روونبین
ڕاگەیاندراوێک لە وەزارەتی سامانە سروشتیەکانەوە:
كەرتی نەوت و گاز لەهەرێمی كوردستاندا هەنگاوی گەورەو گرنگی ناوە بەرەو بەدامەزراوەیی و راكێشانی گەورە كۆمپانیاكانی جیهان، بەمەش پێگەی هەرێمی كوردستان لەسەر نەخشەی وزەی جیهانی تا دێت بەهێزتر دەبێت، هاتنی گەورە كۆمپانیاكانی ( نەوت و گاز و خزمەتگوزاریی نەوتی) و فراوانبوونی وەبەرهێنان و بەردەوامی كاركردنیان لەهەرێمی كوردستان بەڵگەی روون و ئاشكرایە بۆ ئەو سیاسەت و ستراتیژییە سەركەوتووانەی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا لەبواری نەوت و گاز پەیڕەوی دەكات.
لەنێوخۆی هەرێمی كوردستانیشدا داهاتی نەوت رۆڵی گەورەی بۆ دابینكردنی موچە و بەردەوامی خزمەتگوزارییەكان هەیە ، بەرهەمی گازی سروشتی بۆ دابینكردنی سوتەمەنی وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا بەكار دەهێنرێت، لەكێڵگەو كۆمپانیاكانی نەوت و گازدا سەدان هەلی كار بۆ گەنجەكان دابین كراوە.
سەقامگیریی و ئارامی و پلان و سیاسەتەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبواری كەرتی نەوت و شەفافییەت لەم سێكتەرە گرنگەدا وایكردووە ناحەزانی گەلی كورد و كوردستانییەكان چاویان بەم دەستكەوتانە هەڵنەیەت و بەردەوام لەپلانی دوژمنكارییانەدا بن بەدەركردنی بڕیاری نادەستووری و سیاسییانە و هێرشی موشەكی، دوا هەوڵ و پیلانیشیان بڕیارە نایاسایی و دوور لە ماددە و بڕگە دەستوورییەكان بوو كە لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە لەغیابی نەبوونی (یاسای نەوت و گازی حكومەتی عێراقی فیدراڵ ) بوو بەوەی فشاری لەسەر كۆمپانیاكانی خزمەتگوزاریی بواری نەوت و گاز كردووە و داوای لێكردوون هەرێمی كوردستان جێبهێڵن، ئەم هەنگاوەی وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ دەستوور و یاسا و پرەنسیبەكانی فیدراڵیەت و عەقڵیەتی ئابووری و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و عێراقدا یەك ناگرێتەوە ، ئەم پێشێلكارییە نوێیەی وەزارەتی نەوتی عێراق نەك هەر كاریگەریی لەسەر پرۆسەی دۆزینەوەو بەرهەمهێنانی نەوت و گاز لەهەرێمی كوردستان نەكردووەو نابێت، بگرە كۆمپانیاكانی وا لێنەكردووە لەكارەكانی رابوەستن.
بەكارهێنانی زمانی هەڕەشە و دوژمنكارانە پێشێلكارییەكی ئاشكرایی رێساكانی پاراستنی وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی یە، ئەم هەڵسوكەوتە بەهیچ شێوەیەك لەبەرژەوەندی گشتی گەلانی عێراق و كوردستاندا نییە و ناووناوبانگی عێراق لەنێوەندە نێودەوڵەتییەكاندا لەكەدار دەكات و دەیخاتە ژێر پرسیارەوە.