ڕوونبین
کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق سۆمۆ لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ چوارشەممە وەڵامی هەواڵێکی دامودەزگاکانی ڕاگەیاندنی دایەوە کە دوێنێ ٢٠٢١/٢/٢ ڕایانگەیاندووە بەرهەمی مانگی کانوونی دووەمی عێراق بریتی بووە لە ٣ ملیۆن و ٨٧٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە. بەومانایەی عێراق بەرهەمی لەو ئاستەی بۆی دانراوە لەلایەن ڕێکخراوی ئۆپیکەوە زیاتر بووە.
سۆمۆ بە شەش خاڵ وەڵامی ئەم هەواڵی داوەتەوە:
١- سەقفی بەرهەمی نەوتی عێراق لە چارەکی یەکەمی ٢٠٢١ دا ( مانگەکانی کانوونی دووەم، شوبات، ئازار) بەپێی ڕێکەوتنی ئۆپییک پلەس بریتییە لە ٣ملیۆن و ٨٥٧ هەزار بەرمیل ڕۆژانە.
٢- تێکڕای هەناردەی حکومەتی ئیتحادی لە مانگی کانوونی دووەمدا بریتی بووە لە ٢ ملیۆن و ٨٦٨ هەزار بەرمیل و هەناردەی هەرێمی کوردستانیش لەو مانگەدا ڕۆژانە ٣٩٧ هەزار بەرمیل نەوت بووە. بەیەکەوە هەناردەی عێراق بریتی بووە لە ٣ ملیۆن و ٢٦٥ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە.
٣- بەکارهێنانی نەوت لەناوخۆدا لەلایەن حکومەتی ئیتحادییەوە بەپێی پلان ٥٢٠ هەزار بەرمیلە وە بەکارهێنانی ناوخۆی هەرێمیش بە پێی ڕاپۆرتی دیلۆیت بریتی بووە لە ٢٢ هەزار بەرمیل نەوت.(ئەم ڕێژەیە هەرێم کە دیلۆیت باسی کردووە بۆ ٩ مانگی یەکەمی ٢٠٢٠ ە نەک کانوونی دووەمی ٢٠٢١)! بەیەکەوە عێراق و هەرێم ٥٤٢ هەزار بەرمیلیان لەناوخۆدا بەکارهێناوە.
٤- لەسەر بنەمای خاڵی ٢ و ٣ ی سەرەوە بەرهەمی عێراق لەکانوونی دووەم دا ڕۆژانە بریتی بووە لە ٣ ملیار و ٨٠٧ هەزار بەرمیل.
٥- ڕێژەی پابەندی عێراق ١٠٦٪ بووە ( مەبەست لێی بە ڕێکەوتن و ئەوپشکەی بۆ دیاری کراوە لەلایەن ئۆپیکەوە واتە سقفی بەرهەم).
٦- عێراق نزیکەی ٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی قەرەبووی ئەو پابەندییەی لەسەر شانی بووە داوەتەوە کە بڕەکەی ٦٢٦ هەزار بەرمیل بوو ئەوەی بۆ مانگە کانی شوبات و ئازار ماوە قەرەبووی بکاتەوە بریتییە لە ٥٧٦ هەزار بەرمیل. ( ئەم قەرەبووی بۆ ئەو مانگانە دەگەڕێتەوە کە عێراق لە پشکی خۆی زیاتر نەوتی بەرهەم هێناوە.