دوای زیاتر لە 18 مانگ، عێراق بە فەرمی بووە خاوەن یاسای بودجە و لە رۆژنامەی وەقائیع بڵاوکرایەوە. بودجەی ئەمساڵ جیاوازە بەراورد بە دوو دەیەی رابردوو، چونکە بۆ سێ ساڵە واتە 2023 – 2024 – 2025. کە ئامانجی وەزارەتی دارایی لەم هەوڵەی ئەوەی ساڵانە کێشمە کێشمی داڕشتنی بودجە دووبارە نەبێتەوە، بەڵکو لەسەر هەمان بنەما تەنیا دەستکاری ژمارەکان دەکرێتەوە. واتە بۆ 2024 دەستکاری گۆڕاوەکان دەکرێت وەک داهاتی بەدەستهاتوو و خەرجییەکانی. بۆ 2023 نرخی بەرمیلێک نەوت بە 70 دۆلار خەمڵێندراوە. داهاتی نەوتی لە یاسای بودجەی 117 ترلیۆن و 252 ملیار و 500 ملیۆن دینارە، داهاتی نانەوتیش 17 ترلیۆن و 300 ملیار و 419 ملیۆن و 63 هەزار دینارە. بە گوێرەی هاوکێشەی بیرکاری داهاتی نەوت سەدا 87.14ـی کۆی داهاتی عێراقی پێکهێناوە. بەڵام شارەزایان و چاودێران پێیان وایە ئەو رێژەیە زۆر زیاتر و سەدا 95ـی تێپەڕداوە.
بە گوێرەی یاسای بودجەی 2023، عێراق رۆژانە 3 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکات، کە 3 ملیۆن و 100 هەزار بەرمیل نەوتی پارێزگاکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراقە، 400 هەزار بەرمیل نەوتیش بە گوێرەی ماددەی 12 بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکراوە کە هەناردەی بکات، بەڵام ئەو بڕە نەوتە بە نەوتی کەرکووکیشەوە لە 25ـی ئاداری ئەمساڵەوە هەناردەی راگیراوە. لەلایەکی دیکەشەوە عێراق ئەندامی سەرەکی ئۆپێکە و لە هاوپەیمانی ئۆپێک بڕیاری داوە بەشێوەیەکی خۆبەخشانە بەرهەمهێنانی 211 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە کەمبکاتەوە. واتە بە نزیکەیی عێراق 500 هەزار بەرمیل نەوت کەمتر هەناردە دەکات لەوەی بودجەکەدا ئاماژەی پێدراوە. ئەمەش راستەوخۆ داهاتی عێراق کەمدەبێتەوە و وادەکات کورتهێنانەکەی فراوانتر بێت. کە گەورەترین کورتهێنانە لە مێژووی وڵاتدا. بەڵگەش دوایین راپۆرتی کۆمپانیای سۆمۆیە، کە بۆ مانگی ئایار بڵاویکردووەتەوە، لە تەواوی مانگەکە 102 ملیۆن و 463 هەزار و 387 بەرمیل نەوتی هەناردەکردووە. کە ئەگەر ئەو بڕە دابەشی 31 رۆژی مانگی پێنج بکرێت دەبینین رۆژانە، 3 ملیۆن و 305 هەزار و 270 بەرمیل نەوتی هەناردەکردووە. هەر بەرمیلێکیشی بە 71.48 دۆلار فرۆشراوە. ئەمەش نیشاندەری ئەوەیە کە بەغدا قەرەبووی نەوتی هەرێمی کوردستانی لە بازاڕەکاندا کردووەتەوە. لە هەمان کاتدا بە گوێرەی داتاکان لە کۆی 3 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی لە بودجە دیاریکراوە، عێراق 3 ملیۆن و 305 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەکردووە. بەمەش ئەو 195 هەزارە بەرمیلی کەمتر لەوەی لە بودجەدا هاتووە هەناردەی کردووە دەکاتە 561 ملیار و725 ملیۆن دینار کورتهێنان لە مانگی ئایاردا. ئەگەر بەم شێوەیە هەناردەی کەم بێتەوە، کورتهێنانەکەی 6 ترلیۆن و 551 ملیار دینار فراوانتر دەبێت.
کورتهێنان لە بودجەی عێراق بابەتێکی سەرەکی میدیاکان بوو، شارەزایانی ئابووری و پەرلەمانتاران بە گشتی و ئەندامانی لیژنەی دارایی بەردەوام جەختیان لەوە دەکردەوە کە پێویستە ئەو قەبارە گەورەیەی کورتهێنان کەمبکرێتەوە. لە 17ـی ئاداری 2023 حکومەتی عێراق پڕۆژە یاسای بودجەی ئاراستەی پەرلەمان کرد، بەڵام لە 12ـی حوزەیرانی 2023 پڕۆژە یاساکە پەسەندکرا. دوای 87 رۆژ تاوتوێکردنی لە پەرلەمان و لەلایەن لیژنەی دارایی، توانیان تەنیا 112 ملیار دۆلار لە قەبارەی خەرجییەکان کەمبکرێتەوە، تاوەکو کورتهێنان کەمبکرێتەوە. کە قەبارەی خەرجییەکان بە گوێرەی پێشنیازی وەزارەتی دارایی بە 199 ترلیۆن و 22 ملیار و 11 ملیۆن و 663 هەزار دینار دیاریکرابوو، بەڵام لە پەرلەمان بۆ 198 ترلیۆن و 910 ملیار و 343 ملیۆن و 590 هەزار دینار کەمکرایەوە. بەمەش کورتهێنان بۆ 64 ترلیۆن و 357 ملیار و424 ملیۆن دینار کەمکرایەوە.
عێراق زیاتر لە سەدا 90ـی داهاتەکەی پشتی بە نرخی نەوت بەستووە، بۆیە هەر جۆرە جووڵەیەک لە نرخەکەی راستەوخۆ کاریگەری لەسەر داهاتی عێراقەوە هەیە، نزیکترن نموونەش لە سەردەمی کۆرۆنا کە نرخی نەوت بۆ نزیکەی 30 دۆلار دابەزی عێراق دووچاری سەختترین قەیرانی دارایی بووەوە، هەروەها دوای جەنگی ئۆکرانیا و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ سەرووی 123 دۆلار، داهاتی نەوتی عێراق بەرزبووەوە و دۆخی ئابوورییەکەی باش بوو. بەڵام بەهۆی نەبوونی بودجەوە نەیتوانی وەک پێویست سوود لە داهاتەکەی وەربگیرێت. ئەو ناجێگیریەی نرخی نەوت مەترسییەکی گەورەیە لەسەر ئایندەی ئابووری عێراق. ئەگەر ئاسانتر بخرێتەڕوو، نرخی نەوت لە 70 دۆلار بێت کورتهێنانی عێراق 64 ترلیۆن دینارە. بەڵام ئەگەر ئەو نرخە بۆ ژێر 70 دۆلار دابەزێت رۆژانە 3 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکات هەروەک چۆن لە بودجەدا هاتووە، ئەوا کورتهێنانەکەی فراوانتر دەبێت.
هەروەک لەم گرافیکەدا دیارە، هەر چەندە نرخی نەوت دابەزێت کورتهێنانەکە فراوانتر دەبێت، واتە ئەگەر بۆ 65 دۆلار دابەزێت کورتهێنان دەگاتە 72 ترلیۆن و 638 ملیار دینار، ئەگەر بگاتە 50 دۆلار کورتهێنان بۆ 97 ترلیۆن و 481 ملیار دینار فراوان دەبێت. ئەگەر گریمانەی ئەوەش بکەین هاوشێوەی 2020 نرخی نەوت بۆ 35 دۆلار داتەپێت کورتهێنان دەگاتە زیاتر لە 122 ترلیۆن دینار.
بە پێی ئەوەی نرخی نەوت ناسەقامگیرە و بودجەی عێراقیش بۆ سێ ساڵە، رەنگە بۆ ئەمساڵ کێشەکە تاڕاددەیەک ئاسایی بێت و تێپەڕێت، بەڵام بۆ دوو ساڵی ئایندە کێشەکە زیاترە چونکە لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان کە ئێستا بۆ سەرووی 42 ملیۆن کەس بەرزبووەتەوە، پێویست دەکات قەبارەی خەرجییەکانیش زیاتر بێت. لە بەرامبەردا تاوەکو ئێستا ئامانجێکی روون لە بودجەی عێراقدا بۆ فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات بەدی ناکرێت.
بازاڕی نەوت تاکە هیوای گەلی عێراقە بۆ ئەوەی بە ئارامی رۆژ بکەنەوە، بەرزی نرخی نەوت هۆکاری سەقامگیری ئابووری عێراقە. بەگوێرەی پێشبینییەکانی فەرمانگەی وزەی ئەمریکا نرخی نەوت لە ساڵی داهاتوو بە رێژەی سەدا 12 بۆ 83.5 دۆلار بەرزدەبێتەوە. بانکی گۆڵدمان ساکسیش پێشبینی دەکات نرخی بەرمیلێک نەوت بۆ 100 دۆلار بەرزبێتەوە. بەڵام لە نرخەکەشی گرنگتر دۆزینەوەی کڕیار و ئایندەی ناکۆکییەکانی جیهانە، چونکە تا دێت جەنگی ئۆکرانیا فراوانتر دەبێت، بەهۆی سزاکان بەسەر رووسیا داشکاندنەکانی مۆسکۆ بۆ فرۆشتنی نەوتەکەی، هەناردەی نەوتی عێراق بۆ هیندستان بۆ کەمترین ئاستی 20 مانگی رابردووی دابەزیوە. چونکە نیودەلهی ئاراستەی کڕینەکەی بۆ مۆسکۆ گواستووەتەوە. بە هەمان شێوە چینیش هاوردەی نەوتی لە رووسیاوە زیادکردووە. ئەمانەش بە گشتی کاریگەری راستەوخۆیان لەسەر هەناردە و داهاتی نەوتی عێراق هەیە و پێویست دەکات بۆ 2024 و 2025 پشت بەستنی بە داهاتی نەوت کەمبکاتەوە تاوەکو دووچاری قەیران نەبێتەوە.