یادگار سدیق گەڵاڵی
کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن لە ڕاپۆرتێکدا کە ڕۆژی سێ شەممە بەرواری ٢٠٢٠/٦/٣٠دا بڵاوی کردووەتەوە، بڕی ئەو پارەیەی داویەتی بە حکومەتی هەرێم لەماوەی ساڵی ٢٠١٩ دا لە کێڵگەی شێخان ئاشکرادەکات.
ڕاپۆرتی کۆمپانیاکی گۆڵف کیستۆن سەبارەت بەو پارانەی کۆمپانیاکە داوێتی بە حکومەت لە ساڵی ٢٠١٩ دا و لە پێشەکییەکەیدا دەڵێت:
ئەم ڕاپۆرتە وردەکاری ئەو پارانە ڕووندەکاتەوە کە دراوە بە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن و ئەو کۆمپانیایانەی سەر بەون بۆ ساڵێ ٢٠١٩، کە بەپێی بنەما(قاعدە) ئاشکراکردن و ڕوونی ٤،٣ A کە لەلایەن دەزگای مامەڵەی دارایی لە شانشینی یەکگرتوو دەرچووە( DTR 4.3A) وە بە پێی لائیحەی راپۆرتی دانی پارە بەحکومەت ٢٠١٤ (Reports on Payments to Governments Regulations) ( هەموارکراو لە ٢٠١٥) ( یاسای شانشینی یەکگرتوو ) وە تەفسیری ئێمە بۆ ڕێنماییەکانی پیشەسازی لە بەریتانیا کە دەرچووە لە لایەن دەزگای نێودەوڵەتی بەرهەمهێنەرانی نەوت و گاز. بە پێی یاسای (DTR 4.3A) داواکراوە لەو کۆمپانیایانەی کە تۆمارکراون لە بازاڕە دارەییەکان و لە شانشینی یەکگرتوو کار دەکەن لە پیشەسازییە دەرهاتووەکاندا ، دەبێت کۆمپانیاکان ئەو پارانەی دەیدەن بە حکومەتەکان لەو وڵاتانەی کە گەڕان و پشکنین، دۆزینە و پەرەپێدانی نەوت و گازی تێدا دەکەن ئاشکرابکەن و ڕایبگەیەنن.
واتە بەپێی یاسا ناچارن کە داهاتاکانیان ئاشکرابکەن. ئێمە لە هەرێمی کوردستان پێویستمان بە دەرکردنی ئاوها یاسایەک هەیە تاوەکو کۆمپانیاکان ناچاربکات هەموو داهات و قازانجیان ئاشکرابکەن،یاسایەکی لەو شێوە خزمەتی روونی و شەفافییەت دەکات.
هەروەها کۆمپانیاکە بنەمای ئامادەکاریی ئەم ڕاپۆرتەی دیاری کردووە بەوەی: لەم ڕاپۆرتەدا ئەو بڕە پارانەی کە ڕێژەکەی لە ٨٦ هەزار پاوەندی ستەرلینی کەمتر بێت داخڵ نەکراوە ، بەپێی ڕێنماییەکانی شانشینی یەکگرتوو ڕێگە پێدراوە.
هەموو ئەو پارانای پەیوەستە بە گرێبەستی هاوبەشیکردن لە بەرهەم بۆ کێڵگەی شیخان لە لایەن گۆڵف کیستۆنەوە دراوە بە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم.
پاشان هاتووە پێناسە و ڕوونکردنەوەی بۆ هەندێ پێکهاتە و عنصری ڕاپۆرتەکە کردووە کە لەهەمانکاتدا بەشێکی گرنگی هەر گرێبەستێکی نەوتین.
شایستەی بەرهەم هێنان: بریتییە لە پشکی حکومەتی خانەخوێ لە بەرهەم لەو ماوەی کە ڕاپۆرتەکە دەیگرێتەوە ،لە کێڵگەی شێخان کە لەلایەن گۆڵف کیسیۆنەوە بەڕێوە دەبرێت. ژمارەکان لە سەر بنەمای پشکە. پشکی بەرهەمی نەوت دراوە بەشێوەی عەینی( بە نەوت) وە بەهای نرخەکش کە ئاشکرای دەکەین وەرگیرەاوە لە سەربنەمای حساباتی خەمڵاندنی داهات.
موڵکانە: مۆڵکانە بەشێوەی عەینی دەدرێت (بە نەوت) بە حکومەت لەماوەی ساڵەکەدا لەبری دەرهێنانی نەوت. بڕی مۆڵکانە بەپێی گرێبەستی هاوبەشیکردن لەبەرهەمی کێڵگەی شیخان دەدرێت. موڵکانەش بەهەمان شیوەی شایستەی بەرهەم حساب کراوە.
باج (Tax): باج لەسەر داهات، بەرهەمی کۆمپانیا دەدرێت یان قازانج ، جگە لە باجی بەکاربردن، وەکو باجی زیادکردنی داهاتی کەسی و باجی فرۆستن.
پاداشت: پاداشتی ئیمزای گرێبەست و دۆزینەوە و بەرهەم دەگرێتەوە. پاداشت لە هەرێمبە شیرینی نەوت ناسراوە.
کرێی مۆڵەت: کرێی مۆڵەت و بەکرێگرتن و داخڵ بوون و پەرپێدانی تواناکان و ئاسایش و وە هەر شتێکی تر پەیوەست بە مۆڵەت یان ئیمتیاز دەگرێتەوە.
پارە دان بۆ چاککردنی ژێرخان :چاککردنی ژێرخان چ بەپێی گرێبەست یان بەشیوەی تر وەکو چاککردنی ڕێگاوبان.
لە ڕاپۆرتەکەدا کۆمپانیا باسی ئەوە دەکات کە بەپێی گرێبەستی هاوبەشیکرردن لەبەرهەمدا، حکومەت بەرهەمی کێڵگەکە وەردەگرێت وە لەلایەن یان لەبری حکومەت دەفرۆشرێت و داهاتەکەی وەردەگرێت، وە لە و داهاتە پشکی کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن لە خەرجی و قازانج دەدرێت . واتە لە بری ئەوەی کۆمپانیا پارە بدات بە حکومەت، حکومەتی هەرێم لە دوای فرۆشی نەوتەکە پارەی پشکی کۆمپانیاکە دەدات. (ئەمە بۆ هەموو کۆمپانیاکانی نەوت ڕاستە). بۆیە کۆمپانیاکە دەڵێت لە بەرئەوەی داواکاری ڕاپۆرتەکەیە بەپێی یاسای بەریتانی بۆیە لەسەرمانە پشکی بەرهەمی هەرێم دیاری بکەین و ئاشکرای بکەین (ئەو پارەیەی کە حکومەتی هەرێم لە بازاڕ وەری دەگرێت).
گرنگی یاسایەکی هاوشێوەی “یاسای ئاشکراکردن و روونی بەریتانیا” لەوەدایە رێڕەوی دارایی کۆمپانیاکان ئاشکرادەکات و داهات و قازانجی کۆمپانیاکان ئاشکرا دەکات بۆ حکومەت و هاوڵاتی، ئەوە جگە لەوەی ئێستا لە هەموو کات زیاتر حکومەت پێویستی بە ئاشکراکردنی هەموو سەرچاوەکانی داهات و شیوازی خەرجکردنیان هەیە بۆ هاووڵاتی وە یەکێکە لە داخوازییە هەنوکەییەکانی هاوڵاتیش بەتایبەت دوای ئەوەی هەرێم دوای ئەوەی چەندین ساڵە نەوت دەفرۆشێت لە بری قازانج حکومەت دەڵێ بە ملیارەها دۆلار قەرزارە. دەستکەوتنی زانیاری بۆ هاوڵاتی بشیکە لە مافی مرۆڤ و پێشێلکردنی یان شاردنەوەی زانیاری پێشێللکردنی مافی مرۆڤە . بە پێی بنەمای ئازادی دەستخستنی زانیاری کە هەر لە سەرەتای دروست بوونی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە و لەساڵی ١٩٤٨دا دانی پیادا نراوە بە بڕیار ١/٥٩ کە دەڵێ ” ئازادی گەشتن بە زانیاری مافێکی سەرەکی مرۆڤە” هەروەها مادەی ١٩ لە جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤیش دا جەختی لەسەر کراوەتەوە. پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیش یاسای ژمارە ١١ ی ساڵی ٢١٠٣ دەرکردووە یاسای “یاسای مافی دەسکەوتنی زانیاری” وە بەتایبەت لە مادەی پێنج دا دەڵێت:
” هەموو کەسێک مافی ئەوەی هەیە کە داوا بۆ بەدەستهێنانی زانیاری پێشکەشبکات،ئەگەر ئەو بەڵگە نامەیەی کە زانیارییە داواکراوەکانی تێدایە لای ئەمدامو دەزگایەبێتکە داواکەی ئاراستە کراوە ئەوا پێویستە دانەیەک لەو بەڵگە نامەیەی پێ بدرێت” شایانی باسە تا ئێستا و دوای تێپەڕبوونی ٧ ساڵ بەسەریدا هێشتا ئەو یاسایە کارا نییە.
لە ڕاپۆرتەکەدا خشتەیەکی کورتەی پشکی حکومەتی هەرێمی داناوە کە هەموو ئەو بڕ و پارانەیە کە لە کێڵگەی شێخان حکومەت وەری گرتووەکە بریتییە لە چوار جۆر شایستە کە حکومەت وەریدەگرێت و بریتین لە :
1- پشکی حکومەت لەبەرهەم بریتی بووە لە ٣ ملیۆن و ٨٩٧ هەزار بەرمیل کە کردویەتییە ١٦٦ ملیۆن و ٥١٢ هەزار دۆلار.
٢- موڵکانە لەم کێڵگەیەدا بریتی بووە لە ٩٥٠ هەزار بەرمیل نەوت کە کردویەتیە ٤٠ ملیۆن و ٥٧٣ هەزار دۆلار. ڕێژەی موڵکانە بەپێێ گرێبەستەکان ١٠% کۆی بەرهەمی هەرکێڵگەیەکە.
٣- باج لەماوەی ساڵی ٢٠١٩ دا هەرێم بڕی ٢ ملیۆن و ٨٠٣ هەزار دۆلار باجی لە کۆمپانیاکە بۆ کێڵگەی شێخان وەرگرتووە. وەکو دەزانین حکومەتی هەرێم باچ لە کۆمپانیاکانی نەوت وەرناگرێت ئەی ئەم باجە چییە؟ کۆمپانیاکە وەکو تێبینی نوسیوییەتی کە ئەم پارەیە باجی ڕێگاوبانە کە هەناردەی نەوتی کێڵگەی شێخان لە ڕێگەی تەنکەرەوە گوازراوەتەوە تا ٢٠٢٠/١٢/٣١ وە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ ٢وە نەوتی ئەم کێڵگەیە لەڕیی بۆرییەوە دەگوازرێتەوە .
٤- کرێی مۆڵەت وەک لەسەرەوە باسکراوە بەکرێگرتن و داخڵ بوون و پەرپێدانی تواناکان و ئاسایش و وە هەر شتێکی تر پەیوەست بە مۆڵەت یان ئیمتیاز دەگرێتەوە وە برتیی بووە لە ١١ ملیۆن و ٦٨٢ ملیۆن دۆلار . بەڵام لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە ئەم پڕە پارەیە هێشتا کۆمپانیا نەیداوە بە حکومەت بەڵکو لە بری ئەوە لە گەڵ تەواوبوونی هەمواری دووەمی گرێبەستەکە تەسویە دەکرێت لەگەڵ هەرێمدا.
لەکۆتایدا هەرێم بڕی ٤ ملیۆن و ٨٤٧ هەزار بەرمیل نەوتی وەرگرتووە لە کێڵگەی شێخان و بڕی ٢٢١ ملیۆن و ٥٧٠ هەزار دۆلار پشکی هەرێم بووە . بەپێی ڕاپۆرتەکە گەر ئەو پارەیەی کرێی مۆڵەت وەرنەگیرا بێت کەواتە لە ساڵی ٢٠١٩ دا هەرێم لە کێڵگەی شێخان ٢٠٩ ملیۆن و ٨٨٨ هەزار دۆلاری بۆ ماوەتەوە.
کێڵگەی شێخان دەکەوێتە پارێزگای دهۆکەوە، ٦٠ کیلۆمەتر لە باکوری رۆژئاوای هەولێر. کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن کە کۆمپانیایەکی بەریتانییە پشکی ٨٠% کێڵگەکەی هەیە و کۆمپانیای MOL هەنگاری ٢٠% پشکەکانی هەیە. نەوت لەم کێڵگەیەدا سالی ٢٠٠٩ دۆزرایەوە ، لەساڵێ ٢٠١٣ وە بەرهەم هێنان دەستی پێکردووە. تا ئێستا زیاتر لە ٧٠ ملیۆن بەرمیل نەوت لەم کێڵگەیە بەرهەم هاتووە. جۆری نەوتی ئەم کێڵگەیە نەوتی قورسە و بە کەمترلە ٢١ دۆلار لەژێر نرخی برێنتەوە دەفرۆشرێت. تێچوی بەرهەمهێنان Opex بۆبەرمیلێک نەوت لەم کێڵگەیە، بەپێی زانیاریەکانی گۆڵف کیستۆن بریتییە لە ٣ دۆلار . تێكڕای بەرهەمی ڕۆژانەی ئەم کێڵگەیە بریتیە لە ٣٢ هەزار و ٨٨٣ بەرمیل.