پێش دانیشتنەکەی هاوپەیمانی ئۆپیک پلەس ڕۆژی شەممەی ڕابوردوو ٢٠٢٠/٦/٦ نرخی نەوتی خاو بەرزبویەوە، دوای ڕێکەوتنەکەش لەگەڵ کرانەوەی بازاڕدا هەر بەرزی و لە سەرو ٤٢ دۆلارەوە مایەوە، بەڵام هەروەک چاوەڕوان دەکرا ئەو بەرزبونەوەیە دابەزینی نرخی بەدوادا دێت جارێکی نرخی نەوت بەڕێژەیەک لەکاتی داخستنی بازاڕدا دابەزینی بەخۆوە بینی، بەڵام هێشتا لە سەروو٤٠ دۆلارە.
چەند هۆکارێک هەیە بۆ ئەوەی کەنرخی نەوت بەرزبونەوەی زۆر بەخۆوە نەبینێت، یەکێک لەو هۆکارانە بریتییە لە کۆبونەوەی ئەمبارێکی زۆری نەوت، لەمانگی ئازارەوە تائەمڕۆ ئەوبڕە مەزەندەدەکرێت بە زیاتر لەیەک ملیار بەرمیل نەوت لەسەرتاسەری جیهاندا، ئەمە کاتی پێویستە تا کەم دەبێتەوە و پێویستی بە بوژانەوەی زیاتری ئابوری جیهانە.
لەلایەکی تر لەگەڵ ڕێکەوتنەکەی ئۆپیک پلەس بۆ درێژکردنەوەی کەم کردنەوەی بەرهەم مانگێکی تر تا کۆتایی مانگی تەموز بەهەمان ڕێژەی مانگەکانی ئایار و حوزەیران ٩٫٧ ملیۆن بەرمیل نەوت ڕۆژانە ، بەرهەمی نەوتی لیبیا زیادیکرد. لیبیا کەبەهۆی جەنگی ناوخۆوە لەکەم کردنەوەی بەرهەم بەخشرا و پێشتر بەرهەمی لە ١٫٢ ملیۆن بەرمیلەوە بۆ ٩٠ هەزار بەرمیل دابەزی بو لەمانگی کانونی دووەمەوە. دەستپێکردنەوەی بەرهەم لەئێستادا لەدوو کێڵگەی باشوری وڵاتە کەلەکاتی ئاسایدا توانای ٤٠٠ هەزار بەرمیل یان هەیە، بەڵام لەڕۆژی شەممەوە ٣٠ هەزار بەرمیل زیادی کردووە و چەند مانگێکی دەوێت تا دەگاتە بەرهەمی ئاسایی بەهۆی ئەو زیانانەوە کە بەهۆی شەڕی ناوخۆی ئەوڵاتەوە بە کێڵگە نەوتییەکان گەشتووە.
هەروەها وڵاتێکی تری هاوپەیمانیەکە وڵاتی مەکسیکە لەسەر زاری وەزیری وزە ڕوسیۆ ناهیل رایگەیاند کەوا وڵاتەکەی پابەند نابێت بە ڕێکەوتنەکەی ڕۆژی شەممەوە، وتی ئێمە پابەندین بەڕێکەوتنەکەی مانگی نیسانی ڕابوردوە وە. شایەنی باسە لەمانگی نیسانیشدا مەکسیک بەڵێنی دا کە تەنها ١٠٠ بەرمیل کەم بکاتەوە ئەوەی دەمایەوە ئەمریکا لەبری مەکسیک بۆی پڕبکاتەوە. سەرۆک کۆماری مەکسیک ئەندریەس مانویل لوپێز ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە ئێمە بەرهەم لەوە زیاتر کەم ناکەینەوە.
هەروەها چەند وڵاتێکی تریش لەمانگی رابوردودا پابەند نەبوون بە و ڕێژەیەکی بۆیان دیاری کراوە لەناویاندا عێراق و نەیجیریا هەیە. کە هاوپەیمانیەکە داوای لێکردوون لەمانگەکانی ئایندەدا قەرەبووی بکەنەوە، ئەوانیش بەفەرمیی بەڵێنیان داوە، لەهەمان کاتدا وڵاتانی کەنداو ( سعودیە،کوەیت و ئیمارات) بەیەکەوە ١٫١٨ ملیۆن زیاتر لەپشکی خۆیان کەم کردەوە لەمانگی رابوردودا. لانی عێراق لەگەڵ ئەوەی بەفەرمیی ڕایگەیاندووە کە پابەند دەبێت و قەرەبووی مانگی ڕابوردوو دەکاتەوە بەڵام بەکردەیی پێناچێت بتوانێت ١٠٠٪ پابەندبێت، لەڕابوردوشدا بەتەواوەتی پابەند نەبووە، و چاوپۆشی لێکراوە. چەند هۆکارێک هەیە بۆ عێراق ناتوانێت بەتەواوەتی پابەند بێت گرنگترینیان کێشەی داراییە کە ڕوبەڕوی عێراق بووەتەوە، زیاتر ٩٠٪ ی داهاتی عێراق پشتی بەفرۆشی نەوت بەستووە ، خاڵێکی تر جۆری گرێبەستەکانی عێراقە لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان کە گرێبەستی خزمەتگوزاری تەکنیکییە و بەپێی گرێبەستەکان توانای بەرهەم هێنانی کێڵگەکان چەند بوو حکومەت دەبێت مافی خزمەتگوزاری بەو ئەندازە بدات ئەگەر کەمتریش بەرهەم بهێنرێت لەبەر هەر هۆکارێک، دەبێت بەپێی تواناکە کرێی کۆمپانیاکان بدرێت نەک بەرهەم چەندبێت. دەکرێت خاڵێکی تریش بەرهەمی هەرێم بێت کەتائێستا لەگەڵ ناوەندا نەگەشتوەتە ڕێکەوتنی تەواو هەرچەند هەولێر و بەغدا پێشتر ڕایان گەیاندووە کە هەرێم پابەندە بەڕێکەوتنی کەمکردنەوەی بەرهەمەوە.
لەمانگی ئایاردا هاوپەیمانی ئۆپیک پلەس ئاستی پابەند بونیان ٨٩٪ بووە واتە زیاتر لە یەک ملیۆن پابەند نەبون. ئەمانە هەمووی وامان لێدەکات بڵێین، نرخی نەوت لەم ڕێژەیە زۆر زیاتر بەرز نابێتەوە و ماوەیەکی دەوێت تا نرخی نەوت بگاتە ٥٠ دۆلار و بەرەو سەر.