یادگار سدیق گەڵاڵی
دوای ئەوەی بە هۆی ڕێکنەکەوتنی هاوپەیمانی ئۆپیک پلەس یان ڕوونتر ڕێک نەکەوتنی ڕوسیاو سعودیە لەسەر کەم کردنەوەی بەرهەم لەمانگی ئازاردا بوەهۆی دابەزینی نرخی نەوت لە ٥٢ دۆلارەوە بۆ ١٥ دۆلار و هەموان زەرەرمەند بوون لە نزمی نرخی نەوت. بۆیە بەناچاری پەنایان بۆ ڕێکەوتنێکی نوێ برد ئەم جارە کەمکردنەوەی بێوێنە کە بڕی ١٠٪ بەرهەمی جیهان لەلایەن ئەم هاوپەیمانیەوە کەم کرایەوە،بڕی ٩٫٧ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا ، بویە هۆی بەرزبونەوەی نرخی نەوت و لە ماوەی مانگێکدا نرخی نەوتی لە ٤٠ دۆلاردا جێگیرکرد. ئێستا نرخی نەوتی خاوی برێنت لە نێوان ٤٠ بۆ ٤٢ دۆلاردا بەرز و نزم دەکات پێ دەچێت نرخی نەوت ماوەیەکی باش بەم شێوەیە و لەم ئاستە و تۆزێک بەرزتردا بمێنێتەوە. ڕۆژی چوار شەممە وەزیری وزەی ڕوسیا ئەلێکساندەر نۆڤاک ڕایگەیاند مۆسکۆ ڕازییە لە نرخی نەوتی ئێستا. هەمان لێدوان لە سەرەتای مانگی ئازار پێش شکستی ڕێکەوتنەکەی ئەوکات لەزاری سەرۆکی ڕوسیا ڤڵادیمیر پۆتینەوە ڕاگەیەنرا کە ڕازین بەنرخی نەوتی ئێستا ، بەڵام پەیامەکە وەکو خۆی نەگەشت بە سعودیە لەکاتی خۆیدا. سعودیە پێویستی بە نرخی بەرزبوو بۆ ئەوەی بوجەکەی پێ بالانس بکات بەڵام ڕوسیا چەند ساڵ بوو لە بوجەی وڵاتەکەی دا نرخی نەوتی بە ٤٢$ دیاری کردبوو، لە هەموو ئەوماویەدا نرخی نەوت لەسەرو ٥٠$ و بووە بگرە تا ٦٠ و ٦٥ دۆلاریش بەرزبویەوە ئەمە زیادەی لە بوجەدی ڕوسیادا دروست کردبوو .
ئێستا هەریەک لە سعودیە وەکو سەرۆکی دیفاکتۆی ئۆپیک و ڕوسیا پێویستیانە نرخی نەوت بەرزبکەنەوە تا ئەوکاتەی لەگەڵ میزانیەی وڵاتەکەیاندا دەگونجێت و لە هەمان کاتیشدا بەوریاییەوە مامەڵەدەکەن تا جارێکی تر نەوتی بەردینی ئەمەریکا نە بوژێتەوە دوای ئەوەی لەماوەی چەند مانگی ڕابوردودا بەهۆی نزمی نرخ و کەمی خواست لەسەر نەوت ٢ ملیۆن بەرمیل بەرهەمی ڕۆژانە ئەمەریکا کەمی کردووە. وڵاتانی بەرهەم هێنی نەوت ناچارن ماوەیەک دەست و پەنجە لەگەڵ ئەم ئاستەی نرخ نەرم بکەن و سەرچاوەی تر بدۆزنەوە بۆ پڕکردنەوەی بوجەی وڵاتەکەیان. ئاماژەکان بۆ ئەو دەچن کە نەوتی ئەمەریکا لەتوانای دایە بەخێرایی هەڵسێتەوە، نمونەی هاوشێوەی ئەمەش لە ساڵی ٢٠١٤ دا ڕویدا، کاتێک سعودییە شەڕی نرخی ڕاگەیاند و نرخی نەوت دابەزینی زۆری بە خۆوە بینی ، پیشەسازی نەوتی بەردینی ئەمەریکا لە ماوەیەکی کورتدا توشی شکست بوو، بەڵام خێرا توانی خۆی بگونجێت و هەڵسێتەوە و لە ماوەی پێنج بۆ شەش ساڵدا ئاستی بەرهەمی ئەمەریکای گەیاندە ١٣ ملیۆن بەرمیل . بۆیە نایانەوێت ئەم سیناریۆیە و بەو شێوەیە دوبارە ببێتەوە.
زەرەرمەند ترین وڵات لە ناوچەکەدا عێراقە کە بە ڕێژەیەکی زۆر بەرز پشتی بە داهاتی نەوت بەستووە و بەو نرخەی ئێستای هێشتا ٤٠٪ زیاتری داهاتی لەدەست داوە وچارەسەری خێراشی لەبەردەست نییە. گەندەڵیەکی زۆر هەیە لە عێراق کە بووەتە هۆی ئەوەی لە گەڵ دابەزینی نرخی نەوت کێشەی خزمەتگوزاری و دانی موچەی بۆ دروست بێت.
داهاتی فرۆشی نەوتی عێراق دیارە کێشەی لە خەرج کردنی داهاتەکەیدا بووە کە بەهەدەر دانێکی زۆری تێدایەو نرخی نەوت چەند بەرزبوبێت و داهات چەند زۆربوبێت بوجەی عێراق هەمیشە کورتهێنانی هەبووە، ئەمە وای کردووە لە بری پاشەکەوت و زیادە لە بوجەدا خەزێنەی حکومەت هەمیشە نەگەتیڤ بووە.
هەرێمی کوردستان لەناو عێراقدا بارودۆخی زۆر خراپترە ، پێش دابەزینی نرخی نەوت و کاتێکیش نرخی نەوت لەسەرە ٦٠ دۆلارەوەبووە کێشەی دابین کردنی موچەی هەبوو چ جای ئێستا کە بەرهەمی کەمی کردووە ونرخی نەوت بەنرخێکی زۆر لە عێراق کەمتر دەفرۆشێت. عێراقیش کێشەی خستووەتە ئەوبڕە پارەیەی کەبڕیاربوو بیدات بەهەرێم بۆ موچەی فەرمانبە ران وە بەئاسانی ناچێتە ژێر باری، هەردوولا بەڵێن بەیەک دەدەن و مەرج بۆیەک دادەنێن و تائێستا هیچ لایەکیان بەتەواوی پابەند نەبوون. هۆکاری سەرەکیشی ئەوەبوو ڕێکەوتنەکانیان ڕێکەوتنی سیاسی بووە تا ئەوەندەی یاسایی بێت. بارو دۆخی خەڵکیش ڕۆژ داوای ڕۆژ خراپتر دەبێت و هاوڵاتی هەرێم متمانەی بەهیچی دەستەڵات نەماوە، هەرێم لەئێستادا مەجالی جوڵەی کەمەوە چەند ئۆپشنێکی کەمی لەبەردەستە دەبێت بە شێوەیەک بەکاری بێنێت کە زۆر خێرا بەرهەمی ببینرێت، خەڵک پێویستی بە قسە نییە چەندین ساڵە لە بەڵێن و دروشم و دروشم بازی پڕبوە، کاتی کردارە نەک گوفتار ، ئۆپشنەکانیش بەدوئاڕاستەیە: یەکەم ناوخۆ کە بە دەستی حکومەتە ئەویش چاکسازی هەمە لایەنەیە و زۆری لەسەر وتراوە و زۆر دواکەوتووە ،تائێستا هەر لە گوفتار و دروشم تێ نەپەڕیوە وکاتی ئەوەیە بکرێت بەکردار و بەخێرایی بەهەموو ئاڕاستەکان بەرهەمی دەرکەوێت، بەڵام بەپێی جوڵە کیسەڵیەکانی حکومەت بێت پێ ناچێت ئەم جووڵەیە زۆر بەردار بێت. هەمیشە دەوترێت ئیرادە شەرتە، کاتێک ئیرادە هەبێت بەرهەمیش دەبێت. ئێستا عنصری کات وەکو جاران نییە ئامرازەکان لەبەردەستە ئەوەی جاران چەند ساڵی پێ دەچوو ئێستا هێندە کاتی پێویست نییە لە چەند هەفتە و مانگدا دەکرێت.
ئاڕاستەکەی تر بەغدایە، چەند ساڵە لە سەفاو مەروای نێوان بەغدا و هەولێر جگە لە بەنج کردنی کێشەکان هیچی لێ سەوز نەبووە، چونکە لە کۆتایدا بە ڕێکەوتن و سەفقەیەکی سیاسی کێشەکان دوادەخرا. دوا گەڕی ئەو سەفاو مەروایە پێش چەند مانگێک دەستی پێکردەوە، ئێستا هەرێم و وەفدی دانوستکار بەڕاشکاوی بە پەرلەمانیان وتووە ئێمە ئامادەین مەلەفی نەوت ڕادەست بکەین،بەڵام تا ئێستا چۆن چۆنی دەیکەن لەسەری ڕێک نەکەوتوون ، هەرێم پێ دەچێت بە دوو بژاردە مامەڵە لەگەڵ ڕادەستکردنەکە بکات ، یان ئەوەتا ٢٥٠ هەزار بەرمیل ڕادەست بکات و بەغدا بوجە بنێرێت و لەو بڕەی دەمێنێتەوە شایستەی کۆمپانیاکان بدات و ئەو قەرزەشی کە دەڵێ لەسەرمە بیداتەوە لەژێر چاودێری عێراقدا کە ئەمە بۆ هەرێم باشترە لە بژاردەی دووەم کە ئەوەیە هەموو مەلەفی نەوت ڕادەست بەغدا بکرێت و بەغداد مامەڵە لەگەڵ شایستە و قەرزەکاندا بکات،ئەم بژاردەیە پێشتر عێراق زیاتر مەیلی بەلایدا هەبوە، ئێستا پێگەی هەرێم لە هەموو کات لاوازترە، بۆیە بەپێی لێدوانەکانی وەزیری نوێی نەوتبێت لە ٢٠٢٠/٦/١٤ دا جگەلەوەی دەیەوێت سیاسەتی نەوت بگەڕێتەوە ژێر دەستی ناوەند هەروەها دەیەوێت پیاچونەوە بەهەموو پرۆژەکاندا بکات (پرۆژەکانی وزەی هەرێم).
ئەو پرسیارەی کە دەبێت جارێکی تر دووبارەی بکەمەوە ئەوەیە لە کاتی رادەستکردنی ھەموو نەوتی ھەرێم بە بەغدا لە بەرانبەر شایستەی کۆمپانیاکان و قەرزەکان و بودجە. ئەوکات ڕۆڵی وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی چی دەبێت؟ ئایا بەکرداری وەکو کۆمپانیای نەوتی باکور ڕۆڵ نابینێت؟ نەوت بەرھەم بهێنێ و تەسلیمی سۆمۆی بکات؟ ئایا ھەرێم بەوە رازی دەبێت؟ ئەی ئەگەر ڕازی نەبێت چی؟ بۆیە دەست و پەنجە نەرم کردن لێرە وا ئاسان نییە جومگەکانی وا تەشەنوجی کردووە بەئاسانی نەرم نابێتەوە بەڵام ئەستەمیش نییە.