یادگار سدیق گەڵاڵی
عێراق ڕازی بووە لەگەڵ سێ کۆمپانیا کە لە کێڵگە زەبەلاحەکانی باشور کاردەکەن بەرهەمی نەوتیان زیاتر کەم بکەنەوە، بەپێی سەرچاوەیەکی فەرمی نەوتی عێراق کەڕۆژی یەکشەممە ٢٠٢٠/٦/١٤ بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە.
عێراق بەنیازە و دەیەوێت پابەندییەکانی زیادبکات بەشێوەیەک کە بگونجێت لەگەڵ ئەو ئامانجەی بۆی دیاری کراوە لەلایەن ڕێکخراوی ئۆپیک و هاوپەیمانەکانی لە پێناو کەمکردنەوەی خستنەڕووی نەوت.
عێراق ڕازی بووە کە کۆمپانیای نەوتی لوک ئۆیلی Lukoil ڕوسی کە دەست بکات بە کەمکردنەوەی ٥٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانەی تر لە بەرواری ٦/١٣ تاوەکو بەرهەم کە ببێتەوە بۆ ٢٧٥ هەزار بەرمیل لە کێڵگەی قورنەی ڕۆژاوا ٢ ( West Qurna 2). لوک ئۆیل بڕی ٧٠ هەزار بەرمیل نەوتی پێشتر لەمانگی ئایاردا لەسەر داوای وەزارەتی نەوت کەم کردۆتەوە. بەرهەمی کێڵگەکە لەمانگی نیساندا بریتی بووە لە ٣٩٥ هەزار بەرمیل واتە لە ئێستادا تێکڕا ١٢٠ هەزار بەرمیل بەرهەم لە قورنەی ڕۆژاوا ٢، کەمی کردووە.
بەڕێوەبەرێکی نەوتی عێراق کە چاودێری بەرهەمی نەوت دەکات بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە کە کۆمپانیای نەوتی بەسرە کە کۆمپانیایەکی حکومییە،داوای لە کۆمپانیای بی پی BP بەریتانی کردووە بەرهەمیان لە کێڵگەی ڕومەیلە بەڕێژەی ١٤٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە کەم بکەنەوە. بەرهەمی کێڵگەی ڕومەیلە لە نێوان ١٫٤ ملیۆن بۆ ١٫٤٥ ملیۆن بەرمیلە لە ڕۆژێکدا.
هەروەها کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل کۆرپ Exxon Mobile Corp ڕازی بووە کە بڕی ٧٠ هەزار بەرمیلی تر ڕۆژانە بەرهەم کەم کاتەوە لە کێڵگەی ڕۆژاوای قوڕنە ١ (West Qurna 1) بەم کەمکردنەوەیە بەرهەمی ئەوکێڵگەیە نزیک دەبێتەوە لە ٣٥٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە. بەرهەم لەم کێڵگەیەدا لە مانگی ئایاردا ٥٠ هەزار کەمی کردووە بەوەش لەو مانگەدا بەرهەمی ڕۆژاوای قوڕنە ١ بریتی بووە لە ٤٢٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە.
عێراق بە ئۆپیکی ڕاگەیاندووە کە پلانی هەیە بەشێوەی قۆناغ بەندی بەرهەمی کەم بکاتەوە تاوەکو بتوانێت پابەندی ئەو ڕێژەیە بێت کە لە لایەن هاوپەیمانی ئۆپیک پلەسەوە بۆی دیاری کراوە.
هاوپەیمانی ئۆپیک پلەس لە ٦/٦ دا ڕازی بوون بەوەی ڕێکەوتنەکەیان بۆ کەم کردنەوەی بەرهەم بەو ڕێژەیەی لە مانگی ئایار و حوزەیران دیاری کراوە تا کۆتایی تەموز درێژبکەنەوە. ئەم بڕیاری کەمکردنەوەی بەرهەمە هاوکار بووە لەماوەی دوو مانگی ڕابوردودا نرخی نەوت دوبەرانبەر بەرز بکاتەوە، بەکەمکردنەوەی نزیکەی ١٠٪ ی بەرهەمی جیهان لە بازاڕدا.
هەروەها هەر لەو کۆبونەوەی ٦ی حوزەیراندا هاوپەیمانی ئۆپیک پلەس داوای لەوڵاتەکانی وەکو نەیجیریا و عێراق کردووە کە پابەند نەبوون و بەرهەمیان زیاتر لە پشکی خۆیان خستووەتە بازاڕەوە لە مانگەکانی ئایار و حوزەیراندا ، دەبێت قەرەبووی ئەو ڕێژەیە لە مانگەکانی تەموز تا ئەیلولی بکەنەوە.
پێشتریش لە پەیوەندیەکی تەلە فۆنیدا و لە بەرواری ٦/٩ دا وەزیری نوێی نەوتی عێراق احسان عبدالجبار لەگەڵ هاوتا سعودیەکەی شازادە عبدالعزیز بن سەلمان دڵنیای دا کە عێراق پابەند دەبێت بە ڕێکەوتنەکەوە.
ئەمە تەنها ٢٦٠ هەزار بەرمیلە لەم مانگەدا زیادی کردووە بۆ سەر ئەو ڕێژەیەی کە لەمانگی ئایاردا عێراق کەمی کردووە، کە بەپێی داتاکان عێراق تەنا ٥٠٪ پابەند بووە لەو مانگەدا، لەلایەکی ترەوە وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند کە خەریکی دروست کردنی ئەمباری نەوتی گەورەن بۆ بەرهەمە نەوتییەکان و ڕایگەیاند بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە خواست لەسەر بەرهەمە نەوتییەکان کەمی کردووە، بەمانایەکی تر خواست لەسەر ئەو بڕەی لە ناوخۆدا بەکار دەهات کەمی کردووە، لەم بارودۆخەدا عێراق لەڕێگەی کەمکردنەوەی زیاتری بەرهەمی ناوخۆشەوە دەیەوێت بەرهەم کەمکاتەوە، لە ئاکامدا زیاتر بەئاراستەی پابەندیە کەی ئۆپیک هەنگاو بنێت. لەلایەکی تریشەوە هەرێمیش بەشێک دەبێت لەو پابەندیەوە، بەپێی بەدواداچونی ئێمە هەرێم تەنها بەهۆی ڕێکارەکانی کۆڤید ١٩ و نزمی نرخی نەوت، لە ئاکامی کەم کردنەوەی خەرجی پەرەپێدانی کێڵگەکان بەرهەمی بەشێوەیەکی سروشتی بڕی ٥٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە کەمی کردووە، لەکاتێکدا ڕێژەی پابەندی هەرێم بە کەمکردنەوەی بەرهەم بەراورد بە ئاستی بەرهەمی عێراق لە نێوان ٦٠ بۆ ٧٠ هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا.