یادگار سدیق گەڵاڵی
بەپێی هەواڵێکی پێگەی بلومبێرگ ئەمریکی حکومەتەکەی ڕەجەب تەییب ئەردۆگان لە هەوڵی بەدەستهێنانی فرسەتی کارە لە سەکتەری وزەی وڵاتێک کەبەدەست کێشە ناوخۆییەکانەوە دەناڵێنێت ئەو وڵاتەش لیبیایە کە خاوەنی گەورەترین یەدەگی نەوتە لە باکوری ئەفریکادا. بەپێی زانیارییەکان تورکیا وتوێژ دەکات لەگەڵ لیبیا بۆ وەبەرهێنان لەسەکتەری وزە و گەڕان و پشکنین بە دوای نەوتدا چ لە وشکانی یان لە دەریادا.
هەروەها بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگاداری فەرمی وزەی تورکیا لایەنی فەرمی تورکیا دەستی کردووە بە وتوێژ لەگەڵ کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی لیبیا سەبارەت بە ویستگەی بەرهەم هێنانی کارە با و کارپێکردنی هێڵی بۆری نەوت ، بەڵام بەدیاریکراوی نازانرێت ئایا کۆمپانیای نەوتی نیشتمانی لیبیا بەشدارە لە وتووێژی گەڕان و پشکنین بەدوای نەوتدا یان نا.
ئەم ڕێکەوتنە گەر بکرێت پەیوەندی تورکیا و حکومەتەکەی تەرابلس بەهێزتر دەبێت بەتایبەت دوای ئەوەی لە ڕابوردودا و تائێستاش تورکیا راوێژکاری سەربازی ناردوە بۆ ئەو وڵاتە و هاوکاری کردون دژی هێزەکانی جەنەراڵ حەفتەر کە لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتن و بەرەو پایتەخت بەڕێ کەوتبوون. یارمەتی سەربازی و لۆجیستی تورکیا هاوکار بوو بۆ ڕێپێگرتنیان لە پێشڕەوی.
لەبەرانبەردا ئاڵۆزی ناوچەکە زیاتر دەبێت بەتایبەت دوای زیادبوونی گرژییە کان لە نێوان یۆنان و تورکیادا لەسەر گەڕان و پشکنین لەرۆژهەڵاتی دەریای سپیدا هەروەها و ڕێکەوتنی یۆنان و میسر و فشار کانی فەرەنسا لەسەر تورکیا.
لەئێستادا پێگەی لیبیا زۆر لاوازە هەر ڕێکەوتنێک لەسەر وزە بکرێت هاوسەنگ نابێت و لەسودی کۆمپانیا تورکییەکان دەشکێتەوە، نفوزی سیاسی و سەربازی بەسەریدا زاڵ دە بێت. هەروەکو چۆن لە سەرەتا سەدەی ٢١ وە لە هەرێمی کوردستان کۆمپانیا تورکییەکان زۆرترین پشک و قازانجیان بەرکەوت، لەگەڵ جیاوازی کات و پێگەی جیۆ سیاسی لیبیا لەگەڵ هەرێم بەڵام تورکیا هەوڵی بەستهێنانی هەمان ئامانج دەدات.
تورکیاو نەتەوەیەکگرتووەکان دانیان ناوە بەو هێزەی کە دەستەڵاتی بەسەر تەرابلسی پایتەخت و ڕۆژاوای وڵاتدا هەیە و حکومەتی “رێکەوتنی نیشتمانی”ان پێک هێناوە ، و لەشەڕدایە لەگەڵ هێزی جەنەڕاڵی حەفتەر کە پشتگیری دەکرێت لە لایەن میسر و ئیماراتە وە.
لیبیا وڵاتێکی ئەندامە لە ڕێکخراوی ئۆپێک لەساڵی ٢٠١١ وە دوای ڕوخانی ڕژێمی معمر قەزافی کەوتووەتە گێژاوی جەنگی ناوخۆوە. بەرهەمی نەوتی لە ١٫٦ ملیۆن بەرمیلەوە دابەزیوە بۆ کەمتر لە ١٠٠ هەزار بەرمیل.
.