نوسینی: یادگار سدیق گەڵاڵی
بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی بێت هەرێمی کوردستان دەتوانێت لە کۆتای مانگی نیسان و کۆتایی مانگی ئایاردا گرێبەستی وەبەرهێنانی هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی لەهەردوو کێڵگەی میران و بنەباوێ هەڵبوەشێنێتەوە .
بەپێی گرێبەستەکە، گەنێڵ لەکێڵگەی بنە باوی لە ١٠٠٪ پشکەکانی هەیە و کۆمپانیای سەرکارە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، دانوستاندن لەنێوان کۆمپانیای گەنێڵ و حکومەتی هەرێم لە مانگی ئەیلولی ٢٠١٩
سەبارەت پەرەپێدانی نەوت و گاز بە قۆناغ بەندی لە کێڵگەی بنەباوی گەشتووەتە لێکتێگەشتنی مەرجە بازرگانیەکان. گەنێڵ ئێستا چاوەڕێی ڕەشنوسی ڕێکەوتنە یاساییەکە دەکات کە ڕەنگدانەوەی ئەو لێکتێگەشتنە بێت کە پێشتر کردویانە.
بەپێی ڕاپۆرتکەی گەنێڵ ئەنێرجی پەرەپێدان لەبنە باوێ ئێستا وەستاوە تاوەکو بەرەوپێشچونی رون لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتیەکانەوە بەدی دەکرێت، بەمانایەکی ترچاوەڕیی وەڵامی وەزارەتی سامانە سروشتیەکانن.
هەرێم و گەنێڵ لەنێوانیاندا گرێبەستی هاوبەشیکردن لەبەرهەم هەیە و بەپێی ئەو گرێبەستەی کە ئێستا کارایە لە کێڵگەی بنەباوێ لەبەرواری ٢٠٢٠/٤/٣٠ و میران لە ٢٠٢٠/٥/٣١ حکومەتی هەرێمی کوردستان مافی ئەوەی هەیە( نەک لەسەریبێت) بە هەڵوەشاندنەوە و کۆتایی پێهێنانی گرێبەستەکەی نێوانیان، لە کاتێکدا کە گرێبەستی نوێ نەبێت بۆ چۆنیەتی دابەشکردنی بەرهەم واتە لەکاتی نەگەشتن بەڕێکەوتنی نوێ سەبارەت بە هەڵگرتنی پشکەکان کە پێی دەوترێت لیفتینگ ئەگریمێنت Lifting Agreement.
ئەم گرێبەستە گرێبەستێکی تەواوکارییە بۆ دیاری کردنی بەرپرسیارێتی ومافی لایەنەکانی گرێبەستەکەو چونیەتی دابەشکردنی پشکی گازی بەرهەم هاتوو لە کێڵگەکە.
بەڵام وەکو لەڕاپۆرتەکەدا هاتووە هەرێم پێش ئەوەی هەستێت بە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکە دەبێت گەنێڵ ئەنێرجی لێ ئاگاداربکاتەوە، چونک بەپێی ڕێکەوتنی هاوبەشیکردن لەبەرهەم هەرێم لەسەریەتی کات بدات بە کۆمپانیای گەنێڵ و بۆی ڕوون بکاتەوە بۆچی گرێبەستە نوێکە ناکات (New Lifting Agreement)
لەو ماوەیەدا کۆمپانیا دەبێت وەڵامی هەرێم بداتەوە بەوەی کێشەکان چاك بکات یاخود داوای دواخستنی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەکە بکات کە هەرێم دەیەوێت.
کاتێک کە وەزیری نەوتی عێراق هەفتەی ڕابردو باسی پرۆژەی هاوبەش دەکات لەگەڵ هەرێم بۆ بەرهەم هێنانی گاز لەو کێڵگانەی هێشتا پەرەپێدانیان تیادا نەکراوە ، هاوکاتە لەگەڵ ئەگەری کۆتایی پێ هێنانی گرێبەستی هەرێم و گەنێڵ ئەنێرجی لە هەردوو کێڵگەی گازی بنە باوێ و میران .
واتەدەکرێت بەغداد چاوی لەسەر ئەودو کێڵگەیەبێت لە کاتێکدا دەزانین کێڵگەی گازی کۆرمۆر و چەمچەماڵ کۆمپانیای دانا گاز و هاوپشکەکانی تاوەکو ٢٠٤٩ بەرهەمهێنانی تێدا دەکەن، تەنها لەئەگەری زیادبوونی بەرهەم لە پێداویستی ویستگەکانی کارەبای هەرێم بەغداد دەتوانێت، ئەگەر داناگاز بیەوێ گاز بەبەغداد بفرۆشێت سودی لێوەربگرێت.
بۆئەوەی بزانین ئایا لێکەوتەکانی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکە چییە دەبێت بزانین مەرجی هەڵوەشاندنەوەکە چیە. گرێبەستی بنە باوێ لەبەردەست نییە باڵام بە شێوەیەکی گشتی بەپێێ ئەو گرێبەستانەی کە لە بەردەستە و پێشتر وەزارەتی سامانە سروشتیەکان لەسەر پێگەی وەزارەت داینابوو (ئێستا لابراوە) لە مادەی ٤٥ دا باسی کۆتایی هێنان بە گرێبەستەکان دەکات و بەوردی باسی شێوازی کۆتایهێنان بەگرێبەست دەکات کە حکومەت چۆن دەتوانێت کۆتایی بە گرێبيست بهێنێت وە چۆن بە نامە بەڵێندەرەکە ئاگادربکاتەوە، ماوەی چەند پێویستە تا کۆتایی هاتنەکە بچێتە بواری جێ بەچێ کردنەوە و ئەو قەرەبوانەی دەکەوێتە سەر لایەنەکا و هەموو وردەکارییەکان .. ئەمە بنەما گشتییەکەیە بەڵام وەکو دەوترێت بە ئەندازەی ژمارەی گرێبەستەکان جۆری گرێبەست هەیە ( واتە هیچ گرێبەستێک لەوی تر ناچێت) ئاواش مەرجەکانی هەڵوەشاندنەوە لە گرێبەستێکەوە بۆ گرێبەستێک دەگۆرێت.
بەپێی ئەوەی لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە هەرێم دەبێت هۆکارەکانی هەڵوەشاندنەوە بە کۆمپانیا بڵێت و رونی کاتەوە بۆچی ئەو گرێبەستە نوێ یە ناکات و ئەویش وەڵامی دەبێت بۆ چاککردنی کێشەکان یان بیانووەکانی تازەنەکردنەوەکە یاخود داوای دواخستنی هەڵوەشاندنەوەکە دەکات( جەندە دواخستنەکە بەپێی گرێبەست دیار نییە).
بەشێوەیەکی گشتی ئەگەر کۆمپانیا رازی نەبوو بەهەڵوەشاندنەوەکە رێوشوێنی تر هەیە وەکو ناوەندگیری بۆ چارەسەری کێشەکان تا دەگاتە دادگای یەکلاکردنەوە. ناڵێم بەوە دەگات چونکە هیچمان لە بەردەست نییە جگە ڵە چەند دێڕێکی ڕاپۆرتی کۆمپانیای گەنێڵ نەبێت بەڵام ئەوەی کە زۆر گرنگە دەبێت هەرێم بە وریایی و یاسایانە هەنگاو بنێت تاوەکو جارێکی تر داناگازێکی تر مان لێ زیندوو نەبێتەوە.