ئامادەکردنی ڕوونبین
کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی زانیاری نوێ دەربارەی کیڵگەی بنە باوێ ڕاگەیاند “لە ناوەڕاستی مانگی نیساندا وەڵامێکی دورودرێژیان (بەنوسراو) لە حکومەتی هەرێمەوە بەدەست گەشتووە سەبارەت بەو لێکتێگەشتنە بازرگانییەی لە مانگی ئەیلولی ٢٠١٩ دا کردبویان، وەڵامەکە پێویستی بەدانوستانی زیاتر هەیە و لە ناویاندا ڕەشنوسی نوێی گرێبەستی هاوبەشیکردن لەبەرهەم کە داوا دەکات بە جیاکردنەوەی پەرەپێدان لە نەوتی چینە تەباشیرییەکان لە گەڵ پەرپێدانی گاز لەچینە قوڵەکاندا وە نەوت پەرەپێبدرێت بە گرێبەستە ئاساییەکە” بەمانایەکی تر گرێبەستی گاز و نەوت جیابکرێتەوە و گرێبەستێکی نوێ بکرێت بۆ گاز.
گەنێڵ لەکێڵگەی بنە باوی لە ١٠٠٪ پشکەکانی هەیە و کۆمپانیای سەرکارە.
هەروەها کۆپانیای گەنێڵ ئەنێرجی دەڵێ حکومەتی هەرێم ئاگاداری کردوینەتەوە لەکاتێکدا کە دانوستاندن دەکەین لەسەر ئەو بەڵگەنامەو وەڵامەی کە دراوەتەوە بۆ لێکتێگەشتنەکە، مافی خۆمان بەکار ناهێنین بۆ کۆتایی هێنان بەگرێبەستەکەی بنەباوێ. شایەنی باسە پێشتر گەنێڵ ئەنێرجی لە ناوەراستی مانگی ئازاردا رایگەیاندبوو کە چاوەڕێی وەڵامی وەزارەتی سامانە سروشتیەکانن بۆ رێکەوتن لەسەر ئەو لێکتێگەشتنە بازرگانییەی کە لە ئەیلولی ٢٠١٩ دا کردویانە.
هەرێم و گەنێڵ لەنێوانیاندا گرێبەستی هاوبەشیکردن لەبەرهەم هەیە و بەپێی ئەو گرێبەستەی کە ئێستا کارایە لە کێڵگەی بنەباوێ لەبەرواری ٢٠٢٠/٤/٣٠ و میران لە ٢٠٢٠/٥/٣١ حکومەتی هەرێمی کوردستان مافی ئەوەی هەیە( نەك لەسەریبێت) بە هەڵوەشاندنەوە و کۆتایی پێهێنانی گرێبەستەکەی نێوانیان، لە کاتێکدا کە گرێبەستی نوێ نەبێت بۆ چۆنیەتی دابەشکردنی بەرهەم واتە لەکاتی نەگەشتن بەڕێکەوتنی نوێ سەبارەت بە هەڵگرتنی پشکەکان کە پێی دەوترێت لیفتینگ ئەگریمێنت ( Lifting Agreement ).
ئەم گرێبەستە گرێبەستێکی تەواوکارییە بۆ دیاری کردنی بەرپرسیارێتی ومافی لایەنەکانی گرێبەستەکەو چونیەتی دابەشکردنی پشکی گازی بەرهەم هاتوو لە کێڵگەکە.
بەڵام وەکو لەڕاپۆرتەکەی مانگی ئازاری ٢٠٢٠ دا هاتووە هەرێم پێش ئەوەی هەستێت بە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکە دەبێت گەنێڵ ئەنێرجی لێ ئاگاداربکاتەوە، چونکە بەپێی ڕێکەوتنی هاوبەشیکردن لەبەرهەم هەرێم لەسەریەتی کات بدات بە کۆمپانیای گەنێڵ و بۆی ڕوون بکاتەوە بۆچی گرێبەستە نوێکە ناکات (New Lifting Agreement).ئێستا هەرێم ئاگاداری کردونەتەوە کە بەنیاز نییە گرێبەستەکە هەڵبەوەشێنێتەوە بەڵکو داوای جیاکردنەوەی گرێبەستی نەوت دەکات بە وەی گرێبەستێکی نوێ بکەن بۆگاز لە کێڵگەی بنەباوێ.
کێڵگەی بنەباوێ ٣٠٠ کم لەسنووری تورکیاوە دورە وە ٦٠ کم لە هەولێرە وە . یەکەم گرێبەست لەساڵی ٢٠٠٦ کراوە. یەدەگی نەوتی بنەباوێ مەزەندەکراوە بە ٣٤ ملیۆن بەرمیل نەوت لە جۆری زۆر سوك API 45 و هەروەها یەدەگی گازیش بە ٨٫٢ ترلیۆن مەتر سێجا مەزەندەکراوە.و لەساڵی دا ٢٠٠٧ یەکەم بیر لێدراوە و تا ساڵی ٢٠١٤ شەش بیر لێدراوە و تەواو بووە ، هەر لەو ساڵەدا ڕاگەیەنرا کە بەرهەمی نەوتی کێڵگەکە کەمە بەڵام گازێکی زۆری هەیە. بنەباوێ بەرهەمی گازی چاوەڕێدەکرێت بەدوو قۆناغ لە ٣٥٠بۆ ٧٠٠ ملیۆن پێ سێجا ڕۆژانە بێت. یەکەم ماوەی بنیات نان و دووەمیش ماوەی سەقامگیری بەرهەم کە پێدەوترێ (Plateau period).
بەپێی گرێبەستی کرین Lifting Agreement کە لە مانگی شوباتی ٢٠١٧ دا ئیمزاکراوە، حکومەتی هەرێم گازی بنەباوێ دەکرێت بەنرخی ١,٢$ بۆ هەر هەزار پێ سێ جایەك. بەپێی رێکەوتنەکە پەرەپێدان بە دوقۆناغ دەکرێت، قۆناغی بنیات نان کە دوساڵە، و قۆناغی دوەم ١٠ ساڵ دەبێت. وادیارە پێویستی بە ڕێکەوتنێکی نوێ یە هەروەك ئاماژەی پێدراوە، تێگەشتنی لەسەر کراوە بەڵام ڕێکەوتن و گرێبەست نەکراوە.
ئەوەی جێی پرسیارە لێرەدا بە پێی گرێبەستی قوناغی بنیادنان کە لە ساڵێ ٢٠١٧ کراوە بۆ ماوەی دوو ساڵ بووە، وە پێشبینی کراوە لەو ماوەیەدا ئاستی بەرهەمی گاز ٣٥٠ ملیۆن پێ سێجا بێ لە رۆژێکا. ئێستا دوای ساڵێك لە تەواو بوونی ئەو قۆناغە ئاستی بەرهەمی کێڵگەکە چەندە؟ چونکە نە کۆمپانیای گەنەڵ ئێنرجی و نەحکومەتی هەرێم هیچ زانیارییەکیان ئاشکرا نەکردووە سەبارەت بە ئاستی بەرهەمی گاز و نەوتیش لەو کێڵگەیەدا.