د. یادگار کمال ئەحمەد
پرسی نەوت لە هەرێمی کوردستان مێژویەکی درێژی هەیە و بەچەندین قۆناغدا تێپەریوە. بەڵام گرنگترین قۆناغی لە پاش ڕاپەرینەکەی کوردستانی سالی ١٩٩١ وە دەستپیدەکات، چونکە بۆ یەکەم جار کۆنترۆلی زۆربەی ئەو ناوچانەی کوردستان کە نەوتی تێدایە بەڕاستەوخۆ کەوتە ژێر دەسەڵاتی حکومەتێکی کوردی، هەرچەندە ئەوەندە بەکارنەدەهات.
لە ساڵی ٢٠٠٦ بەدواوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاستەوخۆ چەندین گرێبەستی تایبەت بە گەڕان و بەرهەمهێنان و بەبازاڕکردنی نەوت و گازی واژوو کرد لەگەڵ کۆمپانیا ئیقلیمی و نێودەولەتیەکان. ئەم پرسەش ئاڵۆزی و ناکۆکی یاسایی و سیاسی زۆری لێکەوتەوە لەگەل حکومەتی ناوەند هەتا ئەم ساتەش کەوا نزیکین لە ناوەڕاستی سالی ٢٠٢٠. حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوانبار دەکرێت بە ناشەفاف لەم پرسەدا، لەکاتێکدا چەندین جار داوای لێکراوە ووردەکاری گرێبەستەکان بخاتەڕوو، بەڵام حکومەت ئەو کارەی ئەنجام نەداوە بەپاساوی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی. پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا پاراستنی نهێنی ووردەکاری گرێبەستە نەوتیەکان بەستراون بە ئاسایشی نەتەوەییەوە؟ ئەگەر وایە، تا چەند؟
پێش هەموو شتێک، چەمکی ئاسایشی نەتەوەیی مۆدێرن واتایەکی فراوانی هەیەو لەمانا تەقلیدیە سەربازییەکەی تێپەڕیوەو ئێستا ئاسایشی ئابووری و ئاو و ووزە و…هتد لە خۆدەگرێت. ئاسایشی ووزە کاتێک بەزەقی دەردەکەوێت کە ووڵاتێک سەرچاوەی ووزەی نەبێت یان ئەگەر هەیبێت بەشی ناوخۆ نەکات، لەو کاتەدا ناچار دەبێت ووزە (نەوت و گاز) هاوردە بکات بەمەبەستی مانەوە (Survival). هەروەک چۆن ئەمەریکا و هاوپەیمانان عێڕاقیان لە کوەیت کردە دەرەوە لە سالی ١٩٩١، چونکە ئاسایشی ووزەی ئەمریکی دووچاری مەترسی هات و ئەگەر بەرداوام بوایە دەچووە قۆناغێکی مەترسیدارتر کە ئاسایشی نەتەوەییە بۆ ئەو ووڵاتە. بۆیە ناچار بوو زەریاو دەریاکان ببڕێت و بیتە ناوچەکە و جەنگ بەرپابکات. وە نموونەی لەم چەشنە زۆرە بە درێژایی سەدەی بیست. لە بەرامبەر ئەمەشدا، ئاسایشی ووزە بایەخێکی ئەوتۆی نابێت بۆ ئەو ووڵاتانەی نەوت و گازیان زیاد لە پێویست هەیەو هەناردەی دەرەوەی ووڵاتی دەکەن، چونکە بەشی ناوخۆ زۆرە. بەڵام ئەوەی کە گرنگە داهاتی فرۆشتنی ئەو نەوت و گازەیە کە بڕبرەی پشتی ئابوورییە و ئاسایشی ئابووریش چەقی ئاساییشی نەتەوەییە. بەم پێیەش بێت داهاتی نەوت و گاز ناڕاستەوخۆ بەستراوە بە ئاسایشی نەتەوەییەوە بەخوودی گریبەستەکانەوە.
کاتێک کە ئابووری تیکدەچێت، ئاسایشی نەتەوەیی دووچاری مەترسی دەبێتەوە. لێرەدا ئەرکی حکومەت بەرپرسیارێتیە لە پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی (کە باشتر کردنی دۆخی ئابوورییە)، وە ئەرکی پەرلەمان و چاودێری دارایی لێپێچینەوەیە لە حکومەت. دەبێت حکومەت هەموو ووردەکاریە ئابوورییەکان بە شەفافی ڕادەستی ئەو دوو لایەنەی دیکە بکات چونکە ئەسڵ وایە بەرپرسیار (حکومەت) ڕاپۆرتی کاری خۆی ڕادەستی چاودێرەکان بکات (پەرلەمان و چاودێری دارایی) بۆ دڵنیابوون. لەپاشان چی حکومەت یان دوولایەنەکەی تر ووردەکارییەکان بۆ ڕای گشتی بڵاو بکەنەوە ئەگەر وابخوازێت. لەبەر ئەوەی ووردەکاری گرێبەستە نەوتییەکان پەیوەستن بە پاراستنتی ئابووری و لەپاشان ئاسایشی نەتەوەی، چیتر ناکرێت بەنهێنی لەلای حکومەت بمینێتەوە. کەواتە بۆ وەڵامی پرسیارەکە کە ئایا پاراستنی نهێنی ووردەکاری گرێبەستە نەوتیەکان بەستراون بە ئاسایشی نەتەوەییەوە دەڵێین نەخێر بەڵکو بە پێچەوانەوە نابێت بە نهێنی بمێننەوە بۆ لایەنی چاودێری پەیوەنیدار چونکە دەبێتە هۆی ناڕوونی و ئاڵۆزییەکان کە لە خۆیدا مەترسیە بۆ ئاسایشی نەتەوەیی. وە لەپاشان دەبیت بۆ ڕای گشتیش بڵاو بکریتەوە (تەنها ئەوە نەبێت هەندێک زانیاری وورد ناکرێت بۆ ڕای گشتی بڵاوبکریتەوە کە تایبەتن بە کۆمپانیاکان و شێوازی کارکردنیان و بەشێک نین لە بڕگەکانی گرێبەستەکان) ئەویش لە سەر بنەمای پاراستنی ‘نهێنیەتی’ (Confidentiality) یە نەک ئاسایشی نەتەوەیی.
لە دوا خالدا ئەوەمان بیرنەچێت کە حکومەتی هەرێمی کوردستان حکومەتێکی دیفاکتۆیە و هەرێمێکە لە ووڵاتێکی فیدراڵدا و دەستوورێکی هەیە کاروباری بەرێوەبردنی ووزەی ڕێکخستووە. ئەمەش وا لە هەرێم لیدەکات کە بازنەی بەرپرسیارێتی لە ڕوونی دۆسیەی نەوت فراوانتر دەکات کە حکومەتی فیدڕاڵیشی تێدایە.