شیکردنەوە و بەدواداچونی یادگار سدیق گەڵاڵی
ڕۆژی دووشەممەو سێشەممە بەرواری ٢٠٢٠/٧/٢٨,٢٧ هەریەک لە کۆمپانیاکانی گەنێڵ ئەنێرجی( بۆ دوو کێڵگە) و شاماران و گۆڵف کیستۆن شایستەی مانگی حوزەیرانی ڕابوردویان ڕاگەیاند کە لەلایەن حکومەتی هەرێمە وە وەریان گرتووە بۆ کێڵگەکانی تاوکی وفیشخاپور، تەقتەق، ئەتروش و شێخان. بەڵام کۆمپانیاکانی کار،گاز پرۆم و وێستێرن زاگرۆس، HKN, ORYX هیچ بڕێکیان ڕانەگەیاندووە بۆ کێڵگەکانی خورمەڵە ، گەرمیان، هەولێر و سەرسەنگ.
داهاتی کۆمپانیاکان بەهۆی بەرزبونەوەی نرخی نەوتەوە زیادی کردووە بەراورد بەمانگی ئایار، تێکڕا داهاتی شایستەی دارایی ئەم چوار کێڵگەیە ٣٠٪ زیادی کردووە و وە بەراورد بە مانگی نیسان ٧٩٪ داهاتیان زیادی کردووە .
لەمانگی نیساندا کۆی شایستەی ئەو چوار کۆمپانیایە ١٢ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار دۆلار بووە (کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن لەو مانگەدا هیچ شایستەی وەر نەگرتووە لەبەر ئەوەی نەوتی ئەو کێڵگەیە نرخی زۆر لە ژێر نەوتی برێنتەوە دەفرۆشرێت) هەروەها لەمانگی ئایاردا شایستەی ئەو چوار کۆمپانیایە بەرزبوەتەوە بۆ ٣٩ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار دۆلار و لە مانگی حوزەیراندا زیادی کردووە بۆ ٥٦ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار دۆلار.
لە کێڵگەی تاوکی – فیشخاپور ( کەیەک بلۆکن)لەمانگی حوزەیراندا شایستەی هەردوو کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی و DNO بریتی بووە لە ٣٠ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار دۆلار، پشکی كۆمپانیای DNO کەڕێژەی ٧٥٪ ی پشکی کێڵگەکەی هەیە بریتی یە لە ٢٢ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار دۆلار وە گەنێڵ ئەنێرجی ٢٥٪ ی پشکی کێڵگەکەی و شایستەی بریتی بووە لە ٧ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار دۆلار، لەکاتێکدا لەمانگی ئایاردا شایستەی کۆمپانیاکان لە تاوکی بریتی بووە لە ٢٦ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار دۆلار وە لە مانگی نیساندا ٨ ملیۆن و ٩٠٠ هەزار بەرمیل واتە بەڕێژەی ٦٧٪ لە نیساندا و پاشان ١١,٥٪ لە حوزەیراندا داهاتی ئەو دوو کۆمپانیا لەم بلۆکە نەوتییە زیادی کردووە.
بڕی بەرهەمی ئەم کێڵگەیە لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩ دا بریتی بووە لە ١٢٢هەزار و ٨٠٠ بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا، بەڵام بەهۆی ئەو ڕێوشوێنانەی گیراوەتەبەر بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و کەمکردنەوەی خەرجی پەرەپێدانی کێڵگەکان لە سەر داوای حکومەتی هەرێم ئاستی بەرهەم کەمی کردووە، بەپێی ڕاپۆرتی کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی لە چارەکی یەکەمی ٢٠٢٠ دا بەرهەم تاوکی و فیشخاپور بەیەکەوە بووە بە ١٠٠ هەزار بەرمیل و بە تێکڕا لە ساڵی ٢٠٢٠ دا بەرهەم دادەبەزێت بۆ ٩٠ هەزار بەرمیل، واتە تا کۆتایی ساڵ تەنها لەم کێڵگەیەدا ٣٢,٨٠٠ بەرمیل نەوتی رۆژانە کەم دەکات.
کۆمپانییەکی تر کە شایستەکانی ڕاگەیاندووە بریتییە لە کۆمپانیای شاماران بۆ کێڵگەی ئەتروش کە بەیەکەوە لەگەڵ کۆمپانیای تاقەی ئیماراتی کاری وەبەرهێنانی تیادا دەکەن. بڕی شایستەی ئەم کێڵگەیە بریتی بووە لە ١٢ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆلار و کۆمپانیای شاماران کەپشکی ٢٧,٦٪ هەیە ٤ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆلاری وەرگرتووە . شایستەی مانگی پێنجی ڕابوردووی ئەم کێڵگەیە بریتی بووە لە ٦ ملیۆن و ٩٠٠ هەزار دۆلار و لە مانگی چواردا شایستەی کۆمپانیاکان لەم کێڵگەیە ١ ملیۆن و٤٠٠ هەزار دۆلار بووە، واتە بە ڕێژەی ٤٥٪ بەراورد بەمانگی ڕابوردوو، هەروەها ٨٩٪ بەراورد بە مانگی نیسان داهاتیان زیادی کردووە. بەرهەمی ئەم کێڵگەیە لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩ دا بریتی بووە لە ٤١هەزار و ٧٠٠ بەرمیل نەوت بەڵام لە کۆتایی چارەکی یەکی ٢٠٢٠ دا بەڕێژەی ١٢٪ بەرهەمی ئەم کێڵگەیە زیادی کردووە و بەرهەمی گەشتووەتە ٤٦هەزار و ٧٠٠ بەرمیل.
شایستەی کۆمپانیاکان لە کێڵگەی تەقتەق کە بەرهەمی ١٣ هەزار و ٦٥٠ بەرمیلە بریتی یە لە ٤ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆلار و پشکی کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی بریتییە لە ٢ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار بەرمیل لە مانگی حوزەیراندا، لەکاتێکدا لە مانگی ئایار دا شایستەی کۆمپانیاکان لەم کێڵگەیە ٣ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار دۆلار بووە و شایستەی دارایی مانگی نیسان ١ ملیۆن و ٩٠٠ هەزار دۆلار بووە، ڕێژەی زیادکردنی داهاتی کۆمپانیاکان لەم بلۆکە نەوتییە بریتی بووە لە ٢٥٪ بەراورد بە مانگی پێشتر وە بەراورد بە مانگی نیسان ٥٨٪ داهاتی کۆمپانیا زیادی کردووە.
لەکێڵگەی شێخاندا کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن یەکێکی ترە لەو کۆمپانیانەی کە شایستەی وەرگرتووە و ڕایگەیاندووە، لەم کێڵگەیەدا کۆی شایستەی مانگی حوزەیران ٩ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار دۆلارە و پشکی کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن لەم کێڵگەیە بریتییە لە ٧ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار دۆلار. لە مانگی ئایاردا پشکی کۆمپانیاکان بریتی بووە لە ٢ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار دۆلار. ئەم کێڵگەیە لە لایەن کۆمپانیای گۆڵف کیستۆنی بەریتانی و MOL ی هەنگاری بەرهەم هێنانی تێدا دەکەن، پشکی کۆمپانیا بەریتانیەکە لەشایستەکان بریتی بووە لە ٢ ملیۆن و ١٠٠ هەزار دۆلار ئەوی دەمێنێتەوە بۆ کۆمپانیا هەنگاری کەیە. کێڵگەی شێخان نەوتێکی قورسی هەیە و بەداشکاندنێکی زۆر دەفرۆشرێت کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن لە راپۆرتێکی دا دەڵێت بە ١٧ دۆلار لەژێر نرخی خاوی برێنتەوە،بەڵام بەپێی راپۆرتێکی پێگەی بلومبێرگ ٢١ دۆلار لەخوار برێنت دەفرۆشرێت. هەربۆیە لەمانگی نیساندا کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن ڕایگەیاند بەهۆی نزمی نرخە وە هیچ داهاتێکیان نەبووە. داهاتی کۆمپانیاکان بەراورد بە مانگی پێشو ٧٣٪ زیادی کردووە و بەراورد بە مانگی نیسان ١٠٠٪.
بەپێی بۆچونی ئێمە ئەمە ئەوە ناگەیەنێت حکومەتی هەرێم هیچ داهاتی نەبووە لەمانگی نیساندا لەو کێڵگەیە، چونکە کۆمپانیا بەرهەمی نەوەستاندووە بەڵکو نرخی برێنت لەژێر ٢٠$ دۆلارەوە بووە و بۆیە داهاتی نەبووە ، بەرهەمی ئەوکێڵگەیە داخڵی بۆری هەرێم دەکرێت و دەگەیەنرێت بەندەری جیهانی تورکیا . بەهۆی تێکەڵ کردنی نەوتی قورسەوە جۆرێکی (کواڵێتی) نەوتەکە دادەبەزێت بەڵام ئەم کردارە لە ڕابوردودا بەردەوام کراوە، بۆیە هیچ ئاماژەیەک نییە کە لەمانگی نیساندا نەکراوە، واتە کێڵگەکە بەرهەمی هەبووە بەڵام داهاتی دەست نەکەوتووە لە هەمان کاتدا حکومەتی هەرێم داهاتی دەست کەوتووە لە بەرهەمی کێڵگەکە .
خاڵێکی تر ئەوەیە وەستاندنی بەرهەم زیانەکانی زۆرە بۆ حەشارگەی نەوتییەکان بۆیە بەرهەم هێنانی بەردەوام زیانی کەمترە. هەربۆیە لەکاتی دابەزینی نرخی نەوت بۆ ٢٠$ هێشتا ئەو ووڵات و بەرهەم هێنەرانەی تێچوی نەوتەکەشیان زیاتر بوو بەردەوام بوون لە بەرهەم هێنان. بەرهەمی شێخان لە چارەکی چوارەمی ٢٠١٩ دا تێکڕا بریتی بووە لە ٣٢ هەزار و ٨٨٣ هەزار بەرمیل لەڕۆژێکدا، بەپێی ئەوپلانەی کۆمپانیا دایناوە بەرهەم سەرەتا بۆ ٣٨ هەزار بەرمیل زیاد دەکات و لە چارەکی سێهەمی ٢٠٢٠ بۆ ٥٥ هەزار بەرمیل. دەبێت چاوەڕێبین بزانین بەهۆی کەمکردنەوەی خەرجییەوە پلانەکە گۆڕانی بەسەردا دێت یان نا.
تێکرای بەرهەمی ئەو چوار کێڵگەیە نزیکەی ١٨٩ هەزار بەرمیلە واتە نزیکەی٤٣٪ بۆ ٤٥٪ ی هەموو بەرهەمی هەرێمە .واتە شایستەی ئەو ڕێژەیە بەرهەم بریتی بووە لە ٥٦ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار دۆلار وە هەرسێ مانگی نیسان و ئایار و حوزەیران بەیەکەوە شایستەکانیان دەکاتە ١٠٨ ملیۆن و٧٠٠ هەزار دۆلار.
ئەمڕۆ لە دانیشتنی پەرلەمانی هەرێمی کوردوستان و لە میانەی خوێندنەوەی ڕاپۆرتی دارایی لیژنەی پەرلەمان ڕاگەیەنرا کە لە داهاتی نەوتی مانگی ٤ و ٥ و ٦ بەیەکەوە تەنها بڕی ٢٨٣ ملیار دینار گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی کە دەکاتە تەنها ٥٣٪ ی ئەو بڕەی دراوە بەشایستەی ئەو چوار کێڵگەیە.
تاکە کۆمپانیا لە هەرێم کە نە بەرهەمی کێڵگەکە و نە داهاتی کۆمپانیاکەی تا ئێستا ئاشکرا نەکراوە کۆمپانیای کارە کە لە کێڵگەی خورمەڵە وەبەرهێنان دەکات. هیچ داتایەکی فەرمی لەبەردەست نییە کە بڵێت بەرهەمی ئەم کێڵگەیە چەندە بەڵام مەزەندە دەکرێت بە ١٧٠ بۆ ١٧٥ هەزار بەرمیل، ئەوەی پێویستە بوترێت دەبێت شایستەی کۆمپانیای کار کەمتر بێت بەراورد بە کۆمپانیاکانی تر لەبەر ئەوەی کار هاتووەتە سەر کێڵگەیەکی ئامادە و خۆی بەرهەمی ڕۆژانەی لەو کاتەدا نزیکەی ٩٠ هەزار بەرمیل بووە، بەڵام کۆمپانیاکانی تری نەوت لەکێڵگەکانی تر خەرجی گەڕان و پشکنینیان زۆرە و زۆربەی ئەو پارەیە وەری دەگرن بۆ تێچووەکان دەگەڕێتەوە. خاڵێکی تر کە دەبێت لێرە باسی بکەین جۆری ئەو گرێبەستەی کەلەگەڵ کاردا کراوە تائێستا نە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و نە کۆمپانیای کار ڕایان نەگەیاندووە چ جۆرە گرێبەستێکیان لە نێوان دا هەیە . بەڕای ئێمە گونجاوترین گرێبەست بۆ ئەم کێڵگەیە گرێبەستی خزمەتگوزاری تەکنیکییە Technical Service Contract بەهەمان شێوەی عێراق و هەموو ئەلێمێنتێکی ئەو جۆرە گرێبەستە بوونی هەیە، گەورەترین هەڵەیە گەر گرێبەستی هاوبەشی کردن بەرهەم کرابێت PSA وەکو وتم نازانرێت کار چۆن چۆنی کار دەکات لەوێ و داهات و شایستەی چەندە. یەکێک لە هۆکارەکان ڕەنگبێت ئەوەبێت یاسایەک نییە لە هەرێم بیسەپێنێت بەسەر کۆمپانیاکاندا داهات و قازانجیان ئاشکرا بکەن ، یان ڕاپۆرتی ڕێڕەوی داراییان رابگەیەنن. بەڵام کۆمپانیا بیانیەکان لەبەر پابەند بونیان بەیاسای وڵاتەکەیان و یاساکانی یەکێتی ئەوروپاوە ناچارن داهات و قازانجیان ئاشکرا بکەن ئەمەش خزمەت بەڕوونی (شەفافیەت) دەکات.
کۆمپانیایەکی تر کە کۆمپانیای HKN لە کێڵگەی سەرسەنگ کاردەکات شایستەی مانگی ئازار و نیسانی بەیەکەوە ڕاگەیاندووە کە بریتی بووە لە ٩ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار دۆلار و بەرهەمی ئەو کێڵگەیە بەتێکڕا بریتی بووە لە ٢٣ هەزار و ٣٢٤ بەرمیل نەوت لە ساڵی ٢٠١٩ دا بەڵام هێشتا شایستە مانگی ئایاری ڕانەگەیاندووە.
کێڵگەی هەولێر لە لایەن کۆمپانیای ORYX کە کۆمپانیایەکی بچوکە بەڕێوەدەبرێت و وەبەرهێنانی تیادا دەکات و پشکی ٦٥٪ هەیە و ئاستی بەرهەم هێنانی لەمانگی ١٢ ی ٢١٠٩ دا بریتی بووە لە ١٤ هەزار بەرمیل و لە مانگی کانونی دووەمی ٢٠٢٠ دا بریتی بووە لە ١٤ هەزار و ٥٠٠ بەرمیل بەڵام بەهۆی ڕێکارەکانی کەمکردنەوەی خەرجییەوە وەستانی لێدانی بیرو بەرهەمی ئەم کێڵگەیە زۆر کەمی کردووە لە مانگی ئایاردا بەرهەمی ٣ هەزار و ٨٠٠ بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا . کۆمپانیاکە ڕایگەیاندووە کە لە ٢٠٢٠/٤/١ وە کێڵگەی بەنان کە کەمترین داهاتی هەیە داخراوە بە ئاگاداری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان . ئەم کۆمپانیایە دەڵێت بەردەوام شایستە داراییەکانی مان وەر گرتووە جگە لە مانگەکانی ١١ و ١٢ی ٢٠١٩ و ١و ٢ ی ٢٠٢٠ کە بڕی ٣٩ ملیۆن دۆلارمان لای حکومەتە بۆ ئەو چوار مانگە. لە هەمان کاتدا بڕی شایستەی مانگەکانی ئازار تا حوزەیرانی ٢٠٢٠ی ئاشکرا نەکردووە.
کۆمپانیای گازپرۆمی ڕوسی و وێستێرن زاگرۆسی کەنەدی دوکۆمپانیان لە بلۆکی گەرمیان کاردەکەن و بەرهەمی ڕۆژانەی ئەو کێڵگەیە ٣٥ هەزار بەرمیل نەوتە لە ڕۆژێکدا و لە ڕێی تەنکەرەوە بەرهەمی دەگوازرێتەوە و داخڵی بۆری هەرێم دەکرێت و جۆری نەوتەکەی نەوتێکی زۆر کوالتی بەرز و سوکە. تائێستا کۆمپانیا شایستەکانی ڕانەگەیاندووە.
لەمانگی ئازاردا حکومەتی هەرێم بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە کێشەی داهاتی بۆ دروست بوو، بۆیە بڕیاریدا شایستەی دارایی کۆمپانیاکانی نەوت بۆ مانگەکانی ١١ و ١٢ ی ٢٠١٩ و ١ و ٢ی ٢٠٢٠ دوابخات لانی کەم بۆ ٩ مانگ و بەو هیوایەی نرخی نەوت بەرزببێتەوە. ئەم دواخستنەهیچ سودێکی ناچێتە سەر، وە لە مانگی ئازارەوە مانگانە و لە ١٥ ی هەرمانگێکدا کۆمپانیاکان شایستەکانیان وەربگرن. ئەمە چوارهەم جارە دوای ئەو بڕیارە کۆمپانیاکان شایستەکانیان وەردەگرن.