دوای ئەوەی هەواڵێک بڵاو بوویەوە لە سایتی S&P Global platts ڕۆژی ٢٠٢٠/٧/٣ کە هەناردەی هەرێم کەمی کردووە بۆ ٢٦٧ بەرمیلی ڕۆژانە، وە پاشتر سایتی ڕونبینیش هەواڵەکە و شیکردنەوەی لەسەری بڵاو کردەوە. ئەمڕۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕونکردنەوەیەکی لە بارەیەوە بڵاوکردەوە لەسەر پێگەی فەرمانگەی میدیاو زانیاری حکومەتی هەرێم. لە ڕونکردنەوەیەکدا ڕەدی دەکاتەوە کە بەرهەمی هەرێم کەمی کردبێت بۆ ٢٦٧ هەزار بەر میل و دەڵێت “پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان وەکو مانگەکانی پێشووە”.
ئەوەی جێی سەرنجە لە ڕاگەیەندراوە کەدا باسی ئەوە ناکات کە بەرهەمی هەرێم لە ئێستادا یان لەمانگەکانی پێشوودا چەندە! بەپێی بەدواداچونی ڕوونبین بەرهەمی نەوتی هەرێم تەنها لە کێڵگەی تاوکی بەراورد بە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩ لە ١٢٢٫٨٠٠ بەرمیلەوە دابەزیوە بۆ ١٠٠ هەزار بەرمیل وە تا کۆتایی ساڵیش دادەبەزێت بۆ ٩٠ هەزار بەرمیل. هەروەها لە کێڵگەیەکی بچوکی وەکو هەولێر لە مانگی کانونی دووەمدا بەرهەمی ١٤,٥٠٠ بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا بەڵام لە مانگی ئایاردا دابەزیوە بۆ ٣,٨٠٠ بەرمیل. واتە تەنها لە و دوکێڵگەدا بڕی ٣٣ هەزار و ٥٠٠ بەرهەم کەمی کردووە بەهۆی کەمکردنەوەی خەرجی پەرەپێدانی کێڵگەکانە وە.
دەقی ڕونکردنەوەکە:
ڕوونکردنەوەیەک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە
لە سایتی رووداودا هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە کە گوایە هەناردەی نەوتی کوردستان بۆ 267 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە دابەزیوە. ئەم هەواڵە دوورە لە ڕاستییەوە و پرۆسەی هەناردەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان وەکو مانگەکانی پێشووه.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان
2020/7/4