بەپێی ڕاسپاردەیەک ئەنجومەنی وەزاری وزەی عێراق کە جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وزە/ وەزیری نەوت ثامر غضبان ئیمزای کردووە لەبەرواری ٢٠٢٠/٤/١٢ دا تیایدا ئەنجومەنی وەزیران ئاگادار دەکاتەوە لە بڕیاری وڵاتانی ئۆپیک پلەس بەکەمکردنەوەی بەرهەم کە عێراقیش پشکی ١ ملیۆن و ٦١ هەزار بەرمیلی بەردەکەوێت لەدوو مانگی یەکەمدا، هەرێمی کوردستانیش بەپێی نامەکە دەگرێتەوە.
نامەکە کۆنووسی دانیشتنەکەی وڵاتانی ئۆپیک پلەسی هاوپێچ کردووە، لە خاڵی یازدەی ڕاسپاردەکەدا دەڵێت “بەرهەمی عێراق بەهەرێمی کوردستانیشەوە ئەژمار کراوە وە هەر پابەندبوونێکی عێراق بەبێ هەڵاوێران دەبێت هەرێمیش بگرێتەوە “. واتە هەرێمیی بەئەندازەی پشکی خۆی دەبێت بەشدار بێت لە کەمکردنەوەی بەرهەم .بەپێی ڕێکەوتنەکە دومانگی ئایار و حوزەیران بڕی ٢٣٪ بەرهەم کەم دەکرێتەوە پاشان لە تەموز تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ ڕێژەی ١٨٪ وە لە سەرەتای ٢٠٢١ تاوەکو مانگی نیسانی ٢٠٢٢ ڕێژەی ١٤٪ کەم دەکرێتەوە.
لەئەگەری بەشداری هەر ێم لەکەم کردنەوەی بەرهەم دا ڕوونبین شیکردنەوەیە کی بۆ بەرهەمی هەرێم و بەغدا کردووە. ئەگەر بەرهەمی هەرێمی کوردستان لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٨ دا ٣٥٠ هەزار بەرمیل بوبێت لەڕۆژێکدا بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی دیلۆیت بۆ چارەکی دووەمی ٢٠١٨، ئەوا هەرێم ٧٫٥٪ هەموو بەرهەمی عێراقی پێکهێناوە و بەو ڕێژەیە بەشداری کەمکردنەوەکەدەکات، واتە عێراق لەمانگەکانی ئایار وحوزەیراندا ١ ملیۆن و ٦١ هەزار بەرمیل کەم دەکاتەوە ڕێژەی ٧٫٥٪ ئەو کەمکردنەوەیە دەکاتە ٧٩ هەزار و ٥٧ بەرمیل واتە هەرێم ئەگەر بەرهەمی ئێستای ٤٨٠ هەزار بێت ئەوا زیاد لە ٤٠٠ هەزار بەرهەمی بۆ دەمێنێتەوە. ڕێژەکانی تریش لەمانگی تەموز تا کۆتای ساڵ بڕی ٦٣ هەزار ٦٧٠ بەرمیل ڕۆژانە پشکی هەرێم دەبێت لە کەمکردنەوەی بەرهەم وە لەساڵی ٢٠٢١ تا ٢٠٢٢ ڕۆژانە بە ٤٧ هەزار و ٧٧٠ بەرمیل بەشدار دەبێت لە کەمکردنەوەی بەرهەم.
• لە خشتەکەدا ئاستی کەمکردنەوەی هەریەک لە عێراق و هەرێم دیاری کراوە.