یادگار سدیق گەڵاڵی
پرۆژە یاسای بوجە بۆ ماوەیەکی درێژ لە سەر رەفەکانی وەزارەتی دارایی مابووەوە دوای ئەوەی لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ وە ئامادەکراوە، دەبوایە لە مانگی ١٢ دا بگەڕایەتەوە پەرلەمان بۆ دەرچواندنی، بەڵام بە بیانووی ئەوەی حکومەتەکەی عادل مەهدی حکومەتێکی کاربەڕێکەرە دەستەڵاتی ئەوەی نییە یاسای گرنگ بنێرێت بۆ پەرلەمان راگیرا و گەڕایەوە بۆ وەزارەتی دارایی. ئێستا لەدوای تێپەڕبوونی دە(١٠) مانگ جارێکی تر گەڕایەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران و پاشان لەوێشەوە دەگەڕێتوە پەرلەمان بۆ دەرچواندنی. ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوکات و ساڵی ٢٠١٩ و پێش بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت رەخنەی زۆر لە پرۆژەیاساکە گیرا بەوەی کە کورتهێنانێکی زۆر لە پرۆژەی یاسای بوجەدا هەیە، بە زیاد لە ٤٠ ترلیۆن دینارمەزەندە دەکرا. ئێستا دوای ئەوەی نرخی نەوت لە ناوەراستی مانگی ئازارەوە دابەزی بۆ ئاستێک کە بەهیچ شێوەیەک چاوەڕوانکراو نەبوو، پاشان دوای ئەوەی ڕێکەوتنی ئۆپیک پلەس کرا بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمی نەوت و بوژانەوەی رێژەیی ئابوری جیهان بەرادەیەک نرخی نەوت بەرزبووەتەوە بەڵام هێشتا بەراورد بە ساڵی پار و سەرەتای ئەمساڵ ٣٥%ی بەهای لەدەست داوە . ئێستا بڕی کورت هێنان لە بوجەدا دوای دابەزینی بەرچای نرخی نەوت لەبری ٤٠ ترلیۆن ٨١ ترلیۆن دینارە. عێراق لە بارودۆخێکی دارایی خراپدایە.بەشێکی کورتهێنانی بوجە پەیوەستە بە دابەزینی نرخی نەتەوە بەشێکی تری پەیوەستە بە گەندەڵی و بەهەدەردان و دامەزراندنی ناپێویست و لە ڕادەبەر. هەروەها دەبوایە ئێستا کە تەنها سێ مانگ ماوە لەساڵی دارایی پرۆژەیاسی بوجەی ٢٠٢١ بنێردرایەتە پەرلەمان نەک ٢٠٢٠.
داوای بەخشێن لە پابەندبوون بەڕیکەوتنی ئۆپیک پلەس
لەم سەروبەندەدا بەهۆی ئەو بارودۆخە خراپە داراییەی عێراق پێیدا تێدەپەڕیت داهاتی وڵات زۆر کەمی کردووە و نرخی نەوتیش تاڕادەیەک جێگیرە لە ٤٠ بۆ ٤٥ دۆلارێکدا، لێرەو لەوێ دەنگی نارەزایی دەبیسترێت لە ناو سیاسییەکاندا بەوەی دەبێت عێراق داوابکات بەتەواوەتی ببەخشرێن لە پابەندی بە کەمکردنەوەی بەرهەم، کە وڵاتانی ئۆپیک پلەس بڕیاریان لەسەرداوە و عێراقیش بەشدارە لەو ڕیکەوتنەدا.
عێراق روبەڕوی ئاڵانگاری گەورە دەبێتەوە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەو زیانە گەورەیەی کە لە ساڵانی ڕابوردودا بەهۆی جەنگ و بڵاوبونەوەی فراوانی گەندەڵییەوە لێی کەوتووە کە هەموو پنتێکی حکومەتی گرتووەتەوە.
عێراق ئەندامی دامەزرێنەری ئۆپیک و دووەم گەورە بەرهەم هێنەری نەوتی ناو ڕێکخراوەکەیە لە ڕابوردودا و هەر لەسەرەتای ئیمزاکردنی رێککەوتنی هاوپەیمانی ئۆپیک پلەسەوە لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٦ وە سەرکەوتوو نەبووە لە پابەند بوون بەو ڕێژەیەی لە بەرهەمی نەوت کە بۆی دیاری کراوە. لەسەرو بەندی سەرەتای ڕێکەوتنەکەدا داوایان کرد کە ببەخشرێن لە پابەند بوون بە کەمکردنەوەی بەرهەمی نەوت، چونکە لەماوەی ساڵانی ڕابوردوودا عێراق بەچەندین جەنگدا تێپەڕیوە جگە لە کێشە و شەرێ ناوخۆ و روبەڕوو بونەوەی قاعیدە و داعش و شەڕی مەزهەبی، بەوهۆیەشەوە پیشەسازی نەوت هەمیشە بەئامانج گیراوە و زیانی زۆری پێگەشتووە. ئەمانە هەموو هۆکار بوون تاوەکو لەوکاتانەی نرخی نەوت زۆر بەرزیش بووە بەڵام عێراق نەیتوانییوە سودی لێ ببینێت و پیشەسازی و ئابوری وڵاتی پێ ببوژێنێتەوە . لەهەمانکاتدا وڵاتانی تر سودیان لەبەرزی نرخ بینیوە بۆ زیادکردنی پشکەکانین لەبازاڕی جیهانیدا. بەڵام ئەوکات و ئێستاش نەبەخشران ڕەچاوی ئەو خاڵانەی عێراقیان نەکر لەگەڵ ئەوەی چەند وڵاتێک بەخشران لەکەم کردنەوەی بەرهەم. ئەوکاتەو تارادەیەکیش ئێستاش عێراق وا هەست دەکات بەشێوەیەکی شایستە مامەڵەی لەگەڵ نەکراوە.جارێکی تر لەگەڵ بەردەوامی نرخی نزمی نەوت جارێکی تر لەپشت پەردەوە ئەم بابەتە سەرهەڵدەداتەوە.
بوجەی عێراق ٩٧% پشتی بەداهاتی نەوت بەستووە ئەمە وتەی وەزیری داریی علی علاوی یە لە پەرلەمان، هەروەها ووتی چاککردنی ئابوری وڵات پێویستی بە پێنج ساڵ کارکردن هەیە و ئاستی قەرزیش لەنێوان 80-90% ی بەرهەمی نیشتمانی پێکدەهێنێت، لەکاتێکدا قەرزی دەرەکی ١٣٣ ملیاردۆلار دەبێت.
لەسەرەتای ئایاری ٢٠٢٠ وە وڵاتانی ئۆپیک و هاوپەیمانەکانیان لەدەرەوەی ڕێکخراوەکە کە ناسراون بە (ئۆپیک پلەس) ڕیکەوتن لەسەر ئەوەی ئاستی بەرهەمیان بەڕێژەیەکی بێوێنە کەمبکەنەوە، ئەویش دوای ئەوەی بەشێوەیەکی چاوەڕوان نەکراوە بە هۆی بڵاوبونەوەی کرۆناوە خواست لەسەر نەوت لە جیهاندا یەک لەسەرسێ کەمی کرد، هاوپەیمانییەکە بریاری دا ٩٫٧ ملیۆن بەرمیل رۆژانە بەرهەمی نەوت کەم بکاتەوە کە دەکاتە ١٠% ی هەموو بەرهەمی جیهان وە پاشان لەمانگی ئابەوە تا کۆتایی ساڵ بڕی ٧٫٧ ملیۆن بەرمیل بەرهەم کەم بکەنەوە.
لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە دەنگی نارەزایی زیاتر بەرز دەبێتەوە، سیاسییەکانی عێراق ڕەخنە لەم ڕێکەوتنە دەگرن بەوەی حکومەتی کار بەڕیکەر ئیمزای کردووە و وڵاتی ناچار کردووە کە بەرهەمی زۆر کەم بکاتەوە . دەوترێت ڕای بەشێک لە سیاسییەکان و ئیبراهیم بەحرالعلوم وەزیری نەوتی پێشتری نەوت ئەوەیە، داوا بکرێت عێراق بەتەواوەتی ببەخشرێت لەپابەندبون بەڕێکەوتنەکەوە، بەڵام نوسینگەی سەرۆک وەزیر لەگەڵ پابەندبوونە( کێشەکە لەسەر باردۆخی دارایی ئێستای عێراقە). ئەوەی ئەم رایە بەهیز دەکات ئەوەیە کە وەزیری نەوت دەڵێت هەفتەی دووجار وەزیری نەوتی سعودییە پەیوەندیم پێوە دەکات و هانمان دەدات کە پابەند بین و سوپاسی پابەندبونمان دەکات. ئەمە نیشانەی ئەوەیە سعودیە ترسی لە پابەند نەبونی عێراق هەیە.
بەڵام لە هەمان کاتدا وەزیری نەوت احسان عبدلاجبار زۆر بەڕاشکاوی لە کۆتایی مانگی ٨ دا لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا وتی کە ئێمە بەرژەوەندیمان لە گەڵ رێکەوتنەکەدایە بەپێچەوانەوە گەر ڕێکەوتنەکە نەبێت زەرەرمەندی یەکەم ئێمە دەبین چونکە وڵآتانی تری وەکو سعودیە، روسیا ، کوەیت و ئیمرات و زۆر وڵاتی نەوتی تر، نەوت یەکێکە لەسەرچاوەکانی داهاتیان باڵآم ئێمە تەواو پشتمان بەداهاتی نەوت بەستووە. ئەم بۆچونە هیچ لەوە ناگۆڕیت کە داخوازی نەبێت لە ناو سیاسییەکاندا بۆ ئەوەی داوابکەن ببەخشرێن لە پابەندبون بەکەم کردنەوەی بەرهەم .
لەمانگەکانی ئایار و حوزەیران وە پاشتریش بۆ مانگی تەموز عێراق رازی بوو کە بەرهەم بەرێژەی ١ ملیۆن و ٦٠ هەزار بەرمیل کەم بکاتەوە و پاشتریش لە مانگی ئابەوە تا کۆتایی ساڵ بڕی ٨٤٩ هەزاربەرمیل بەرهەم کەمبکاتەوە، بەڵام لەو ماویەی یەکەمدا ئاستی بەرهەمی لەورێژەیە زیاتر بوو کە بۆی دیاری کرابوو لەلایەن ئۆپیک پلەسەوە. بەڵآم ئێستا عێراق دەبێت بە تەوەاوی پابەند بێت بەو بڕەی لەسەری ڕیکەوتوون و تەنانەت دەبێت بەرهەمیش زیاتر کەم بکاتەوە تاوەکو قەرەبووی ئەو دوو مانگە بکاتەوە کە نەوتی زیاتر بەرهەم هێناوە.
سەرچاوەیەک لە ئۆپێک بە ئاژانسی رۆیتەرزی ڕاگەیاندووە ” بەرهەڵستی بەهێز هەیە بۆ بەردەوامی عێراق لە بەشداری کردن لە کەمکردنەوەی بەرهەم” هەروەها وتی “وتوێژی نافەرمی هەیە سەبارەت بەپێویستی عێراق بۆ بەخشین لە کەمکردنەوەی بەرهەمی نەوت بۆ ساڵی ٢٠٢١ بەڵام روون نییە ئایا بە فەرمی عێراق ئەو داوایە دەکات یان نا” .
ئاستی پابەندییەکانی عێراق بە ڕێکەوتنەوەکەوە لەمانگی ئابدا بەرزترین ئاستی تۆمارکرد، بەڵام پێویستی بە دوو مانگی ترە تاوەکو بتوانێت قەرەبووەکەی بەتەوای جێبەچی بکات.
لە مانگی حوزەیراندا عێراق داوای لە ئۆپێک کرد لە ئایندەدا کاتێک بڕیار لەسەر کەمکردنەوەی بەرهەم دەدرێت ڕەچاوی بارودۆخی ئابوری وڵاتانی ئەندام بکرێت.
ۆرڵد بانک مەزەندەی کردووە کە ئابوری ئێراق لە ٢٠٢٠ دا ٩٫٧% کەم دەکات بەهۆی نزمی نرخی نەوت و بڵاوبونەوەی کرۆناوە بە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٩ کە ٤،٤% بووە.