وەزیری نەوتی عێراق ثامر غضبان لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی کەناڵی الشرقیةکە شەوی شەممە ٢٠٢٠/٤/٢٥ بڵاوکرایەوە، وردەکاری بەرهەم و هەناردەو داهاتی عێراقی ئاشکرا کرد لەگەڵ تێچوی نەوت و پشکی کۆمپانیا نێودەوڵەتیەکان.
وەزیری نەوت وتی تێکڕا بەرهەمی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٩ لەرۆژێکدا بە بریتی بووە لە ٤ملیۆن ٢٩١ هەزار بەرمیل نەوت وە تێکڕای هەناردە بریتی بووە لە ٣ ملیۆن و٥٢٧ هەزار بەرمیل و داهاتی ئەوساڵە کردویەتی یە ٧٨ ملیار و ٥٣٠ ملیۆن دۆلار، داهاتی مانگانەش بریتی بووە لە ٦ ملیار و ٥٤٤ ملیۆن دۆلار هەروەها تێکڕای نرخی نەوت بۆ ساڵەکە ٦١٫٩٦$ . ئەو جیاوازیەی لە نێوان بەرهەم و هەناردەدا هەیە بریتیە لە بەکار هێنانی ناوخۆ بۆ وەبەرهێنانی کارەبا و پاڵاوگەکانی نەوت کە دەکاتە بڕی ٧٦٤ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا. وەزیری نەوت ڕایگەیاند کە تێچوی وەبەرهێنان و وەگەڕخستنی بەرمیلێک نەوت بەتێکڕا لە نیوان ساڵانی ٢٠١٠ بۆ ٢٠١٨ بریتی بووە لە ٩,٤٤$. دەشڵێت قازانجی کۆمپانیاکان بریتی بووە لە ١٫٤١$ بۆ بەرمیلێک نەوت. وە لە تێکڕای هەناردەی نەوت ٨٥.٧٪ ی داهاتی نەوت بۆ حکومەت گەڕاوەتەوە لەبەرانبەردا ١٤.٣٪ بۆ کۆمپانیا نێودەوڵەتیەکان ڕۆشتووە ) بە تێچوو خەرجی و قازانجەوە).
لەلایەکی ترەوە وەزیری نەوت ڕایگەیاند کە بە پێی ڕاپۆرتی کۆمپانیای دیلۆیت بۆ وردبینی کردن، هەرێمی کوردوستان لە ساڵی ٢٠١٨ دا بەرهەمی ٣٨٠ هەزار بەرمیل بووە ڕۆژانە و ٣٦٥ هەزاری هەناردەکردووە ، هەروەها داهاتی ئەو نەوتەش بریتی بووە لە ٧ ملیار و ٩١٤ ملیۆن دۆلار، بەڵام لەم بڕە دوای لێدەرکردنی هەمو شایستەکان هەرێمی کوردستان ٤ ملیار دۆلار و ٣٤٣ ملیۆن دۆلاری بۆ ماوەتەوە. کە دەکاتە نزیکەی ڕێژەی ٥٥٪ هەمو داهاتەکەی.
سەبارەت بە ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئاماژەی بۆ ئەو کرد کە لە نامەیەکی ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیران کە بۆ وەزیری دارایی ناردووە، تیایدا بیری وەزیر دێنێتەوە کە بە پێی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی (قانون الادارة المالیة ) لەکاتی تەسلیم نەکردنی نەوت و گاز لەلایەن هەرێم یان پارێزگاکان ئەوا پشکەکانیان دەبڕێت. وەکو ئاماژەیەک بۆ ئەو نامەیەی کەپشکی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەسەری ڕاگیراوە.
ڕاشیگەیاند تائێستا داهاتی عێراق ٥٠٪ کەمی کردووە بە بەراورد بەساڵی ڕابوردوو. هەروەها خۆی بوارد لەوەڵامدانەوەی ئەوەی کە ئایا عێراق دەتوانێ موچەی مانگی ئایار دابین بکات وەکو خۆی یان نا، وتی ئەوە بەرپرسیارێتی حکومەتی نوێ یە .