دوای ئەوەی خاوی برێنت ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمارکرد لە دابەزینی نرخدا رۆژی سێشەممە بۆ ١٣،٢٤$ دابەزی. ئەم دابەزینە راستەوخۆ کاریگەری دەکاتە سەر دوو لەسەر سێی وەبەرهێنەرانی جیهان، چونکە نرخی برێنت بە بنەما دادەنێن بۆ دیاریکردنی نرخی نەوتەکانیان. هەریەک لە ئەفەریقا و ئەوروپاو رۆژهەڵاتی ناوین و ئاسیا لە سەربنەمای برێنت و بەداشکاندن نرخیان دیاری دەکەن، واتە لەژێر نرخی برێنتەوە نرخ دیاری دەکەن ،بۆیە نرخی نەوتی ئەو وڵاتانە بۆ ١٠$ و بگرە تا ٥$ دابەزی.
بەهۆی کەمبونەوەی خواست لەسەر نەوت لە ئەنجامی ئەو رێکارانەی گیراوەتە بەر لە پێناو بەرگریکردن لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆڤید ١٩ ، کۆگاکانی ئەمبارکردنی نەوت لە جیهاندا چ لە وشکانی یان لە دەریادا بەرەو پڕبوون دەچن وە ئەو کۆگایانەی کە بەتاڵن پێشتر بەکرێ گیراون لە لایەن ئەو کۆمپانیایانەی پێشبینی بارودۆخێکی وایان کردبوو.
هەربۆیە بازاڕی خێرای نەوت گەورەترین زەبری بەرکەوەتووە چەنکە ئەوبازاڕە دەبێت نەوتی فعلی (فیزکەڵ) وەرگریت و ئەمباری بۆ بدۆزیتەوە.
خاوی بۆنی لایتی نەیجیریا لە رۆژاوای ئەفریقا کێشەی ساغکردنەوەی نەوتی بەرهەم هاتوی هەیەو ئەگەر نرخ بەم شێوەیە بمێنێتەوە نرخی بۆنی لایت بە ٨$ دیاری دەکرێت. ملیۆنەها بەرمیل نەوتیان ماوە و هێشتا نەفرۆشراوە ئەمە جگە لەوەی نەوتی فرۆشراویان هەفتەیەک دواکەوتووە لەبارکردن. بۆیە بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی نیشتمانی نەیجیریا دەڵێت ئۆپیک ڕێک بکەوێت یان نا ئێمە بەناچاری دەبێت بەرهەم کەم بکەینەوە چونکە شوێنی ئەمبارکردنمان نییە.
لە ناوچەی دەریای سپی نەوتی کازپیەن CPC کە دەوڵەمەندە بە سوتەمەنی فڕۆکە Jet fuel و بەزۆری نەوتی کازاخستانە بە ٩$ لەژێر نرخی برێنتەوە فرۆشراوە واتە نزیکەی ٤$ بۆ بەرمیلێک، کۆمپانیای نیشتمانی ئازەربایجان ڕایگەیاند، نرخی نەوتی سوکی وڵاتەکەیان دابەزیوە بۆ کەمتر لە١٠$ کە نرخێکی پێوانەییە. هەروەها لەئاسیا نەوتی تەیمور بە ٥$ مامەڵەی پێوەکراوە.
لەکەنداویش نەوتی شاهێنی قەتەر بە ١٥$ فرۆشراوە. عێراقیش دووەم گەورەترین وڵاتی بەرهەمهێنی نەوت لە ئۆپیکدا نرخی نەوتی سوکی بەسرە بە ٨,٣$ لەژێر نرخی برێنتەوە بۆ مانگی ئایار مامەڵەی پێوە کراوە، کەواتە بەونرخەی دوێنێ بێت دەکاتە ٥$ بۆ بەرمیلێک . پێشتریش عێراق ڕایگەیاندووە کە کێشەی بە بازاڕکردن و فرۆشی نەوتەکەی هەیە بەتایبەت لەگەڵ کڕیارەکانی لەهیندستان .
هەرێمی کوردستانیش نرخی نەوتەکەی لەسەر بنەمای نرخی برێنت دیاری دەکات و پێشتر بە داشکاندنی ٧$ ژێر برێنتە وە دەفرۆشت، دەبێت ئێستا چەند داشکاندن بکات بۆ ئەوەی کڕیار بۆ نەوتەکەی بدۆزێتەوە؟ وەهەروەها لە ئەگەری نەفرۆشتنی نەوتەکەشی هەرێم کۆگای ئەنبار کردنی نییە جگە لەو کۆگایانەی لەبەندەری جیهانی تورکیا بەکرێی گرتون، وە ئەوەش توانای ئەنبار کردنیان دیاری کراوە و مانەوەشی لەوێ دەبێت کرێی زیاتری لێ بدات و ئەوکرێیەش دەچێتە سەر تێچوی نەوتەکە. زانیاری زۆر نییە لەسەر چۆنیەتی فرۆشی نەوتی هەرێم. لەلایەکی ترەوەحکومەتی هەرێم زیاد لە پانزەمانگە ڕاپۆرتەکانی کۆمپانیای دیلۆیت بۆ ووردبینی داهاتی نەوت ڕانەگەیاندووە. ئەو وڵاتانەی کە بە شێوەیەکی سەرەکی پشتیان بەداهاتی نەوت بەستووە گەورەترین زەرەرمەندی ئەم بارودۆخەن، هەرێمی کوردستانیش نزیکەی٩٠% پشتی بە داهاتی نەوت بەستووە و یەکێکە لە زەرمەندە گەورەکان . بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە شایستەی کۆمپانیاکانی نەوتی چوار مانگ لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ تا کۆتایی شوباتی ٢٠٢٠ دواخستووە، کاتێک نرخی نەوت دەگاتە ٥٠$ ئەوسا دەیداتەوە، کە لەئێستادا ئەمە ئەگەرێکی دوورە. پێشتریش هەرێم پێش دابەزینی نرخی نەوت کێشەی دابینکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەبوو، لەم کاتەدا بارودۆخی دارایی هەرێم خراپتر دەبێت. بەشێک لە موچەی فەرمانبەران لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە دابین دەکرێت، ئێستا عێراقیش کێشەی داهاتی هەیەو لە بەغداش دەنگی نەناردنی پشکی موچەی هەرێم بەرزە بەبیانووی ئەوەی لەماوەی ساڵی ڕابوردوداهەرێم هیچ پابەند نەبووە بە وەی لەسەرشانی بووە لە رادەستکردنی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە. ئایا ئێستا ڕادەستکردن و ڕادەست نەکردنی نەوت بە ناوەند هیچ کاریگەرییەکی دەبێت؟