کاریگەرییەکانی گرتنەوەی قوفڵەکە… رازی بوونی ناچاری یان رێکەوتن؟
یادگار سدیق گەڵاڵی
قسەیەکی باو هەیە دەڵێت “ئەودانوستکارەی بە چەند بژاردەیەکەوە دەچێتە دانوستانەوە براوەیە”.
دانوستان جۆرێکە لە گفتوگۆ کە لە نێوان دوو لایەن یان زیاتردا پەنای بۆ دەبرێت بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و گەیشتن بە ڕێککەوتنی هاوبەش. زۆربەیجار دانوستان بە جۆرێک لە جۆرەکان یەکلاکردنەوەی بابەتەکەی لێدەکەوێتەوە ، کە هەر لایەنێک هەندێک سازش دەکات بۆ لایەنی بەرانبەر…
لە کاتی دانوستاندندا ئەوتیمەی کەزیاد لە بژاردەیەکی پێیە یان پلان و سیناریۆی جیای هەیە لە پێگەیەکی بەهێزتردایە بۆ گفتوگۆ و بواری مانۆڕی زیاترە. بە پێچەوانەشەوە کاتێک لە بژاردەیەک زیاترت پێ نییە، یان هیچ بژاردەت نییە ئەوکات دانوستان ناکەیت بەڵکو یان ئەوەیە رای خۆت دەسەپێنیت، ئەوەش لەکاتێکدا دەلوێت کە لە پێگەیەکی بەهێزدایت و پیویستت بە دانوستان نەبێت بەوشێوە نەبێت کە خۆت دەتەوێت، یاخود بەپێچەوانەوە باناچاری دەڕۆیت بۆ ئەوەی رازیبیت بەوەی کە داوادەکرێت.
وتوێژەکان و دانووستانی هەولێر و بەغدا لەسەر مەلەفی نەوت بەچەند قۆناغێکدا تێپەڕیووە، سەرەتا پێگەی بەهێزی هەولێر لە پاش دروست بونی عێراقی نوێوە بۆ پێگەی لاوازی گرتنەوەی قوفڵی هەناردە.
هەرێم سەرەتا هەناردە و پاشان بەشی هەرەزۆری بەرهەمی نەوتی وەستا بۆیە چووە بەغدا بۆ ئەوەی رازی بێت بەمەرجەکانی بەغدا، زۆرێک لەئێمە پێش چەندساڵێک ئەمەمان لەبەرچاوبوو بۆیە دەمانویست لە قۆناغەکانی پێشوتردا و بە بەهێزی بچوایەتە بەغدا ئەوکات بژاردەی زیاتری لە بەردەست دەبوو و ئەنجامەکەشی باشتر دەبوو .
حکومەت دەڵی ئێمە گفتوگۆمان پێش وەستانی هەناردە و گرتنەوەی قوفڵی بۆرییەکە لەلایەن تورکیاوە دەست پێکردووە. ڕاست دەکات بەڵام ئێمە دەزانین و حکومەتیش باشتر دەزانێت هەرێم لە دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵەوە لەمانگی شوباتی ٢٠٢٢ ەوە گرفتی بۆ درووست بوو، نەوتەکەی ئەوەندەی تر هەرزانفرۆش کرد بەهۆی ئەوفشارانەی بەغدا دەیکرد. وە دەشزانین لەبری هێورکردنەوەی بارودۆخەکە حکومەتی هەرێم ئەوکات زیاتر بارودۆخەکەی ئاڵۆز کرد و زمانێکی ئیفتیزازیانەی بەکاردەهێنا و وێنایەکی زیاد لەخۆی گەورەتری بۆخۆی دەکرد، و دەبووە سەرچاوەی وزە بۆ ئەوروپا …
زۆرێک لەئێمە دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵ چاوەڕێمان دەکرد بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێوەدوڵەتی ICC لە بەرژەوەندی عێراق بدرێت. هەرێم لە مامەڵە لەگەڵ کێشەکانی لەگەڵ بەغدا بەردەوام سیاسەتی دواخستنی کێشەکانی پەیرەو کردووە تا کار گەشتە ئەوەی ریگاکەی گەشتە بنبەست و تورکیاش پشتی تێکرد و ڕوویکردە بەغدا.
حکومەتی هەرێم لە بارودۆخێکدا چووەتە بەغدا، تەنانەت گەر هەناردەش نەوەستایە لە کێشەیەکی دارایی گەورەدا بوو ،ماوەی ٦ مانگ شایستەی کۆمپانیاکانی نەوتی نەداوە لەگەڵ ئەوەشدا کە نرخی نەوتیش زۆر بەرزبووە بەڵام سوودی لەبەرزی نرخ نەبینیوە وەکو پێویست، نەیتوانیوە لەکاتی خۆیدا مووچە بەتەواوی دابین بکات ،ئەمە جگە لە وەستانی پرۆژەکانی خزمەتگوزاری، ئێستا وەستانی هەناردەشی هاتەسەر. تا یاسای بوجەش دەرنەچێت چاوەڕێ ناکرێت لەبەغداوە هیچ بڕە پارەیەک بنێردرێت.
وا ٢٠ رۆژ تێدەپەڕێت و هەناردە وەستاوە، نزیکەی ١٠ رۆژیشە رێکەوتن لەگەڵ بەغدا کراوە بەڵام هێشتا قوفڵەکە نەکراوەتەوە.
خاڵەکانی ڕێکەوتنەکە
لە بەرواری ٢٠٢٣/٤/٤ دا حکومەتی هەریم بە ناچاری و بەبێ ئەوەی هیچ بژاردەیەکی تری لەبەردەست بێت رازی بووە لەسەر چوار خاڵی سەرەکی :
ا- رۆژانە ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی جەیهان بکرێت و رادەستی سۆمۆ بکرێت تا بیفرۆشێت.( ئەم خاڵە لە پرۆژەیاسای بوجەشدا جێگیر کراوە)
ب- داهاتی نەوت بخرێتە ئەژمارێکی تایبەتەوە کە سەرۆک وەزیران یان کەسێک کە ئەو رایدەسپێرێت دەتوانێت مامەڵەی پێوەبکات و بەغداش چاودێری دەکات.
ج- دروستکردنی لیژنەیەکی چوارکەسی، ٢ لە هەرێم و ٢ لەوەزارەتی نەوتی عیراق بۆ سەرپەرشتیکردنی فرۆشی نەوت.
د- جێگری بەڕیوەبەری گشتی سۆمۆ دەدرێت بە کورد.
لەماوەی ڕابووردوودا قسەو باسی زۆر کرا لەسەر ئەوەی کە ئەم ڕێکەوتنە دەبێتە هۆی خۆشگوزەرانی و بوژانەوەی ئابووری هەرێمی کوردستان، لێرەدا دەمەوێت هەڵسەنگاندن بۆ ئەو خاڵانەی سەرەوە بکەم لەسەر بنەمای شێوازی بەڕیوەبردن و خەرجییە نەوتییەکانی هەرێم تاوەکو بزانین تاچ ئاستێک و بەچ شێوازێک کاریگەری دەبێت .
ا-رۆژانە ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لە جەیهان رادەستی سۆمۆ بکرێت تا بیفرۆشێت.
هەرێمی کوردستان لەماوەی چەند ساڵی ڕابووردوودا نەوتی بەنرخێک فرۆشتووە کە زۆر لە ژێر نرخی برێنتەوە بووە کە بنەمایەکی جیهانییە بۆ دیاری کردنی نرخی ٣/٢ی نەوتی جیهان بە (١١- بۆ ١٢-دۆلار) کەمتر فرۆشتویەتی کە عێراقیش لە سەر ئەو بنەمایە نرخی نەوتەکەی دیاری دەکات ، هەروەها زۆر لەژێر ئەو نرخەوەبووە کە سۆمۆ نەوتی کەرکوک کە بەهەمان بۆری هەرێم دا دەگوازرایەوە لە جەیهان فرۆشتووە.
داشکاندن بۆ نەوتی هەرێم لە چارەکی کۆتایی ساڵی ڕابووردوودا گەشتە لوتکە بەهۆی ئەو فشارانەی کە وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر هەرێم و کۆمپانیا بەرهەمهێن و کڕیارانی نەوتی هەرێمی کردبوو لەلایەک وە لەلایەکی تر نەوتی روسیا کە بەهۆی گەمارۆکانی سەریەوە لە لایەن رۆژئاوا بەهۆی جەنگی ئۆکرانیاوە بەداشکاندنێکی زۆر لە بازاڕدا دەفرۆشرێت، بۆیە هەرێم ناچار بوو داشکاندنی زیاتر بۆ نرخی نەوتەکەی بکات تاوەکو سەرنجی کڕیارەکانی رابکێشێت. ئاستی داشکاندنەکە لە مانگەکانی ئەیلول تا کانوونی یەکەم گەشتە لوتکە لە نێوان ١٨ بۆ ١٩ دۆلاردابووە و لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ بۆ ١٥ دۆلار کەم بووەتەوە و لە مانگی شوباتدا گەڕاوەتەوە دۆخی ئاسایی ١١.٥ دۆلار، بەپێی ڕاپۆرتی کۆمپانیا بەرهەم هێنەکانی نەوتی هەرێم. جیاوازی نرخی هەرێم لەگەڵ نەوتی کەرکوک لە باشترین بارودۆخدا لەمانگی شوباتدا نزیکی ٥.٧ – دۆلار بووە. بنواڕە خشتەی ١)
ئاشکرایە کە فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە ڕێی سۆمۆوە لە دوو رووە وە سوودی هەیە، یەکەم شەرعییەت دەدات بەونەتەی لەهەرێمەوە هەناردە دەکرێت و مەترسی کێشەی یاسایی نامێنێت. دووەم کاتێک کێشەیی شەرعییەت و یاسایی نەما و سۆمۆ فرۆشتی بەهەمان شێوەی نەوتی کەرکوک دەیفرۆشێت و دەرەنجام داهاتێکی زیاتر لە فرۆشی نەوت دەست چ عێراق وە چ کۆمپانیا بەرهەم هێنەکانی نەوت دەکەوێت. کەواتە لەڕێی سۆمۆوە نرخی فرۆش بۆ هەربەرمیلێک لەنێوان ٥ بۆ ١١ دۆلار زیاددەکات، بەڵام ئەم بڕە زیادەیە هەمووی هی هەرێم نیە بەڵکو پشکی کۆمپانیا بەرهەمهێنەکانی نەوتی تێدایە.
ب- داهاتی نەوت بخرێتە ئەژمارێکی تایبەت سەرۆک وەزیران یان کەسێک کە ئەو رایدەسپێرێت دەتوانێت مامەڵەی پێوەبکات و بەغداش چاودێری دەکات.
ئەم حسابە بۆ داهاتی نەوتی فرۆشراوی هەرێمە لەڕیی سۆمۆوە، کەدەبێت بە بەشیک لەبوجەی هەرێم و ئەوەی دەمێنێتەوە لەپشکی بوجە بە مەقاسە دەدرێت بەهەرێم بەپێی پرۆژە یاسی بوجە گەر وەکو خۆی لە پەرلەمان تێپەڕێت.
سیناریۆی یەکەم ( باشترین نرخی نەوتی هەرێم)
لە خشتەی (٢-٣) دا بەراوردی فرۆش بەنرخی سۆمۆ و نرخی هەرێم کراوە، دەردەکەوێت زیادەی داهات لە فرۆشی نەوت دوای لێدەرکردنی خەرجییەکان( بەغداش دەبێت بەپێی گرێبەستەکانی هەرێم شایستەی کۆمپانیا نەوتییەکان و خەرجییەکانی نەوتی هەرێم بدات) لە نێوان ٣٢ ملیۆن بۆ ٣٣ ملیۆن دۆلار داهات مانگانە زیاد دەکات. ( رێژەی داهاتی گەڕاوە بۆ هەرێم دوای لێدەرکردنی خەرجییەکان لەسەر دوایەمین راپۆرتی وردبینی دیلۆیت بۆ چارەکی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ دیاری کراوە، وەنرخی نەوتیش لەسەر بنەمای نرخی مانگی شوباتی هەریەک لەهەرێم و کەرکوک دیاری کراوە کە باشترین نرخە هەرێم نەوتەکەی پێ فرۆشتبێت – سیناریۆی یەکەم ) .
سیناریۆی دووەم( تێکڕای جیاوازی نرخی هەرێم و کەرکوک لە ساڵی ٢٠٢٢دا) :
لەساڵی ٢٠٢٢ دا هەرێم بە تێکڕا زیاد لە ١١ دۆلار نەوتەکەی لە خوار نرخی نەوتی کەرکوکەوە فرۆشتووە( تێکڕای ساڵ) لەسەر ئەو بنەمایە ئەوکات داهاتی فرۆشی نەوت کە سۆمۆ دەیفرۆشێت بەرێژەیەکی بەرچاو زیاد دەکات. کۆی داهاتی زیادە لە جیاوازی نرخی سۆمۆدا لە مانگێکدا نزیکەی ١٣٢.٥ ملیۆن دۆلارەو پشکی هەریمیش دوای لێدەرکردنی خەرجییەکان ٦٢ ملیۆن دۆلار دەبێت. بنواڕە خشتەی ٤.
* سەیری خشتەی پاشکۆ بکە سەبارەت بە بەراوردی نرخەکان لە ساڵی ٢٠٢١ و ٢٠٢٢دا.
لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بکەین لە پرۆژە یاسای بوجەدا کە تائێستا خوێندنەوەی یەکەمی بۆکراوە لە پەرلەمان، شایستەی بەرهەمهێنەرانی نەوت و گواستنەوەی نەوت لە خەرجییە سەروەرییەکان دەدرێت کە دیاری کراوە بە ٢ ترلیۆن و ٤٤٨ ملیار و ٤٢٠ ملیۆن دینار کە دەکاتە ١.٨٨ ملیار دۆلار و دەکاتە رێژەی ٤٠٪ ی ئەوپارەیەی لەساڵی ٢٠٢٢ دا تەنها دراوە بە کۆمپانیا وەبەرهێنەکانی نەوت کە ٤.٦٣٥ ملیار دۆلار بووە، جگەل لە خەرجی گواستنەوە وەک لە خشتەکەدا دیارە.
بۆیە لەگەڵ ئەوەی داهاتی فرۆشی نەوت زیاد دەکات بەڵام گەر لە پرۆژە بوجەدا پارەی تەرخانکراو بۆ خەرجی و گواستنەوەی نەوت زیاد نەکریت کە ئەگەرێکی لاوازە زیادبکرێت ئەوا هەرێم لە و داهاتی نەوتەی بۆی دێت دەبێت پڕی بکاتەوە. هەروەها چۆنیەتی مامەڵە پێوەکردن و ئیدارەدان و خەرج کردنی داهاتی هەرێم هەر حکومەتی هەریم دەیکات ، وە بەو شیوازی بەڕێوە بردنە خراپەی لە ساڵانی پێشودا کراوە چاوەڕی ناکرێت ئەنجامێکی جیاواز بدات بەدەستەوە.
لە قۆناغی دواتردا چاوەڕی دەکرێت وەزارەتی نەوت پێداچوونەوە بە خەرجی کۆمپانیاکانی وەبەرهێنی نەوتدا بکات گەر ئەمە بکرێت کاتی پێویستە بۆ دانوستان لەگەڵ کۆمپانیاکاندا بەپێی گرێبەستی هاوبەشیکردن لەبەرهەم کە حکومەتی هەرێم هەیەتی لە گەڵیان، بۆیە چاوەڕێ ناکرێت کەمکردنەوەی خەرجی ئەنجامی خێرای هەبێت لە لەسەر زیادکردنی داهات، چوونکە بەشێکی ئەوخەرجیانە لەماوەی رابووردوودا کراوە. ئەگەری هەموارکردنەوەی گریبەستەکان ئەگەرێکی بەهێزترە نەوەک هەڵوەشاندنەوەی و ئەوەش دیسان کاتی پێویستە.
سەبارەت بە گرێبەستی گواستنەوەی نەوت لە ناو هەرێم، گەر بەغدا رازی بێت بەوەی کە گواستنەوەی هەرێم لەرێی کەرتی تایبەتەوە بەردەوام بێت ( کۆمپانیای کار) ئەوا کرێی گواستنەوە بەوشێوە نابێت کەلەرابوردوودا بووە ئەویش پێداچوونەوەی پێدادەکرێت بەڵام ئەمەیان ئەنجامی خێراتر دەدات بەدەستەوە.
ج- دروستکردنی لیژنەیەکی چوارکەسی لە نێوان هەرێم و بەغدا (٢/٢)بۆ سەرپەرشتیکردنی فرۆشی نەوت.
دروستکردنی ئەم لیژنەیە تا دەرچوونی یاسای نەوت و گازی فیدراڵییە لە پەرلەمان ، بوونی نوێنەری سامانە سروشتییەکان بۆ سەرپەرشتی پرۆسەی فرۆشتن وەکو پرەنسیپ کارێکی ئەرێنییە، لێرەدا مەبەست لێی ئەوەیە کە هەریم ئاگاداربێت چۆن و بەچەند نەوتەکە دەفرۆشرێت لەلایەک و لەلایەکی تر دەکرێت ئامانج لێی کڕیارانی نەوتی هەرێم بێت کە هەرێم بەرپرسیارێتی هەیە بەرانبەریان و بەردەوام بوونی گرێبەست لە گەڵیاندا بە ومەرجانەی کە سۆمۆ دایدەنێت.
د- جێگری بەڕیوەبەری گشتی سۆمۆ دەدرێت بە کورد،
بۆ یەکەم جارە کورد لەدەستپێکردنی پرۆسەکانی نەوتی هەرێمەوە بەشداربێت و ئەندامی هەبێت لە کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ). سۆمۆ دامەزراوەیەکی سەر بەوەزارەتی نەوتی عێراقە و تاکە لایەنە کە بەرپرسیارە لە بەبازاڕکردنی نەوتی وڵات و دامەزراوەیەکی گرنگە بەڵام لەهەمانکاتدا لە ئاستی بەڕێوەبەرایەتییەکی گشتییە لەناو وەزارەت و سەرۆکەکەی بەڕێوەبەری گشتییە ،ئەو پۆستەشی کە کورد وەری گرتووە جێگری بەڕێوەبەری گشتییە کە حەقی کورد بووە دەبوایە چەند ساڵە پڕی بکردایەتەوە ، بەڵام ئەو پۆستەش وەکو زۆرێک لە پۆستەکان لە بەر کێبرکێی لایەنەکوردییەکان( یەکیتی و پارتی) لەلایەک لە بەغدا بە بۆشی مابووەوە وە لەلایەکی تر هەرێم بەوەی کە مامەڵەی لەگەڵ سۆمۆ نەدەکرد لە ڕابوردودا نەیویستووە ئەو پۆستە پڕبکاتەوە، تاوەکو خۆی لە سین و جیم بپارێزێت.
کەواتە لەو شیکردنەوەی سەرەوە بۆمان دەردەکەوێت بەتایبەت لە روونکردنەوەی خاڵی (ا-ب) چاوەڕێ ناکرێت تەنها بە فرۆشتنی نرخی نەوتی هەرێم بەبێ هیچ گۆڕانکارییەکی ریشەیی لە شێوازی بەڕێوەبردن لەهەموو سەکتەوەکان ئەنجامێکی جیاوەز وەربگرین لەوەی پێشوو، بینیمان لەساڵی ٢٠٢٢ دا نرخی نەوتی هەرێم لەسەرو ١٠٠ دۆلارەوە فرۆشراوە و کێشەکانی داراییش هەروەکوو خۆی ماون.
ئەگەر قوفڵەکە نەکرێتەوە کێ زەرە دەکات؟
بوجەی عێراق لە سەر بنەمای ئاستی هەناردەی نەوتی رۆژانە ٣.٥ ملیۆن بەرمیل بە( ٤٠٠ هەزار بەرمیلی هەرێمەوە) و نرخی بەرمیلێکیش بە ٧٠ دۆلار دیاری کراوە.
عێراق دووەم گەورە وەبەرهێنی نەوتی ناو ڕێکخراوی ئۆپێکە و لە مانگی کانوونی دووەمدا بەرهەمی ٤ ملیۆن و ٤٢٤ هەزار بەرمیل بووە لەرۆژێکدا توانای بەرهەمیشی لە ٤،٥ ملیۆن بەرمیل زیاترە . کارێکتەرێکی کاریگەریشە لە ناو رێکخراوی ئۆپیک و بازاڕی وزەی جیهانیدا و بەرهەمی نەوتی عێراق نزیکەی ٤.٥٪ ی بەرهەمی جیهان پێک دەهێنێت.
لە ناوەراستی مانگی ئازاردا نرخی نەوتی خاوی برێنت کە عێراق بە تێکرا ٣ دۆلارێک کەمتر لەو نرخە نەوتی دەفرۆشێت لە دەوروبەری ٧٣ دۆلار بوو بەڵام لە ٢٥ ی ئازارەوە و لەدوای وەستانی هەناردەی هەرێم و کەرکوک نرخی نەوت دەستیکرد بەبەرز بوونەوە، وەستانی نەوتی هەرێم بەرپرسە لە بەرزبوونەوەی بەشێکی نرخی نەوت بەوپێیەی نزیکەی نیو لەسەدی دابینکردنی جیهانی پێک دەهێنا . پاشان بڕیاری ئۆپیک بەکەم کردنەوەی بەرهەم لە مانگی ئایاردا کە عێراقیش بە ٢١١ هەزار بەرمیلی رۆژانە بەشدارە، جارێکی تر نرخی نەوتی لەبازاڕدا بەرز کردەوە. لە ١ی نیسانەوە نرخی نەت لە سەروو ٨٥ دۆلارەو ئێستا ١٣ی نیسان ٨٧ دۆلارە ، گەر تێکڕا ٨٥ دۆلار ئەژمار بکەین بۆ نرخی نەوتی برێنت ئەوا لە کاتی گرتنەوەی قوفڵی بۆری عێراق- تورکیاوە ITP بۆ ئێستا زیاد لە ١٢ دۆلار نرخی بەرمیلێك نەوت بەرزبووەتەوە واتە ئێستا عێراق لەمانگی نیساندا نەوت بە دەوروبەری ٨٢ دۆلار دەفرۆشێت. لەهەمان کاتدا ١٢ دۆلار بەرزترە لەو نرخەی کە لە پرۆژەیاسای بوجەدا دانراوە.
نەوتی هەرێم لە شوباتدا بە ١١.٥ لە ژێر برێنتەوە فرۆشراوە ( ئەوە باشترین نرخە هەرێم فرۆشتبێتی لە ٨ مانگی رابوردوودا) و گەر نرخی برینت ٨٥ دۆلاریش بێت لە مانگی نیساندا ئەوا نەوتی هەرێم بە ٧٣.٥ دەفرۆشرا و داهاتی مانگی نیسان ٨٨٢ ملیۆن دۆلار دەکات، لەم بڕە نیوە زیاتریشی بۆ خەرجی کۆمپانیاکان دەڕوات. ئەو بڕە کەمەشی کە لە ڕێی کەرکوکەوە عێراق هەناردەی دەکرد ئێستا لەنێوخۆدا دەتوانرێت بنێرێت بۆ پاڵاوگەکان ویاخود لەرێی بەسرەوە هەناردەی بکات.
بەپێی ئەو داتایانەی لە بەردەستە عێراق لە بەسرەوە رۆژانە تێکڕا نزیکەی ٣.٢٥ ملیۆن بەرمیل هەناردە دەکات، ئێمە لەسەر بنەمای مانگی ئازار کە وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاندووە رۆژانە بەتێکرا ٣ ملیۆن و ١٩٠ هەزار بەرمیلی لە بەسرەوە هەناردەکردووە ئەژماردەکەین بۆ ئەوەی بزانین بە زیاد بوونی ١٢ دۆلار بۆ نرخی نەوت چەند داهاتی زیاد دەکات ئایا زیاترە لەوەی لە رێی بۆری ITP ەوە دەروات؟
لەسەر بنەمای مانگی پێشوو هەناردەی بەسرە لە مانگی نیساندا دەکاتە ٩٥ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار بەرمیل و نرخیش ١٢ دۆلار زیادی کردووە ئەوا لەمانگێکدا یەک ملیار و ١٤٨ ملیۆن دۆلار داهات زیادی کردووە واتە ٢٦٦ ملیۆن دۆلار زیاتر لەهەموو داهاتی ئەو ٤٠٠ هەزار بەرمیلەی هەرێم دەیفرۆشێت بەبێ لێدەرکردنی خەرجی .
کەواتە گەر عێراق پەلەی نەبێت هیج زەرەر ناکات بەڵکو دەتوانێت نەناردنی نەوتی هەرێم بخاتە بری ئەوکەمکردنەوەی لەسەرشانیەتی بەرانبەر ئۆپیک، چونکە ئیلتیزامەکە لەسەر ئاستی بەرهەمە نەک هەناردە،لە ئێستاشدا هەریم بەرهەمی تەواو کەمی کردووە و هەناردەش سفرە.
لەلایەکی ترەوە وەستانی بەرهەم لەبەرژەوەندی عێراقە و دەتوانرێت وەکو فشار بەکاربهێنرێت بەرانبەر کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمیش تاوەکو ناچاربن لە بەردەوامی وەستانی بەرهەم بچنە ژێر مەرجەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، چونکە ئەوانیش لەزەرەردان وە تا ئەم بارودۆخە بەردەوامبێت پشکەکانیان زیاتر دادەبەزێت. عێراق لە روکەشدا وادیارە کە داوای لە تورکیا کردووە قوفڵەکە بکاتەوە، بەڵام دوو هەفتەیە بریار بوو وەفدی عێراق بچێت بۆ ئەنقەرە بۆ وتوێژ و رێکەوتن لەسەر بارودۆخە نوێیەکە بەڵام هێشتا هیچ دیار نییە، بۆیە دەکرێت وەکو لەسەرەتای ئەم بارودۆخەوە وتمان عێراق لەوانەیە سیاسەتی کات کوشتن بەکاربهێنێت. هەرچەندە ئاماژەش هەیە کە تورکیاش دەیەوێت رێک بکەون لەسەر قەرەبووەکەی دادگا پێش ئەوەی قوفڵەکە بکاتەوە یان دوای بخات بۆ دوای هەڵبژاردناکانی ئەو وڵاتە کە ئەردۆگان نایەوێت لەوە زیاتر وەکو چەکێک لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا ئەم بابەتە دژی بەکار بهێنرێت.
بۆیە لەئێستادا لەگەڵ ئەوەی هەرێم ڕیککەوتووە لەگەڵ بەغدا بەڵام هێشتا هیچی نەچنیوەتەوە لەو ڕیکەوتنە. ئەم مانگە و مانگی ئایندەش پێ دەچێت هەرێم کێشەی مووچەی نەبێت چونکە داهاتی ٦ مانگی فرۆشی نەوتی رابردووی لایە و هێشتا پشکی کۆمپانیاکانیشی لێنەداوە، لەو پارەیە دەتوانێت لانی کەم ٣ مانگی پێ بەڕێ بکات، دواتریش بەو هیوایەی یاسای بوجە دەربچێت و بەغدا بوجە بنێرێت.
فۆکۆسی ئێمە لەسەر چۆنییەتی بەڕێوەبردنی داموودەزگاکانی هەرێمە نەک بەغدا .ناکرێت هەروا بەو شێوە خراپوو ماندووە بەردەوام بێت، تەنها گرفت لە نەوت نییە بەڵکو هەموو سەکتەرەکانی بەڕێوەبردنی هەرێم خراپە، کۆکردنەوەی داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنورییەکان بەنموونە.
لەلایەکی تر چەندین ساڵە هاوار دەکرێت نابێت تەنها پشت بەنەوت ببەسترێت و چارەسەری میللەتێک لەژێر رەحمەتی نرخی نەوتدا بێت بەو شێوەیەش کە نەوت قەیرانی زۆری بۆ خەڵکی هەرێم هێناوە، پێویستە ئەمڕۆ پێش سبەی هەنگاوی کردەیی و کاریگەر بنرێت بۆ جۆراوجۆرکردنی سەرچاوەی داهات. ناکرێت هەرچاومان لە بەغدابێت، سەرچاوەی مرۆیی و سروشتی زۆر و زەوەند هەیە، تەنها ئیرادە، پلان ولێبڕان و دڵسۆزی پێویستە.
پاشکۆکان:
خشتەی نرخی هەناردە لەڕێی بۆرییەوە بەراورد بە نرخی نەوتی برێنت و نرخی نەوتی کەرکوک ساڵی(٢٠٢١-٢٠٢٢)
سوود وەرگیراوە لە:
- ڕاپۆرتی دارایی کۆمپانیا نەوتییەکان بە تایبەت گۆڵف کیستۆن و HKN
- پێگەی ئەلەکترۆنی وەزارەتی نەوتی عێراق
- پێگەی ئەلەکترۆنی سۆمۆ
- راپۆرتەکانی دیلۆیت, وردبینیی بەرهەمهێنان، هەناردەکردن، بەکاربردن و داهاتی نەوتی حکومەتی هەرێمی کوردستان ساڵەکانی ٢٠٢١-٢٠٢٢
- U S. Energy Information Administratio www.eia.gov
- www.opec.com