یادگار سدیق گەڵاڵی
بەرزبوونەوە و دابەزینی نرخی نەوت بەگشتی پەیوەستە ها کێشەیەکی سادە ی ئابووری (خواست لەسەر نەوت و خستنەڕووی نەوتە لەبازاڕدا).
بەهۆی ئیفلیج بوونی ئابووری وڵاتانی جیهان لە ئەنجامی ڕێکارەکانی ڕووبەڕووی ڤایرۆسی کۆرۆناوە( داخستنی شوێنە گشتییەکان و گەشتی ئاسمانی و کەکردنەوەی هاتوچۆ بۆ نزمترین ئاست..) نزیکەی سێ مانگە نرخی نەوت دابەزینێکی نائاسایی بەخۆوە بینی. پێشتریش لەسەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ دا بازاڕی نەوت کێشەی هەبوو، گەشەی ئابوری جیهان خاوبوبویەوە بەڵام بڵاوبونەوەی خێرای ڤایرۆسی کۆرۆنا خێراتری کرد.
دوای ئەوەی لەمانگی نیساندا وڵاتانی هاوپەیمانی ئۆپیک پلەس بەسەرکردایەتی سعودیە و ڕوسیا بڕیاری کەم کردنەوەی بەرهەمیاندا بۆ نزیکەی ١٠ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا و پاشتریش وڵاتانی تری بەرهەم هێنی دەرەوەی ئەم هاوپەیمانێتییە بەشداربوون لە کەمکردنەوەی بەرهەم. هاوکاربوو بۆ ئەوەی لەسەر خۆ نرخی نەوت بەرەو بەرزبوونەوەی بڕوات. خاوکردنەوەی ڕێوشێنەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆڤید ١٩ لە وڵاتانی ئەوروپا ولەمانگی ئایاردا و پێشتریش چین لەلایەک وە پابەند بوونی هاوپەیمانیەتی ئۆپیک پلەیس بەڕێکەوتنەکەیانەوە، بگرە کەم کردنەوەی زیادتری بەرهەم لەو بڕەی بۆ خۆیان دانابوو بۆ ١١ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، لەگەڵ نزیک بوونەوەی دانیشتنی هاو پەیمانی ئۆپیک پلەس بە چەند ڕۆژی ئایندەدا و ناردنی ئاماژە بۆ بازاڕ کە ڕوسیاو سعودیە ڕازین کە لەمانگی تەموزیشدا بەردەوام بن لەسەر ئەم ئاستەی کەم کردنەوەی بەرهەم لەلایەکی تر وای کردووە نرخی خاوی برێنت بۆ سەرو ٤٠ دۆلار بەرزبێتەوە و نرخی خاوی تەکساسیش بگاتە سەرو ٣٧,٥دۆلار، دوای ئەوەی ماوەی مانگێکە لە ٣٠ دۆلار و هەفتەیەکە لە سەر و ٣٥ دۆلارەوە جێگیرە.
بەرزی نرخ کێشەیە؟
کێشەی ئۆپیک پلەس و بەتایبەت ڕووسیا لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ سەر و ٥٠ دۆلار ئەوەیە لەهەمان کاتدا پیشەسازی نەوتی بەردینی ئەمریکاش دەبوژێتەوە، سەرئێشە بۆ ڕوسیاو ئۆپیک دروست دەکات،سودمەندی سەرەکی ئەمریکا دەبێت لێی.
لەچەند ساڵی ڕابردوودا دوای کێشەی دابەزینی نرخی نەوت لەساڵی ٢٠١٤ دا و پاشتر ڕێکەوتنی ئۆپیک پلەس لە ٢٠١٦ دا بەردەوام لەگەڵ کەم کردنەوەی بەرهەم لەلایەن ئۆپیک پلەسەوە، لەبەرانبەردا نەوتی بەردینی وڵاتەیەکگرتوەکانی ئەمەریکا زیادی کردووە و پیشەسازییەکە زیاتر گەشاوەتەوە.
هەربۆیە دەستپێکی وتووێژی مانگی نیسان بۆ کەمکردنەوەی بەرهەم هەوڵێک درا بۆ ئەوەی ئەمەریکاش بەرهەمی کەم بکاتەوە. لەئەنجامی نزمی نرخی نەوت بەبێ ڕێکەوتن بەشێوەیەکی ئاسایی بەرهەمی نەوتی بەردینی ئەمەریکا کەمی کرد ( هەندێ کۆمپانیا مایەپوچ بوون)، هەروەها وڵاتانی وەکو نەرویج و کەنەداش بەشداربوون لەگەڕاندنەوەی بابانی بۆ بازاڕی نەوت و بەڕێژەیەک بەرهەمیان کەم کردەوە.دابەزینی نرخی نەوت لەم ساڵدا ئازاری گەورەی بەهەمووان گەیاند.
بۆیە چاوەڕێ دەکرێت زۆر بەوریاییانە تر وڵاتانی ئۆپیک پلەس مامە ڵەبکەن، و ئەمەریکاش بەشێوەی پێشوو بێ منەتانە مامەڵەنەکات.
لەچەند ساڵی ڕابوردودا ئەمریکا بەردەوام داوای دەکرد کە بەرهەم کەم نەکرێتەوە بۆ ئەوەی نرخی نەوت دابەزێت وە لەلایەکیتریش سودی لەکەم کردنەوەی بەرهەم لەلایەن ئۆپیک پلەس وەدەگرت بۆ زیادکردنی بەرهەمی، تا گەشتە ئەوەی بەرهەمی ئەمریکا نزیک بویەوە لە ژمارەی پێوانەیی. لەسەرەتای ٢٠١٧ تا کۆتایی ساڵی ٢٠١٩ نزیکەی ٣ ملیۆن بەرمیل بەرهەمی زیادی کرد.
بەلابردنی زیاتری بەربەستەکانی ڕوبەڕوبونەوەی کۆڤید١٩ و دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان بازاڕی جیهان زیاتر دەبوژێتەوە هەروەها بەردەوام بوون لە پابەند بوون بەکەم کردنەوەی بەرهەم لە لایەن هاوپەیمانی ئۆپیک پلەس نرخی نەوت زیاتر بەرز دەبێتەوە.
هەر بەرزبونەوەی کیش لە نرخی نەوت ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر داهاتی هەرێم دەبێت بەڵام کاریگەری نزم بوونەوەی نرخ لەم سێ مانگەدا لەسەر هەرێم زۆر گەورەیە بەخێرایی وەک پێشتری لێنایەتەوە هۆکارەکەشی شاراوە نییە لای خەڵکی هەرێمی کوردستان بەبێ ئەوەی بچینە ناو وردەکاریەکانییەوە دەتوانین لە یەک وشەدا کورتی بکەینەوە بڵاوبونەوەی شێرپەنجەی گەندەڵی یە.
دیارە چارەی شێرپەنجە چییە!!
بێ هیوای و بێ متمانەیی خەڵک بە حکومەت هێندەیتر هەنگاوەکانی چارەسەر سەخت و قورس دەکات. بەتایبەت تر ئەگەر هەنگاوەکانی چارەسەر لەسەر پشتی کیسەڵ دەڕوات و بەو ئەندازەیە خاوە. دەبێت چارەسەر لە شا ڕێگەکان وە دەست پێبکات ئەوسا تولەڕێ خۆی وشک دەبێت.