وەزارەتی نەوتی عێراق داهاتی هەناردەی نەوتی مانگی ئایاری ڕاگەیاند. بەپێی ئاماری سەرەتایی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) کۆی هەناردەی نەوتی خاوی عێراق بریتی بووە لە ٩٩ ملیۆن و ٥٨٥ هەزار و ٢٨٣ بەرمیل نەوت. کۆی داهاتی فرۆشی ئەو نەوتە بریتی بووە لە ٢ ملیار و ٩١ ملیۆن و ٨١١ هەزار دۆلار.
وتەبێژی وەزارەتی نەوت عاسم جیهاد ووتی کۆی هەناردەی نەوتی مانگی ئایار لە کێڵگەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق بریتی بووە لە ٩٦ ملیۆن و ٣٩ هەزار و ٨٥٢ بەرمیل، بەڵام هەناردە لە کێڵگەکانی کەرکوکەوە بۆ بەندەری جیهانی تورکی بریتی بووە لە ٣ ملیۆن و٥٤٥ هەزار و ٤٣١بەرمیل.
هەروەها جیهاد ڕایگەیاند تێکڕای بەرهەمی ڕۆژانە ی عێراق بریتی بووە لە ٣ ملیۆن و ٢١٢ هەزار بەرمیل. تێکڕای هەناردە لەڕێگەی بەسرەوە بریتی بووە لە ٣ ملیۆن و ٩٨ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا وە تێکرای هەناردە لەڕیی جیهانەوە بریتیبووە لە ١١٤ هەزار بەرمیل لەڕۆژێکدا. نرخی فرۆشی بەرمیلێک نەوت لەمانگی ئایاردا تێکڕا بە ٢١،٠٠٥ دۆلاربووە.
شایانی باسە مانگی نیسانی ڕابوردوو داهاتی عێراق لە هەناردەی نەوت بریتی بوو لە ١ ملیار ٤٢٣ ملیۆن دۆلار وە تێکڕای نرخی نەوت بریتی بووە لە ١٣،٨٠١ دۆلار کەمترین داهاتبووە لەماوەی چەند ساڵێکدا بەهۆ ئەوەی نرخی نەوت لە نزمترین ئاستیدابوو، واتە بەڕێژەی ٣٢% داهات بەراورد بەمانگی پێشو زیادی کردووە. چاوەڕی دەکرێت مانگی حوزەیرانیش نرخی نەوت نزیک بێت لە ٤٠$ واتە داهاتیش بەهەمان رێژە چاوەڕی دەکرێت زیاد بکات.