شیکردنەوەی
یادگار سدیق گەڵاڵی
بلۆکی تاوگی کە پێک دێت لە کێڵگەی تاوکی و فیشخاپور هەریەک لە کۆمپانیای DNO ی نەرویجی 75٪ پشکەکانی هەیە و کۆمپانیای گەنێڵ ئێنێرجی تورکی کە بنکەی سەرەکی لە لەندەنە و پشکی ٢٥٪ ی هەیە.
ئەم دوو کۆمپانیایە ڕایان گەیاند کە لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا ئاستی بەرهەمیان بۆ ١٠٠ هەزار بەرمیل دابەزیوە، لەکاتێکدا لە چارەکی یەکەمدا تێکڕای بەرهەمی بلۆکە نەوتییەکە ١١٥ هەزار و ٢١٠ بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا واتە کەم بونەوەی بەرهەم بەڕێژەی ١٣.٢٪ . ڕۆژانە ١٥ هەزار و ٢١٠ بەرمیل بەرهەم کەمی کردووە کەلە مانگێکدا دەکاتە ٤٥٦ هەزار و ٣٠٠ بەرمیل و لە چارەکێکدا بۆ ١ ملیۆن و ٣٦٨ هەزار و ٩٠٠ بەرمیل بەرهەمی ئەو کێڵگەیە کەم دەکات. واتە هەرێم لە کێڵگەی تاوکی بەرهەمی بووە بە ٥٥ هەزار و پیشخاپوریش ٤٥ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە، لە کاتێکدا لەچارەکی یەکەمدا تاوکی بەرهەمی بریتی بووە لە ٦١ هەزار و ٤٩٣ بەرمیل و فیشخاپوریش ٥٣ هەزار و ٧١٤ بەرمیل بووە .چاوەڕێ دەکرێت تا کۆتایی ساڵ تێکڕا بەرهەمیان بۆ ٩٠ هەزار دابەزێت.
کەم کردنی بەرهەم بەپێی قسەی کۆمپانیای سەرکار دەگەڕێتەوە بو باری ئاسایی کێڵگەکە، کاتێک بیری نوێ لێبدرێت و بازاڕی نەوت چاکبێتەوە( ئێستا هیچ بیرێکی نوێ لێنادرێت) .
پێشتر حکومەتی هەرێم بەکۆمپانیا نەوتییەکانی ڕاگەیاندووە کە خەرجیان لە کێڵگەکان کەمبکەنەوە، ئەمەش دەبێتەهۆی ئەوەی پەرەپێدان لەکێڵگەکاندا بوەستێ، چالاکی بیرلێدان بۆ نزمترین ئاست دابەزێت گەر نەڵێین بوەستێت. لەکاتێکدا هەرێم بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە داهاتی زۆر کەمی کردووە وپێویستی بە زیادکردنی بەرهەم و زیادکردنی داهات هەیە ئەمەش کاریگەری نەگەتیڤی دەبێت لە سەر بارودۆخی دارایی هەرێم .
ئەگەر بەوشێوە بێت کە کۆمپانیاکان پێشبینی دەکەن لە ساڵی ٢٠١٩ دا بەتێکڕا بەرهەمی بلۆکی تاوگی ٩ ملیۆن و ٢١٠ هەزار بەرمیل کەم دەکات وەگەر نرخی تێکڕای بەرمیلێک بە ٣٠ $ دابنێین ئەوا ئەو نەوتەی کە لە تاوگی کەم دەکات لەماوەی ساڵەکەدا دەکاتە زیاد لە ٢٧٦ ملیۆن دۆلار.