەندی وڵاتانی ئەندامی . ڕێکخراوەکە چەخت لە سەر چوار ئامانجی سەرەکی دەکاتەوە : ئاسایشی وزە، گەشەی ئابوری، وشیاریی ژینگەیی هەروەها پەیوەندی لە گەڵ ئەو وڵاتانەی کە ئەندام نین ( بەتایبەت بەکاربەرە گەورەکانی وزە).
ئاژانسەکە بەشێوەیەکی بەردەوام هەڵدەستێت بە بڵاوکردنەوەی کۆمەڵێک راپۆرت و بڵاوکراوەی مانگانە وساڵانە لە گرنگترینیان ( ئاسۆی وزە لە جیهاندا، راپۆرتی بازاڕی نەوت، ئاسۆی تەکنۆلۆجیای وزە لەگەڵ گۆڤاری وزە).
ئەمڕۆ شێ شەممە ١٥ی ئەیلول ی ٢٠٢٠ ڕاپۆرتی مانگانەی بڵاو کردەوە وتیایدا ئاستی چاوەڕوانییەکانی بۆ خواست لەسەر نەوت و بوژانەوەی ئابوری جیهان بۆ ساڵی ٢٠٢٠ کەمکردەوە. هۆکارەکەشی بۆ خاوبوونەوەی چارەسەری ڤایرۆسی کرۆنا و مەترسی شەپۆلی دووەمی ئەم ڤایرۆسە گەڕاندووەتەوە.
ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی کە بارەگای سەرەکی لە پاریسە پێشبینییەکانی بۆ کەمبونەوەی خواست بەبڕی ٢٠٠ هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا کەم کردووەتەوە. پێی وایە خواست لەسەر نەوت رۆژانە دابەزیوە بۆ ٩١,٧ ملیۆن بەرمیل. لە ماوەی چەند مانگی ڕابوردودا ئەمە دووەمین جارە ئاژانسەکە گۆڕانکاری بەسەر پێشبینییەکانیدا دەهێنێت.
ئاژانسەکە لە ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێت” پێشبینی دەکەین لەنیوەی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ دا خاوبونەوە لە باشبونی خواست لەسەر نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو ڕوبدات”.
لە راپۆرتەکەدا دەڵێت “ئابوری جیهان خاو بووەتەوەو چەند مانگی پێویستە تاوەکو بەتەواوەتی بگەڕێتەوە باری ئاسایی. تەنانەت مەترسی شەپۆلی دووەمی ڤایرۆسی کرۆنا هەیە( ئێستا لە ئەوروپا هەستی پێدەکرێت) جارێکی تر ئەگەری دروستبونی کێشەی هاتوچۆی لێدەکرێت”.
هەڵکشانی ڕێژەی توشبوان بە ڤایرۆسەکە لەچەندین وڵات و گرتنەبەری داخستنی شوێنەکان و کارکردن لە دورەوە ( لەماڵەوە) و کەمی هاتوچۆی فرۆکەوانی هەموو ئەمانە کار لەسەر خواست دەکات.
لە لایەکی ترەوە زۆربوونی بەرهەم و پێشبینی کەمبوونەوەی خواست لەسەر نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان بە مانای ئەوە دێن بەکار بردنی نەوتی ئەمبارکراو کەم دەبێتەوە، کە لەماوەی داخستنی سنوور و شوێنەگشتییەکانی وڵاتانی جیهان، گەشتە لوتکە.
ئاژانسی وزە پێشنینی دەکات بەکاربردنی نەوتی ئەمبارکراو لە نیوەی دووەمی ساڵدا بگاتە ٣,٤ ملیۆن بەرمیل لەڕۆژێکدا، ئەم رێژەیە نزیکەی ١ ملیۆن بەرمیل کەمترە لە پێشبینی مانگی پێشو( پێشبینییەکان ئومێد بەخش نین).
لەگەڵ ئەوەی کە ڕێژەی ئەمبارکردنی نەوت لە مانگی تەموزدا لە وڵاتە گەشەسەندووەکاندا گەشتووەتە بەرزترین ئاست.
تەنها ڕۆژێک پێش بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتی ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی راپۆرتی ڕێکخراوی ئۆپیک(ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکەری نەوت) بڵاوکرایەوە، بەهەمانشێوە ئەوانیش ئاستی پێشبینییەکانیان بۆ بازاڕی نەوت دابەزاندووە بگرە زیاتر لە و ئاستەی کە ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی ڕایگەیاندووە.
خاڵە سەرەکییەکانی ڕاپۆرتی ئۆپیک
لە ڕاپۆرتی مانگانەی ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکەری نەوت( ئۆپیک) دا پێشبینییەکانی خواست لەسەر نەوت بۆ ساڵی ٢٠٢٠ کەمکردووەتەوە هۆکەشی بۆ خاوی لە ئاسایی بونەوەی بارودۆخی ئابوری وڵاتی هیندستان وڵاتانی ئاسیادا گەڕاندوەتەوە.
رێکخراوەکە هۆشداری دەدات کە هێشتا مەترسییەکان بەرزە و ئەگەری دابەزینی زیاتری خواست هەیە لەنیوەی یەکەمی ساڵی ئایندەدا.
لەم ڕاپۆرتە مانگانەی ئۆپیکدا کە رۆژی دووشەممە بڵاوکراوەتەوە، هەندێ وڵاتی بەرهەمهێن چاویان خشاندووەتەوە بە پێشبینییەکانیان بۆ بازاری جیهانی نەوت و خواست لەسەری. پێیان وایە لە ساڵی ٢٠٢٠ دا خواست لەسەر نەوت رۆژانە بۆ ٩٠,٢ ملیۆن بەرمیل کەم دەبێتەوە. ئەم رێژەیە ٤٠٠ هەزار بەرمیل لەرۆژێکدا کەمترە لە پێشبینییەکانی مانگی پێشوی ڕێکخراوەکە.هەروەها خواست رۆژانە بەتێکڕا بڕی ٩,٥ ملیۆن کەمی کردووە لەماوەی هەموساڵەکەدا.
ئەم ڕاپۆرتە لە کاتێکدایە کە بەشدارانی بازاڕی وزە نیگەرانییەکانیان لەزیادبوندایە سەبارەت بە باشبونی بارودۆخی ئابوری کە جیهان بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کرۆناوە ڕوبەڕوی بووەتەوە.
لە ڕاپۆرتەکەی ئۆپیکدا زیاتر چوەتە ناو وردەکارییەکانەوە و دەڵێت خواست لەو وڵاتانەی کە ئەندامن لە ڕێکخراوی هاریکاری و پەرەپێدانی ئابوری نێودەڵەتی بەڕێژەی ١٠٠ هەزار بەرمیل کەمی کردووە، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە چارەکی دووەمدا کەمترلەوەی پێشبینی دەکرا خواست کەمی کردبوو. وە بەبڕی ٥٠٠ هەزار بەرمیل لە ووڵاتانەی کە ئەندام نین لەو ڕیکخراوەدا خواست کەمی کردووە، بەهۆی کەمی خواست لە ئاسیا و بەتایبەت وڵاتی هندستان.
پێشبینییەکانی ئۆپیک
ڕێکخراوەکە پێی وایە چاوەڕێکانی کاریگەری نەرێنی لەسەرخواست لەماوەی شەش مانگی یەکەمی ٢٠٢١ دا درێژەی دەبێت. تائێستا مەترسییەکانی ڤایرۆسەکە بەرزە، لەهەمانکاتدا دڵنیایی نییە لە خێراچاکبونەوەی چالاکییە ئابورییەکان و زیادبوونی خواست لەسەر نەوت.
ئۆپیک چاوەڕێ دەکات لە ساڵی ئایندەدا خواستی جیهان لەسەر نەوت بە بڕی ٦,٦ ملیۆن بەرمیل زیادبکات لە رۆژێکدا، و تێکڕای خواست ٩٦,٩ ملیۆن بەرمیل بێت. بەپێی ئەم پێشبینییە بڕی ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە کەمترە لە پێشبینییەکانی پێشوو.
ماوەی هەفتەیەکە نرخی نەوت دابەزیووە لە ٤٥ دۆلارەوە بۆ ٣٩ و ٤٠ دۆلار، هەندێک پێیان وایە ئەونرخەنزیکترە لە واقیعەوە، نرخی پێشو گەشبینی زۆری پێوە بووە، لە هەمان کاتدا پەیوەست بووە بە نزمی بەهای دۆلارەوە کە ئێستا بەهای دۆلار بەرزبووەتەوە نرخیش بۆ ئەو ئاستە دابەزیوە کە شایستەیەتی .
رۆژی دووشەمە و لە یادی ٦٠ ساڵەی ڕێکخراوی ئۆپیکدا ئەمینداری گشتی ئۆپیک محمد بارکیندو وتی” ڤایرۆسی کرۆنا گەورەترین ئاڵنگاری بوو لە مێژوی نوێدا روبەڕوی جیهان بوبێتەوە”.هەروەها وتی” لەگەڵ ئەوەی کە کێشەی مرۆیی ترسناکی دروستکرد، لە هەمانکاتدا بووە هۆی خراپترین پاشەکشەی ئابوری جیهان،و پاشەکشەکردنی مێژوویی بازاڕی ئۆپیک “.
بڕیارە رۆژی پێنج شەممە ١٧ ی ئەیلول وڵاتانی ئەندامی ئۆپیک و هاوپەیمانەکانیان ناسراو بە ئۆپیک پلەس کۆ ببنەوە بۆ وتوێژ کردن لە سەر سیاسەتی بەرهەم هێنانی نەوت.ئەم هاوپەیمانییەتییە ڕێک کەوتوون کە تا کۆتایی ساڵ ئاستی بەرهەمیان بە بڕی ٧,٧ ملیۆن بەرمیل لەرۆژێکدا کەم بکەنەوە.
هەروەها لە سەرەتای ئەم مانگەدا دەزگای بەرێوەبردن و زانیاری وزەی ئەمریکی پێشبینی خۆی بۆ خواست لە سەر نەوت بۆ ساڵی ٢٠٢١ بڵاو کردەوە، ئەویش بەهەمان شێوەی ئاژانسی وزەی جیهانی و رێکخراوی ئۆپیک پێسشبینی دەکات لە ساڵی ئایندەدا خواست لەسەر نەوت کەم بکات بە بڕی ٥٠٠ هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.
ئەم پێشبینیانەی سێ ڕیکخراوی گرنگی بواری وزەی جیهان بەو ئاراستەیەن کە نرخی نەوت بۆ ماوەیەکی درێژ بە نزمی دەمێنێتەوە، لەهەمان کاتدا رۆژی دووشەممە کۆمپانیای زەبەلاحی بی پی bp بەریتانی ئەویش پێشبینی خۆی بۆ ئایندەی وزە خستە ڕوو.
پێشبینییەکانی بی پی bp
کۆمپانیای نەوتی بەریتانی bp کە یەکێکە لە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وزە لەجیهاند پێشبینی خۆی دەکات بۆ ئایندەی وزە لەجیهاندا. کۆمپانیاکە پێی وایە کە سەردەمی گەشەی بەردەوامی خواست لەسەر نەوت و گاز بەسەرچووە، بەمەش دەبن بەیەکەم کۆمپانیای گەورە کە ئەو جاڕە بدات ،لەکاتێکد ئەوانی تر پێیان وایە بۆچەند دەیەیەک خواست زیاد دەکات.
لە راپۆرتەکەی رۆژی دووشەمەدا بریتش پترۆلیۆم bp دەڵێت ، ئەگەری ئەوە هەیە بەکاربردنی نەوت هەرگیز نەگەڕێتەوە بۆ ئاستی پێش کێشەی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کرۆنا. تەنانەت لە گەشبینترین سیناریۆی کۆمپانیاکە دا کە دەڵێت خواست بۆ دوو دەیە بە تەختی دەمێنێتەوە واتە زیاد ناکات، تا ئەوکاتەی بەکاربردنی وزە لە سەرچاوە بە بەردبووەکان دەگوازرێتەوە (Fossil Fuels ) واتە دەگۆڕێت بۆ سەرچاوەی وزە نوێ بووەکان .
کۆمپانیا بەریتانیەکە بە پێچەوانەی بیروباوەڕی گەورە کۆمپانیاکانی جیهان و ڕێکخراوی ئۆپیک کە پێداگری دەکەن لەسەر ئەوەی بەکاربردنی نەوت لەگەشەسەندندا دەبێت بۆ چەند دەیەیەک ، چەندین جار ڕایانگەیاندووە کە کە نەوت تاکە شمەکە کە پێداویستی گەشەی دانیشتوانی جیهان دابین بکات.
بەڵام بی پی ئایندە بەشێوەیەکی تر دەبینێت، باسی پاشەڕۆژێکی جیاواز دەکات پێی وایە نەوت بەربەرەکانێ دەکرێت و لە کۆتایشدا بەکارهێنانی کاڵ دەبێتەوە. ئەمە ئەوە ڕووندەکاتەوە کە بۆچی بی پیBp هەنگاوی گەرە دەنێت لەناو هاوپیشەکانیدا بەرەو جێ بەجێ کردنی رێکەوتنی پاریس.
دوای شەش مانگ لە دەست بەکار بوونی سەرۆکی جێبەچێ کاری کۆمپانیاکە برنارد لونی لە مانگی ئابدا ڕایگەیاند ” بەرهەم هێنانی نەوت و گاز لەماوەی دەساڵی ئایندەدا بەرێژەی ٤٠% کەم دەکەینەوە” هەروەها ساڵانە نزیکەی ٥ ملیار دۆلار خەرج دەکەن بۆدروست کرنی گەورەترین سەرچاوەکانی وزەی نوێ بوەوە لە جیهاندا.
ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە گوماندەکەن بەکارهێنانی نەوت گەشتووەتە لوتکە بەهۆی بڵاوبەنەوەی کۆڤید هەروەها سیاسەتی وڵاتەکان زیاتر توند دەبێت لە بەکارهێنانی سەرچاوە پیسەکانی وزە و گۆڕانکاری لە مامەڵە کردنی بەکاربەرەکان دا رودەدات.
بە پێی پێشبینییەکانی بی پی بۆ وزە خواست تا ساڵی ٢٠٥٠ بەڕێژەی ٥٠% کەم دەکات بەپێی یەکێ لەسیناریۆکان.وە بەرێژەی ٨٠% بەپێی سیناریۆیەکی تر. لە کاتێکدا ” بەشێوەیەکی ئاسایی کار بکرێت” خواست ئاسایی دەبێتەوە بەڵام دوای ئەوە بەشێوەیەکی جێگیر دەمێنێتەوە ١٠٠ ملیۆن بەرمیل رۆژانە بۆ ماوەی بیست ساڵ.
بی پی تەنها کۆمپانیای نەوتی زەبەلاحی جیهان نییە کە ئاراستەی کارکردنی لە بەرهەم هێنانی وزەدا دەگۆڕێت بەڵکو هەریەک لە کۆمپانیاکانی رۆیال دەتچ و تۆتاڵ و شێڵ و کۆمپانیای تریش لە ئەوروپا هەمان ڕێچکەیان گرتووە بەرەو سەرچاوەی وزەی پاک و نوێ بووەوە.، هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە داوای گۆڕانکاری لەلایەن حکومەتەکان و بەرهەمهێنەکانەوە لە زیادبووندایە.
گریمانە بۆ ئایندە
ئەم ڕاپۆرتەی بی پی سێ سیناورۆی لە خۆ گرتووە، پێشبینی نییە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە چەند دەرئەنجامێکی فراوان گەشتووە بۆ سی ساڵی ئایندە، وە دەبێت بە بنەمای ئەوستراتیجە نوێیەی لونی لە مانگی ئابدا رایگەیاند.
بەپێی سیناریۆی خێرا گۆڕانکاری نوێ لەسیاسەتی وڵاتاندا دروست دەبێت و لە ئەنجامدا نرخی کاربۆن زۆر بەرز دەبێتەوە. نێت زیرۆ کاربۆن دەکەوێتە کار و ئەوکات گۆڕانێکی گەورە لە هەڵسوکەوتی کۆمەڵایەتیدا رودەدات. بزنس هەروەکو پێش و بەردەوام دەبێت، سیاسەتی کارکردن و تەکنۆلۆجیا و بەرخوردە کۆمەڵایەتییەکان لە گەشەکردندا دەبن هەروەک چۆن لە ڕابوردوی نزیکدا بەو قۆناغانەدا تێپەڕبون.
کاریگەرییەکانی کۆڤید
لە دوو سیناریۆی یەکەمدا ،لە ئەنجامی کرۆنا ڤایرۆس خواست لەسەر نەوت کەم دەبێتەوە، ڕاپۆرتەکە پیشانی دەدات کە دوای ماوەیەک خواست بەرەو باشی دەڕوات بەڵام ناگەڕێتەوە ئاستی پێش کۆڤید ١٩. ئەمە بەو مانایەی کە خواست لەسەر نەوت لە ٢٠١٩ دا گەشتووەتە لوتکە.
ئەم ڕایە ڕێک پێچەوانەی زۆرینەیە . راسل هاردی بەڕێوەبەری جێبەجێکار لە کۆمپانیای زەبەلاحی بازرگانی ڤیتۆڵ رۆژی دووشەممە وتی ” خواست لەسەر نەوت بۆ ماوەی دەساڵ گەشە دەکات، پاش ئەوەی لەسەر خۆ کەم بکات” ئەو پێشبینی دەکات لە کۆتایی ساڵی داهاتودا بەکاربردن دەگەڕێتەوە ئاستی پێش کرۆنا.
تەنانەت ئەم ڕاپۆرتەی بی پی پێچەوانەی ڕاپۆرتی ساڵی ڕابوردووە، کە سیناریۆیەکی لە راپۆرتەکەدا باس کردبوو بەناوی ” وزەی زیاتر” کە پێشبینی کردبوو تاساڵی ٢٠٤٠ خواست بەرز ببێتەوە بۆ ١٣٠ ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا. لەم جۆرە سیناریۆیە ئەم ساڵ بونی نییە.
کۆمپانیاکە دەڵێت لە ٣٠ ساڵی ئایندەدا خواست لەسەر نەوت کەم دەبێتەوە بەهۆی زیادبوونی سەرچاوەی وزەی پاک و بەکارهێنانی هۆکاری گواستنەوەی دۆستی ژینگە.
بەهۆی ئەوڕێکارانەی گیراوەتە بەر بۆ رۆبەروبونەوەی ئەم پەتایەوە و داخستنی سنوری وڵاتەکان، بەکاربردنی نەت زۆر کەمی کردووە . لەگەڵ ئەوەی خواست کەمێک باشتر بووە بەراورد بە چارەکی دووەمی ئەم ساڵ و نرخیش بەرادەیەک بەرزبووەتەوە، بەڵام کێشە تەندروستییەکانی کۆڤید هەر بەردەوامەو چاوەڕێکان بۆ ئایندە زۆر ڕوون نییە.
کاریگەرییەکانی کۆڤید ١٩ لەسەر مامەڵەی ڕۆژانە رەنگی داوەتەوە بۆ نمۆنە کارکردنی زۆر لەماڵەوە( لەبری ئەوەی بچیتە شوێنی کار) کاریگەر دەبێت لە بوژانەوەی ئابوری بەوهۆیەوە وەکو پێشوهۆکارەکانی هاتوچۆ بەکارنایەت و لە کۆتایدا خواست لەسەر سوتەمەنی کەم دەبێتەوە. بەومانایەی ناتوانرێت قەرەبووی کەمبونەوەی بەکاربردن بکرێت لەوڵاتە پێشکەوتووەکاندا.
پێشبینی دەکرێت تا ساڵی ٢٠٥٠ خواست لەسەر سوتەمەنی شل رۆژانە کەمبکات بۆ ٥٥ ملیۆن بەرمیل بە پێی سیناریۆی خێرای بی پی. هەروەها بۆ ٣٠ ملیۆن کەم بێتەوە کاتێک کە دەگەین بە قۆناغی نێت زیرۆ کاربۆن. کەم کردنەوەکان لە وڵاتانی خاوەن ئابوری بەهێز و چین رودەدات. لە هندستان و وڵاتانی تری ئاسیاو ئەفەریکا خواست جێگیر دەبێت لە سیناریۆی یەکەمدا بەڵام بەپێی سیناریۆی دووەم دائەبەزێت بۆ ئاستی ساڵی ٢٠١٨ لە ناوەراستی ٢٠٣٠ دا.
بەپێی سیناریۆ خێراکە بڵاوبونەوەی کاربۆن بەڕێژەی ٧٠% کەم دەکات تا ساڵی ٢٠٥٠ ، وە کاتێک کاربۆن نێت سفر دەبێت دەگاتە ٩٥% .