شیکردنەوە و بەدواداچونی یادگار سدیق گەڵاڵی
ڕۆژی هەینی بەرواری ٢٠٢٠/٦/١٩ هەریەک لە کۆمپانیاکانی گەنێڵ ئەنێرجی( بۆ دوو کێڵگە) و شاماران و گۆڵف کیستۆن شایستەی مانگی ئایاری ڕابوردویان ڕاگەیاند کە لەلایەن حکومەتی هەرێم وە وەریان گرتووە بۆ کێڵگەکانی تاوکی وفیشخاپور، تەقتەق، ئەتروش و شێخان. بەڵام کۆمپانیاکانی کار،گاز پرۆم و وێستێرن زاگرۆس، HKN, ORYX هیچ بڕێکیان ڕانەگەیاندووە بۆ کێڵگەکانی خورمەڵ ، گەرمیان، هەولێر وە سەرسەنگ.
داهاتی کۆمپانیاکان بەهۆی بەرزبونەوەی نرخی نەوتەوە زیادی کردووە بەراورد بەمانگی نیسان بەڕێژەی ٦٧٪ . لە کێڵگەی تاوکی – فیشخاپور ( کەیەک بلۆکن)لەمانگی ئاماردا شایستەی هەردوو کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی و DNO بریتی بووە لە ٢٦ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار دۆلار پشکی كۆمپانیای DNO کەڕێژەی ٧٥٪ ی پشکی کێڵگەکەی هەیە بریتی یە لە ٢٠ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار دۆلار وە گەنێڵ ئەنێرجی ٢٥٪ ی پشکی کێڵگەکەی و شایستەی بریتی بووە لە ٦ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار دۆلار بووە، لەکاتێکدا لەمانگی نیساندا شایستەی کۆمپانیاکان لە تاوکی بریتی بووە لە ٨ ملیۆن و ٩٠٠ هەزار بەرمیل واتە بەڕێژەی ٦٧٪ داهاتی ئەو دوکۆمپانیا لەم بلۆکە نەوتییە زیادی کردووە. بڕی بەرهەمی ئەم کێڵگەیە لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩ دا بریتی بووە لە ١٢٢هەزار و ٨٠٠ بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا بەڵام بەهۆی ئەو ڕێوشوێنانەی گیراوەتەبەر بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و کەمکردنەوەی خەرجی پەرەپێدانی کێڵگەکان لە سەر داوای حکومەتی هەرێم ئاستی بەرهەم کەمی کردووە، بەپێی ڕاپۆرتی کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی لە چارەکی یەکەمی ٢٠٢٠ دا بەرهەم تاوکی و فیشخاپور بەیەکەوە بووە بە ١٠٠ هەزار بەرمیل و لە تێکڕای ٢٠٢٠ دا بەرهەم دادەبەزێت بۆ ٩٠ هەزار بەرمیل، واتە تا کۆتایی ساڵ تەنها لەم کێڵگەیەدا ٣٢,٨٠٠ بەرمیل نەوتی رۆژانە کەم دەکات.
کۆمپانییەکی تر کە شایستەکانی ڕاگەیاندووە بریتییە لە کۆمپانیای شاماران بۆ کێڵگەی ئەتروش کە بەیەکەوە لەگەڵ کۆمپانیای تاقەتی ئیماراتی کاری وەبەرهێنانی تیادا دەکەن. بڕی شایستەی ئەم کێڵگەیە بریتی بووە لە ٦ ملیۆن و ٩٠٠ هەزار دۆلار و کۆمپانیای شاماران کەپشکی ٢٧.٦٪ هەیە ٢ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆلاری وەرگرتووە . شایستەی مانگی چواری ڕابوردووی ئەم کێڵگەیە بریتی بووە لە ١ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار دۆلار و لە بڕە شاماران بڕی ٥٠٠ هەزار دۆلاری وەرگرتووە واتە بە ڕێژەی ٨٠٪ داهاتیان زیادی کردووە. بەرهەمی ئەم کێڵگەیە لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩ دا بریتی بووە لە ٤١هەزار و ٧٠٠ بەرمیل نەوت بەڵام لە کۆتایی چارەکی یەکی ٢٠٢٠ دا بەڕێژەی ١٢٪ بەرهەمی ئەم کێڵگەیە زیادی کردووە و بەرهەمی گەشتووەتە ٤٦هەزار و ٧٠٠ بەرمیل.
شایستەی کۆمپانیاکان لە کێڵگەی تەقتەق کە بەرهەمی ١٣ هەزار و ٦٥٠ بەرمیلە بریتی یە لە ٣ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار دۆلار و پشکی کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی بریتییە لە ١ ملیۆن و ٩٠٠ هەزار بەرمیل لە مانگی ئایاردا لەکاتێکدا مانگی نیسان شایستەی کۆمپانیاکان لەم کێڵگەیە ١ ملیۆن و ٩٠٠ هەزار دۆلار بووە و پشکی گەنێڵ ئەنێرجی ١ ملیۆن و ١٠٠ هەزار دۆلار بووە، ڕێژەی زیادکردنی داهاتی کۆمپانیاکان لەم بلۆکە نەوتییە بریتی بووە لە ٤٤٪ بەراورد بە مانگی پێشتر.
لەکێڵگەی شێخاندا کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن یەکێکی ترە لەو کۆمپانیانەی کە شایستەی وەرگرتووە و ڕایگەیاندووە، لەم کێڵگەیەدا کۆی شایستەی مانگی ئایار بریتییە لە ٢ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار دۆلار. ئەم کێڵگەیە لە لایەن کۆمپانیای گۆڵف کیستۆنی بەریتانی و MOL ی هەنگاری بەرهەم هێنانی تێدا دەکەن، پشکی کۆمپانیا بەریتانی کە لەشایستەکان بریتی بووە لە ٢ ملیۆن و ١٠٠ هەزار دۆلار ئەوی دەمێنێتەوە بۆ کۆمپانیا هەنگاری کەیە. کێڵگەی شێخان نەوتێکی قورسی هەیە و بەداشکاندنێکی زۆر دەفرۆشرێت کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن لە راپۆرتێکی دا دەڵێت بە ١٧ دۆلار لەژێر نرخی خاوی برێنتەوە،بەڵام بەپێی راپۆرتێکی پێگەی بلومبێرگ ٢١ دۆلار لەخوار برێنت. هەربۆیە لەمانگی نیساندا کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن ڕایگەیاند بەهۆی نزمی نرخ وە هیچ داهاتێکیان نەبووە. بەپێی بۆچونی ئێمە ئەمە ئەوە ناگەیەنێت حکومەتی هەرێم هیچ داهاتی نەبووە لەو کێڵگەیە چونکە کۆمپانیا بەرهەمی نەوەستاندووە بەڵکو نرخی برێنت لەژێر ٢٠$ دۆلارەوە بووە و بۆیە داهاتی نەبووە ، بەرهەمی ئەوکێڵگەیە داخڵی بۆری هەرێم دەکرێت و دەگەیەنرێت بەندەری جیهانی تورکیا . بەهۆی تێکەڵ کردنی نەوتی قورسەوە جۆرێکی (کواڵێتی) نەوتەکە دادەبەزێت بەڵام ئەم کردارە لە ڕابوردودا بەردەوام کراوە، بۆیە هیچ ئاماژەیەک نییە کە لەمانگی نیساندا نەکراوە . خاڵێکی تر ئەوەیە وەستاندنی بەرهەم زیانەکانی زۆرە بۆ حەشارگەی نەوتییەکان بۆیە بەرهەم هێنانی بەردەوام ژیانی کەمترە. هەربۆیە لەکاتی دابەزینی نرخی نەوت بۆ ٢٠$ هێشتا ئەو وڵات و بەرهەم هێنانی تێچوی نەوتەکەشیان زیاتر بوو بەردەوام بوون بەرهەم هێنان. بەرهەمی شێخان لە چارەکی چوارەمی ٢٠١٩ دا تێکڕا بریتی بووە لە ٣٢ هەزار و ٨٨٣ هەزار بەرمیل لەڕۆژێکدا، بەپێی ئەوپلانەی کۆمپانیا دایناوە بەرهەم سەرەتا بۆ ٣٨ هەزار بەرمیل زیاد دەکات و لە چارەکی سێهەمی ٢٠٢٠ بۆ ٥٥ هەزار بەرمیل. دەبێت چاوەڕێبین بزانین بەهۆی کەمکردنەوەی خەرجییەوە پلانەکە گۆڕانی بەسەردا دێت یان نا.
بەڵام تاکە کۆمپانیا لە هەرێم کە نە بەرهەمی کێڵگەکە و نە داهاتی کۆمپانیاکە تا ئێستا ئاشکرا نەکراوە کۆمپانیای کارە کە لە کێڵگەی خورمەڵە وەبەرهێنان دەکات. هیچ داتایەکی فەرمی لەبەردەست نییە کە بڵێت بەرهەمی ئەم کێڵگەیە چەندە بەڵام مەزەندە دەکرێت بە ١٧٠ بۆ ١٧٥ هەزار بەرمیل، ئەوەی پێویستە بوترێت دەبێت شایستەی کۆمپانیای کار کەمتر بێت بەراورد بە کۆمپانیاکانی تر لەبەر ئەوەی کار هاتووەتە سەر کێڵگەیەکی ئامادە و خۆی بەرهەمی ڕۆژانەی لەو کاتەدا نزیکەی ٩٠ هەزار بەرمیل بووە، بەڵام کۆمپانیاکانی تری نەوت لەکێڵگەکانی تر خەرجی گەڕان و پشکنینیان زۆرە و زۆربەی ئەو پارەیە وەری دەگرن بۆ تێچووەکان دەگەڕێتەوە. خاڵێکی تر کە دەبێت لێرە باسی بکەین جۆری ئەو گرێبەستەی کەلەگەڵ کاردا کراوە تائێستا نە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و نە کۆمپانیای کار ڕایان نەگەیاندووە چ جۆرە گرێبەستێکیان لە نێوان دا هەیە . بەڕای ئێمە گونجاوترین گرێبەست بۆ ئەم کێڵگەیە گرێبەستی خزمەتگوزاری تەکنیکییە Technical Service Contract بەهەمان شێوەی عێراق و هەموو ئەلێمێنتێکی ئەو جۆرە گرێبەستە بوونی هەیە، گەورەترین هەڵەیە گەر گرێبەستی هاوبەشی کردن بەرهەم کرابێت PSA وەکو وتم نازانرێت کار چۆن چۆنی کار دەکات لەوێ و داهات و شایستەی چەندە. یەکێک لە هۆکارەکان ڕەنگبێت ئەوەبێت یاسایەک نییە لە هەرێم بیسەپێنێت بەسەر کۆپانیاکاندا داهات و قازانجیان ئاشکرا بکەن ، یان ڕاپۆرتی ڕێڕەوی داراییان رابگەیەنن. بەڵام کۆمپانیا بیانیەکان لەبەر پابەند بونیان بەیاسای وڵاتەکەیان و یاساکانی یەکێتی ئەوروپاوە ناچارن داهات و قازانجیان ئاشکرا بکەن.
کۆمپانیایەکی تر کە کۆمپانیای HKN لە کێڵگەی سەرسەنگ کاردەکات شایستەی مانگی ئازار و نیسانی بەیەکەوە ڕاگەیاندووە کە بریتی بووە لە ٩ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار دۆلار و بەرهەمی ئەو کێڵگەیە بەتێکڕا بریتی بووە لە ٢٣ هەزار و ٣٢٤ بەرمیل نەوت لە ساڵی ٢٠١٩ دا بەڵام هێشتا شایستە مانگی ئایاری ڕانەگەیاندووە.
کۆمپانیای گازپرۆمی ڕوسی و وێستێرن زاگرۆسی کەنەدی دوکۆمپانیان لە بلۆکی گەرمیان کاردەکەن و بەرهەمی ڕۆژانەی ئەو کێڵگەیە ٣٥ هەزار بەرمیل نەوتە لە ڕۆژێکدا و لە ڕێی تەنکەرەوە بەرهەمی دەگوازرێتەوە و داخڵی بۆری هەرێم دەکرێت و جۆری نەوتەکەی نەوتێکی زۆر کوالتی بەرز و سوکە. تائێستا کۆمپانیا شایستەکانی ڕانەگەیاندووە.
کێڵگەی هەولێر لە لایەن کۆمپانیای ORYX کە کۆمپانیایەکی بچوکە بەڕێوەدەبرێت و وەبەرهێنانی تیادا دەکات و پشکی ٦٥٪ هەیە و ئاستی بەرهەم هێنانی بریتی لەمانگی ١٢ ی ٢١٠٩ دا بریتی بووە لە ١٤ هەزار بەرمیل و لە مانگی کانونی دووەمی ٢٠٢٠ دا بریتی بووە لە ١٤ هەزار و ٥٠٠ بەرمیل بەڵام بەهۆی ڕێکارەکانی کەمکردنەوەی خەرجییەوە وەستانی لێدانی بیرو بەرهەمی ئەم کێڵگەیە زۆر کەمی کردووە لە مانگی ئایاردا بەرهەمی ٣ هەزار و ٨٠٠ بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا . کۆمپانیاکە ڕایگەیاندووە کە لە ٢٠٢٠/٤/١ وە کێڵگەی بەنان کە کەمترین داهاتی هەیە داخراوە بە ئاگاداری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان . ئەم کۆمپانیایە دەڵێت بەردەوام شایستە داراییەکانی مان وەر گرتووە جگە لە مانگەکانی ١١ و ١٢ی ٢٠١٩ و ١و ٢ ی ٢٠٢٠ کە بڕی ٣٩ ملیۆن دۆلارمان لای حکومەتە بۆ ئەو چوار مانگە.
شایەنی وتنە لەمانگی ئازاردا حکومەتی هەرێم بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە کێشەی داهاتی بۆ دروست بوو، بۆیە بڕیاریدا شایستەی دارایی کۆمپانیاکانی نەوت بۆ مانگەکانی ١١ و ١٢ ی ٢٠١٩ و ١ و ٢ی ٢٠٢٠ دوابخات لانی کەم بۆ ٩ مانگ و بەو هیوایەی نرخی نەوت بەرزببێتەوە. ئەم دواخستنەهیچ سودێکی ناچێتە سەر، وە لە مانگی ئازارەوە مانگانە و لە ١٥ ی هەرمانگێکدا کۆمپانیاکان شایستەکانیان وەربگرن. ئەمە سێهەم جارە دوای ئەو بڕیارە کۆمپانیاکان شایستەکانیان وەردەگرن.