پوختە
▪️ پێشبینییەکان دەریدەخەن کە گەشەی نەوتی شیل لە ئەمریکا پاش ٢٠ ساڵ کاڵ دەبێتەوە.
▪️ بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمەریکا لە ساڵی 2027دا دەگاتە لوتکە، دەگاتە 14 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
▪️ بەرهەمهێنان لە نێوان ساڵانی ٢٠٣٠ بۆ ٢٠٥٠ بە خێرایی دادەبەزێت.
▪️ لە بوژانەوەی نەوتەوە لەدوای پەتای کۆرۆناوە، لە ساڵی داهاتوودا خواست لەسەر نەوتی ئەمەریکا لە گەشەکردن دەوەستێت.
▪️ خواست لە ئاستی ساڵی ٢٠١٩ یان ژمارەی پێوانەیی ساڵی ٢٠٠٥ زیاتر نابێت.
ئاژانسی هەواڵی وزەی ئەمریکا ڕایگەیاند، بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریکا لە ساڵی 2027دا دەگاتە لوتکەی 14 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا و تا کۆتایی ئەو دەیە لەو ئاستەدا دەمێنێتەوە پێش ئەوەی دابەزینی خێرا دەستپێبکات.
ئاژانسەکە کە باڵی ئاماری وەزارەتی وزەی ئەمریکایە، لە ڕاپۆرتی پێشبینی ساڵانەی وزەی ئەمریکادا ئاماژەی پێکردووە، تا ساڵی ٢٠٥٠ بەرهەمهێنان بۆ نزیکەی ١١.٣ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا دادەبەزێت، لە کاتێکدا ئەمساڵ نزیکەی ١٣.٧ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بووە.
پێشبینییەکان دەریدەخەن کە گەشەی نەوتی شیل لە ئەمریکا کە نزیکەی دوو دەیە بەردەوامە، نزیکە لە کۆتایی، ئەمەش ئاڵانگاریبگە لەبەردەم دیدگای دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بۆ زیادکردنی دابینکردنی نەوتی ناوخۆیی.
وەزارەتی وزە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، سیاسەتەکانی جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا “رێگایەکی کارەساتبار”ی بۆ بەرهەمهێنانی وزە لە ئەمریکا داناوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، پێشبینییەکان لەسەر بنەمای ئەو سیاسەتانە بووە کە تا کۆتایی ساڵی ڕابردوو لە ئارادان.
بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریکا لە سەردەمی سەرۆکایەتی بایدن لە ساڵانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ ژمارەیەکی پێوانەیی نوێی تۆمارکرد و مۆڵەتی نوێی هەڵکەندنی نەوت بە خێراییەکی زیاتر دەدرا بەراورد بە خولی یەکەمی ترەمپ.
سەبارەت بە سیاسەتەکانی ترامپ، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە کە بنکەکەی لە پاریسە، ڕایگەیاندووە، ئەو باجە فراوانەی کە بەسەر هاوبەشە بازرگانییەکانی ئەمریکادای سەپاندووە، کۆمپانیاکانی هەڵکەندنی نەوتی بەردینی (شیل) بێهیوا دەکات، کە ڕووبەڕووی بەرزبوونەوەی تێچووی پۆڵا و ئامێرەکان دەبنەوە.
ئاژانسەکە پێشبینییەکانی بۆ گەشەی خواست لەسەر نەوتی جیهانی و بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریکا بۆ ساڵی ٢٠٢٥ دابەزاند، ئەوەش بەهۆی پەرەسەندنی گرژییە بازرگانییەکانەوە.
هەرچەندە پیشەسازی نەوتی ئەمەریکا پێشوازی لە هەنگاوە سەرەتاییەکانی ترەمپ کرد بۆ سووککردنی پێداویستییەکانی مۆڵەتدان و فراوانکردنی دەرفەتەکانی هەڵکەندن، بەڵام ناجێگیری نرخەکان بەهۆی نادڵنیایی بازاڕەوە، بەرهەمهێنەرانی ناچارکردووە وەبەرهێنانەکانیان کەمبکەنەوە، بەپێی وتەی کێنی ژو، شرۆڤەکاری توێژینەوەکانی گڵۆباڵ ئێکس.
ئیدارەی زانیاری وزە ئاماژەی بەوەشکرد، بەرهەمهێنانی نەوتی شێڵ لە ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢٧دا دەگاتە لوتکە و دەگاتە ١٠ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، لە کاتێکدا ئەمساڵ بۆ نزیکەی ٩.٦٩ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرزبووەتەوە، دواتر بۆ نزیکەی ٩.٣٣ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا تا ساڵی ٢٠٥٠ دادەبەزێت.
گەشەکردنی خواست کە لە دوای پەتای کرۆناوە دەستی پێکردووە کەم دەبێتەوە
پێشبینییەکان دەریدەخەن بوژانەوەی خواست لەسەر نەوتی ئەمریکا کە لە دوای پەتای کۆرۆناوە بەردەوەمە لە ساڵی داهاتوودا کۆتایی پێدێت. داتاکانی ئیدارەی زانیاری وزە دەریانخستووە کە کۆی گشتی دابینکردنی بەرهەمەکان – کە پێوەرێکە بۆ خواست- کەمێک بەرز دەبێتەوە لە ٢٠.٥١ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا لەمساڵدا بۆ ٢٠.٥٢ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە ساڵی داهاتوودا.
پێش پەتای کۆڤید-١٩ بە تایبەتی لە ساڵی ٢٠١٩، بە تێکڕا بەکارهێنانی نەوتی ئەمریکا ٢٠.٥٤ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بووە. ژمارەی پێوانەیی لە هەموو کاتەکاندا لە ساڵی ٢٠٠٥ بوو، ئەو کاتە گەیشتە ٢٠.٨٠ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
ئیدارەی زانیاری وزەی ئەمریکا هەفتەی ڕابردوو پێشبینییەکانی بۆ گەشەی خواست لەسەر نەوتی جیهانی بۆ ئەمساڵ و داهاتوو دابەزاند و ئاماژەی بە ئەگەری لاوازبوونی چالاکییە ئابوورییەکان کرد لە ئەنجامی پەرەسەندنی شەڕی بازرگانی نێوان ئەمریکا و چین.
هەروەها پێشبینییەکانی نرخی نەوتی بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزاند و پێشبینییەکانی بۆ گەشەی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریکا بۆ ساڵانی ٢٠٢٥ و ٢٠٢٦ دابەزاند بەهۆی نادڵنیایی لەسەر خواست.
ئێستا پێشبینی دەکات تێکڕای نرخی نەوتی خاوی برێنت کە پێوەرێکی نێودەوڵەتییە، لەمساڵدا بگاتە ٦٧ دۆلار و ٨٧ سەنت، لە چاو پێشبینییەکانی پێشوو کە ٧٤ دۆلار و ٢٢ سەنت بوو.
پێشبینی دەکرێت تێکڕای نرخی نەوتی خاوی ئەمریکای وێست تەکساس ئینتەرمیدێت لە ساڵی ٢٠٢٥دا بگاتە ٦٣ دۆلار و ٨٨ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، کە نزیکەی ٧ دۆلار کەمترە لە پێشبینییەکانی پێشوو.
ئەمڕۆ سێشەممە نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت کەمێک لە خوار ٦٥ دۆلارەوە مامەڵەی پێوەکرا، کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە نزیکەی ١٣% دابەزیوە. لە کاتێکدا نەوتی خاوی ڕۆژئاوای تەکساس بە نزیکەی ٦١.٢٥ دۆلار مامەڵەی پێوەکرا، کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە نزیکەی ١٤% دابەزیوە.
راپۆرتی شاریق خان بۆ ئاژانسی ھەواڵی رۆیتەرز