سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢٠/٧/١ وتەبێژی حکومەتی هەرێم دکتۆر جوتیار عادل ڕایگەیاند کە نەوتی هەرێم تەسلیمی بەغداد ناکەن بەڵکو داهاتی نەوت دوای ئەوەی شایستەی کۆمپانیاکانی لێ دەردەکەین ئەوەی دەمێنێتەوە دەیدەین بە بەغدا و ئەمەشمان بە بەغدا ڕاگەیاندووە.
لە چەند ساڵی ڕابوردودا و پێش دابەزینی نرخی نەوت بەغدا داوای ٢٥٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانەی دەکرد کە رادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی بەغدا (سۆمۆ) بکرێت وە چەند جارێک لەگەڵ هەولێردا لەسەر ئەوە ڕێک کەوتن، بەڵام هەولێر نەیتوانی لە ڕابوردودا پابەند بێت. ئەوەبوو لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٩ وە بەغدا بڕی نزیکەی ٥٠٪ ی بوجەی هەرێمی لەبری ئەو ٢٥٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە دەبڕی.
پاش ئەوەی لە سەرەتای مانگی ئازار وە نرخی نەوت بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لەجیهاندا دابەزی هەرێم بۆ جاری دووەم لە ماوەی شەش ساڵدا توشی گرفتی گەورەی دارایی بوو، بەڵام ئەمجارە ئێراقیش بەهەمان شێوە لەکێشەی قوڵی دارایدایە بەهۆی دابەزینی زۆری نرخی نەوتەوە، چونکە ئەویش بەهەمان شێوەی هەرێم زیاد لە ٩٠٪ ی داهاتی پشت بە فرۆشی نەوت دەبەستێت.
لەچەند مانگی ڕابوردودا چەند گەڕێکی گفتوگۆ لە نێوان هەولێر و بەغدا دەستی پێکردو و کۆتا گەڕ هەفتەی پێشوو بوو ، بەڵام تائێستا هیچ ئاسۆیەکی ڕوونی ڕێکەوتن دیارنییە. ئێراق ئاستی داواکارییەکان ی بەرزکردووەتەوە و داوای رادەستکردنی مەلەفی نەوت دەکات لە گەڵ داهاتی دەروازە سنورییەکان. بەپێی ئەو لیدوانەی ئەمڕۆی وتەبێژی حکومەتی هەرێم بێت ئەگەری نەگەشتن بەڕێکنەکەوتن زۆر بەهێزە. ئێراق لەو گۆشە نیگایەوە سەیری کێشەکە دەکات کە هەرێمی کوردستان نەوتەکەی زیاد لە ٨ دۆلار لەژێر نرخی عێراقەوە دەفرۆشێت، ئەمە وادەکات گەرنەوتی هەرێم لە ڕێی سۆمۆوە بفرۆشرایە لەساڵی ٢٠١٩ زیاتر لە ٢ ملیار داهاتی زیاتر دەست دەخست.
لەمانگی نیساندا بەپێی لێدوانی سەرۆکی حکومەت مەسرور بەرزانی لە داهاتی نەوت تەنها ٣٠ ملیۆن دۆلار ماوەتەوە و لەمانگی ئایاریشدا بەپێی زانیارییە نافەرمییە کات تەنها ٨٦ ملیۆن بۆ خەزێنەی حکومەت گەڕاوەتەوە.
ئەو پرسیارەی بەکراو ەیی دەیهێڵینەوە ئەوەیە، لەم بارودۆخەدا کە بەچەند مانگ جارێک حکومەت موچەی بۆ دابین ناکرێت چی وا لە هەرێم دەکات فرۆشی نەوت تەسلیمی بەغدا نەکات؟!