سەرلە بەیانی رۆژی سێ شەممە بۆ جاری پێنجەم لەسەر یەک نرخی نەوت دابەزی، دوای ئەوەی ترس لە هەڵکشانی ڤایرۆسی کۆرۆنا زیادی کرد، بەتایبەت لە ٢٢ ولایەتی ئەمەریکا، هیندستان و بەشێک لەئەوروپا ڕیژەی توشبون بە ڤایرۆسەکەهەڵکشاوە، بەوهۆیەشەوە مەترسی لەسەر خواست لەسەر نەوت دروست بوو.
لەسەرەتای مانگی تەموزەوە ئەمرۆ نرخی نەوت نزمترین ئاستی تۆمارکرد .خاوی تەکساس سەرلەبەیانی ئەمرۆ بۆ ٣٨ دۆلار و ٤١ سەنت دابەزی و خاوی برێنتیش سەرەتا بۆ ٤١,٢٠ دۆلار دابەزی پاشان لە ٤١,٤٠ دولاردا جێگیربوو.
دوای ئەوەی لە مانگی ئازاردا خواست لەسەر نەوت کەم بوویەوە بە هۆی بڵاوبونەوەی کۆڤید -١٩ هەروەها رێکەوتنی ئۆپیک پلەس کێشەی تێکەوت بەوهۆیەوە بەرهەمی نەوت زیاد بوو. نرخ لە مانگی نیساندا دابەزی بۆ کەمتر لە ١٥ دۆلار .پاشان بەهۆی رێکەوتنی وڵاتانی هاوپەیمانی ئۆپیک پلەس جارێکی تر و کەمکردنەوەی بەرهەم بەرێژەیەکی بێ وێنە کە نزیک بویەوە لە ١٠ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا،هەروەها سووک کردنی ڕیکارەکانی روبەروبوونەوەی ڤایرۆسەکە و بوژانەوەی ئابوری وڵاتانی جیهان لەماوەی کەمتر لە سێ مانگدا نرخی نەوت بۆ سەروو ٤٠ دۆلار بەرزبویەوە تاوەکو لەمانگی ئابدا گەشتە ٤٦ دۆلار.
دابەزینی ئەمجارەی نرخی نەوت دوای ئەوەیە کە کۆمپانیای ئارامکۆی سعودی هەناردەی نەوتی سوکی بۆ ئاسیا لە مانگی تشرینی یەکەم کەم کردووەتەوە لەهەمان کاتدا نرخی فەرمی نەوتی ئەمەریکا داشکاندووە کە بۆ یەکەم جارە لەماوەی شەش مانگی ڕابوردودا داشکاندنی بۆ دەکات. هەروەها کۆمپانیای نیشتمانی ئەبوزەبیش ئەمڕۆ سێشەممە داشکاندنی کردووە لە نرخی نەوتدا. ئەم هەنگاوەی سعودییە و ئەبوزەبی وەکو ئاماژەیەک بۆ کەمی خواست لەسەر نەوت لێک درایەوە.
کەمبوونەوەی خواست لەسەر نەوت لە ئاسیا و کۆتایی هاتنی وەرزی هاوین لە ئەمەریکا ( وەرزی لێخورینی زیاتری ئۆتۆمۆبیل)،بەرزبوونەوەی ڕێژەی توشبوون بە کرۆنا هۆکارن بۆ ئەوەی لەماوەی کورتدا نرخی گرێبەستەکانی ئایندە زیاتر بێت لە نرخی ئێستا و بەمەش دەوترێت کۆنتانگۆ ، ئەمەش ئاماژەیە بەترس لەسەر دابینکردنی زۆری نەوت (زیاد بوونی بەرهەم ).
چاودێرانی بازاڕی نەوت پێیان وایە دوای ئەوەی هاوپەیمانێتی ئۆپیک پلەس و وڵاتانی تری بەرهەم هێنی نەوت بەرهەمیان کەمکردووەتەوە، گەشبینی زیاد لە پێویست بۆ بازاڕی نەوت هەبووە. هەر لەو میانەیەدا وەزیری وزەی روسیا ئەلەکسەندەر نۆڤاک دەڵێت “بازاری نەوت کاتی زیاتری دەوێت تاوەکو بگەڕێتەوە بۆ پێش بڵاوبونەوەی کۆڤید-١٩”. ئەو پێی وایە دوو ساڵی پێویستە.